ئیرهابی فیکری

پێشەوا چۆمانی
  2019-05-15     989

ئەم جوملەیە یەکێکە لەو دەستەواژانەی ماوەیە لەناو دونیای سیاسی ئێمە زۆر کات و لەزۆر بۆنەدا بەرگوێمان دەکەوێت، هەڵبەتە "ئیڕهابی فیکری" زیاتر لەو ساتانەدا دێتە بەرگوێمان کە لایەنێکی سیاسی تەواو خۆی یەکلایی کردۆتەوە بەوەی کە هێزێکی فیکریەو لایەنێکیتر یان چەند لایەنێک بە شێوەی دەستەجەمعی دەیانەوێت لەفیکری ئەو لایەنە بدەن.


خراپی دونیای سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەر لەو روانگەیەوە نییە کە هەموومان دەزانین گەندەڵی هەیە، بەڵکو دیوێکیتری خراپە کاری ئەم هێزە سیاسیانە ئەوەیە هەریەکەیان مۆدێلێکی سیاسی لەژێر ناوی فیکر بەرهەم هێناوە کە ئەوەی باوەڕی بە دەوڵەتی کوردی هەیە خراپترین جۆری مۆدێلی ناسیۆنالیستی قەومی بەشێوەیەکی فاشیتسیانە هێناوەتە ناو دونیای ئێمە، ئەوەی باوەڕی بە سۆشیال دیموکڕاتە بەخراپترین شێوە هەنگاوەسیاسیەکانی لەسایەی ئەم فیکرەدا پێشدەخات و لە مۆدێلی حزبە ئیسلامیەکانیش دەبینین کە سەلەفیەت ئاخیر مۆدێلی فیکری ئیسلامی سیاسیە ئێستا رۆژ بە رۆژ لە کوردستان گەشەدەکات.


دونیای سیاسی لە باشوری کوردستان لە ئێستادا تاکە حزبێک نییە لەژێر سایەی فیکرێکی دیاریکراودا سیاسەت بکات، ئەوەی دەیبینین شەڕی فیکری نێوان هێزەسیاسیەکان نییە، بەڵکو شەڕێکی ڕوت و ناشیرنە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات و بەدەست هێنانی پۆست.
لەکۆتاییدا مۆدێلی ئۆپۆزسیۆنیشمان بینی و ئەگەر سەرنجەکەمان بخەینە سەر بزوتنەوەی گۆڕان کە دیاترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی باشوری کوردستان بو لە هەنگاوەبەراییەکانیدا دەیوست مانیفێستی فیکرێکی نوێ بکات، بەڵام ئەویش لەکۆتایی رێگادا لەسەر دەست گەیشت بە دەسەڵات و پلەو پایە کۆتاییهات.


ئەم نوخبە سیاسیەی ئێستا لە کوردستان لەدەسەڵاتدان ئینسانی فیکری نین، واتا ناشتوانن خاوەنداریەتی لەحزبێکی فیکری بکەن، حزبی کوردی هێندەی بەرهەم هێنەری پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگاو دروستکردنی رق و کینەو تۆخکردنەوەی ناوچەگەریەتی بوە هێندەی هێزی پەلاماردەری دروستکردوە بۆ ترساندنی ئینسانەکان لەیەکتری، هێندە مۆڕاڵێکی ئینسانیانەی بەرهەم نەهێناوە ئینسانەکان تێیدا هەست خۆشویستنی یەکتری بکەنەوە، حزبی کودی چونکە خۆی داماڵیوە لە فیکر چۆن بتوانێت پەروەردە بەرەوپێش ببات، چۆن کەلتور و سیاسەتی فەرهەنگی دەبێت.


ئیڕهابی فیکری جوملەیەکی سەڕەتانیە لایەنێک بۆ جوڵاندنی هەستی جاماوەرەکەی هەروەختێک بیەوێ دەریدەبڕێت تاکو پیشانی بدات قوربانیە یان هەروەختێک ویستبێتی هێل بەژێر زۆنەکاندابکێشێت ئەوەی دەربڕیوە کە لەو زۆنە ئیڕهابی فیکری دەرهەق بە ئێمە هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×