ململانێی سەخت و ئاکامەکانی

د. نیاز نه‌جمه‌دین
  2023-09-20     190

وا تێئەگەم ئەم مەسەلەی پێترۆدەوڵەتە، واتە دەوڵەتی نەوتیی یان دەوڵەتی رەیعیی، وانەی گرنگی بۆ ورد و درشتی ژیانمان تیادایە، تەنانەت ژیانی خۆشەویستیی و خێزانییش.

بە نزیکەیی هەمووان لەوە تێگەیشتوون کە دەوڵەتی رەیعیی دەوڵەتێکە لەسەر سامانێک یان دووانی سروشتیی دەژی، بە تێچوویەکی کەم (بۆ نمونە شەش دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت) پارەیەکی زۆر دەخاتە گیرفانییەوە (بۆ نمونە دەیفرۆشێتەوە بە نەوەد دۆلار). عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانە. بۆ هەر بەرمیلێک زیاتر لە حەفتا-هەشتا دۆلار قازانجە لە ئێستادا. جا بزانە لە رۆژێکدا چەند پارە دەخاتە گیرفانیی؟

ئەم بیرۆکەیە/تیۆرییە پێمان دەڵێت: لەم جۆرە دەوڵەتانەدا، رەیعەکە وادەکات مرۆڤ گەندەڵ ببێت، خیانەت بکات، تەممەڵ ببێت، کەمتوانا و کەم بەرهەمیش ببێت (واتە شمەک لە دەرەوە بێنە و بیخۆ)، تەنانەت باوەڕی بە دیموکراسیی و مافی مرۆڤیش کەم ببێتەوە، با بڵێین گەمژەش دەبێت. بۆیە نە پێویستتان بە فێربوونە نە بە بەرهەمهێنان. دەتوانین بڵێین: بەدوایدا، پێترۆخێزان، پێترۆکۆمپانیا، پێترۆدادگا، پێترۆ حزب، هتد، دروست دەبن. ئەمانە هەموویان بە نەوت ئیش دەکەن و هەمان ئەخلاقی دەسەڵاتیان دەبێت: تەممەڵیی، خیانەتکردن، دزیی، سەرشۆڕیی، هتد.

بەشی زۆری ئەم زانین و زانیارییە کۆنە و هێندە گوتراوەتەوە تامی تیا نەماوە. کاتی رەخنەگرتن یان دەوڵەمەندکردنێتی. پرسیارێک لەم بیرۆکەیەی بکەین ئەوەیە: باشە بۆ پێترۆدەوڵەت لە عێراق و پێترۆحکومەت لە هەرێمدا دروست دەبن، بۆ دەوڵەت/حکومەتی گەشەخواز دروست نەبوو؟ بۆ خێزان یان حزبی پڕکێشە دروستدەبێت؟ لێرەدایە وانەیەک فێردەبین و بۆی هەیە ئەم فێربوونە یارمەتیدەری خوڵقاندنی گۆڕانکاریی بێت.

لە راستییدا، پێترۆدەوڵەت ئاکامەکەیە نەوەک هۆکارەکە، دواتر دەبێت بە هۆکار بۆ شتی تر. لە توانای وتارێکی فەیسبوکدا نییە بچمە وردەکارییەکەیەوە، بەڵام کورتەکەی ئەوەیە کە لە ١٩٠٨ و ١٩٢٧ و ١٩٣٠کان لە ئێران و عێراق و سعودیە یەک لە دوای یەک نەوت دەدۆزرێتەوە، حەوت کۆمپانیای بیانیی زەبەلاح (کە بە حەوت خوشکەکە ناسراون) بۆی دروست دەکەن، بە تەکنۆلۆجیا و پشتیوانیی سوپا و دەزگاکانی هەواڵگرییەوە روودەکەنە ئەم ناوچەیە و شەلم کوێرم ناپارێزم، ئەوەی دێتە رێیان لەناوی دەبەن و پیاوانی خۆیان دادەنێن. جێی سەرنجە کە لەم پرۆسەیەدا ژینگە پیس دەبێت یان نا، گوێی پێ نادەن. بەڵام راستیش بڕۆین، بەپێچەوانەی ئێمەوە، زۆر باش لەلای خۆیان پارەکەیان لە پێشکەوتنی خۆیاندا بەکارهێنا.

ئەسڵی بۆچونەکەی من ئەمەیە: لەناو ململانێی سەختدا شتی ترسناک لە دایک دەبێت، لایەنەکانیش هەموو پێکەوە بەشدارن لە ململانێکە و ئاکامەکەی. پێترۆدەوڵەت ئاکامەکەیە، نەک هۆکارەکە. ئەگەر رێ لە ململانێ سەختەکە نەگرین، ناتوانین رێ لە ئاکامەکەی بگرین. لە ململانێی سەختدا، چۆن داهاتی نەوت بۆ هەمەڕەنگکردنی ئابووریی بەکاردەهێنرێت؟ زۆر زەحمەتە.

من مەبەستم ئەوە نییە خۆمان بێگوناحین، بەڵکو لەمەی سەرەوە مەبەستم ئەوەیە ئەگەر دەوڵەت، حکومەت، حزب، کۆمپانیا، خێزان، مزگەوت، هتد، لەناوخۆیدا و لەگەڵ دەرەوەی خۆی لە ململانێی سەختی دابینکردنی قازانجی زەبەلاح و درێژخایەن و فراوانکردنی دەسەڵاتدا بێت، هەڵدەوەشێتەوە و شتێکی خراپ لە هەناوییەوە دێتە دەرەوە کە وای لێ دەکات ئیدی سیفەتە ئەسڵییەکەی خۆی لە دەست بدات (ئیدی حزب نییە شتێکیترە، خێزان نییە، شتێکیترە، تاک نییە شتێکی ترە، هتد). لێرەوە کارمەند، ئەندام، هاوسەر، منداڵی سەرلێشێواو، ناکارامە، لاواز، تەممەڵ، گەندەڵ و خیانەتکار، هتد، دروست دەبن و هەرچییش دروست دەکەنەوە هاوشێوە دەبێت. زۆرینەی ئێمە بەرهەمی ئەم ململانێ سەختانەین، بۆیە بەردەوام ماندوو و بێدەسەڵات و پڕگرێ و کێشەین.

تەکنیکی دۆزینەوەی هەڵە و کەموکوڕیی یەکتر تەنها سودی کاتیی بە لایەنەکان دەگەیەنێت و بردنەوەی کاتیی دابیندەکات. بۆ نمونە حکومەتی هەرێمیش دەتوانێت بە عێراق بڵێت: ئەی سیاسەتە ئابوورییەکانی خۆت (لەوانە سیاسەتی پارە یان بازاڕی کار) زۆر جوانە؟ ئەی ئێمە زەرەرمان لێ نەکردووە؟ هاوسەرەکان و حزبەکانیش دەتوانن هەمان شت بە یەکتر بڵێن. سودی چییە؟ سودێکی کاتییە و بەس. زیانی تریشی هەیە. لە مێژوودا، ناسیۆنالیستەکان بەناوی پاراستنی نەتەوەوە لەم درزانەوە هاتنە ناومانەوە.

بە بڕوای من، بۆ ژیانی ئێمە، سەرکردەی بەهێز و راستەقینە کەسێکە (جا مێرد بێت یان ژن، سەرۆکی حزب بێت یان کۆمپانیا، سەرۆکی حکومەت بێت یان دەوڵەت) لە خۆی و بەرامبەرەکەی بپرسێت بۆ ئەم ململانێ سەختانە بکەم/بکەین؟ سەرکردەی راستەقینە ئەوەیە لە ئامادەیی خۆی بۆ ململانێی سەخت بدات و کەمی بکاتەوە، هەمئاهەنگیی بخاتە شوێنی دژایەتیی سەخت، رێژەیەک لە ئاشتەوایی و سەقامگیریی و بەختەوەریی دروست بکات بەشێوەیەک وا لە مرۆڤ بکات ئامادە نەبێت بیگۆڕێتەوە بە خیانەت، گەندەڵیی، و شتی تری لەم چەشنە. بۆ ئەمە هەموو قوربانییەک بەکەڵکە. دوای شکستی ئەمە، دەکرێت بیر لە جیابوونەوەیەکی رێژەیی ئارام بکرێتەوە. ئەگەرچی پرۆسەیەکی درێژخایەنیش بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×