داد بۆ کێ بەرین؟!

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2019-07-18     2433

کەس نییە هەر کە سەری قسە دەربارەی گرنگی یاساو دادگاکان دابمەزرێت، قسە بەناوبانگەی چەرچڵ-ی بیر نەکەوێتەوە، ئەو سەکردە قارەمانەی رۆڵی سەرەکی لەتێکشکاندنی نازییەکانی ئەڵمانیادا بینی.


دەگێڕنەوە: پاش کۆتایهاتنی جەنگی دوەمی جیهانی، چەرچڵ کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەبێت، دەربارەی کەرتەکانی پیشەسازی‌و دامودەزگاکانی وڵات پرسیار دەکات. لەوەڵامدا پێیدەڵێن: بەهۆی شەڕەوە گەندەڵی دایڕزاندون. چەرچڵ دەپرسێ: ئەی دادگاکان حالیان چۆنە؟ پێیدەڵێن: تەنها دادگاو دادوەران سەلامەتن‌و دزی‌و فزی‌و گەندەڵی نەیگرتونەتەوە. چەرچڵ زۆر دڵخۆش دەبێ‌و دەڵێ: مادام دەزگای دادوەریی‌و دادگان سەلامەتن، بەریتانیا زۆر بەئاسانی بنیاتدەنرێتەوە.


ئەم بەسەرهاتەی چەرچڵ باشترین گوزارشت لەدۆخی وێرانی وڵاتێک دەکات کاتێک دەزگای دادوەری بۆگەن بکات ئیتر هیچ هیوایەک بۆ بنیاتنانەوەو باشتربون‌ بەدیناکرێت.

 

ئەم چیرۆکە باشترین دەروازەشە بۆ ئاماژەدان بەو گەندەڵی‌و نادادپەروەرییەی ئەم وڵاتەی ئێمەی داخوراندوە، کە یەکێك لەهۆکارە گەورەکانی وەک رۆژانە بەشێک لەپارێزەرو دادوەرە دڵسۆزەکان باسی دەکەن، لەدەستدانی سەربەخۆیی‌ دادگاو پیشەیی نەبونی دەزگای دادوەرییە.


لای کەس شاراوە نییە کە بەدرێژایی سەدەی ڕابوردو گەلی کورد قوربانی دا لەپێناو ئازادی‌و یەکسانی‌و دادپەروەریی‌و بەدیهێنانی مافی هاوڵاتی بوندا، خەڵکی ئەم وڵاتە  پۆل پۆل نەوەکانیان ناردە گۆڕەپانی خەبات تا ئاستی قوربانیدان و گیان بەخشین لە پێناوی  ژیانێکی پر شکۆو پڕ سەروەریدا، بەڵام ئەوەی ئەبێتە مایەی واقوڕمان ئەوەیە حیزب خۆی ئەکات بەخاوەنی هەموو مێژوو هەموو سەروەریەکان، کارەسات ئەوەیە حیزب‌و سەرکردەکان خۆیان لەسەرو نیشتمان‌و گەل‌و یاسا‌و دادو دادوەرییەوە دەبینن.


لەهەموو ئەمانەش بوغرنجترو قێزەونتر ئەوەیە کە لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵیدا یاسا ئەتک ئەکرێت، دەستڕۆشتوەکان چییان بوێ‌و پێخۆش بێ بەیاساو بەشێک لەدادوەرو داواکارە گشتییەکانی دەکەن. لەکاتێکدا ئەم خەڵکە جگەرگۆشەکانی خۆیان کردە قوربانی تا لەسایەی ئازادی‌و دادپەروەری‌و سەروەری یاساو ژیانێکی شکۆمەندانەدا بژین، بەڵام ئەوەی بەچاوی خۆمان دەیبینین پێچەوانەکەی ڕاستە.


ئەوەی پاش ئەم رونکردنەوەیە مەبەستمە! ئەوەیە دادوەرێک بەبێ هۆکارێکی دروست‌و شیاو لەداواکارێک توڕە بێت‌و لە هۆڵی دادگا بیکاتە دەرەوە.


خوێنەری بەڕێز فەرمون  بە کورتی سەرنج بدەنە ئەم ڕوداوە ئاسایی و سادەیە:


لەساڵی ( ٢٠١٧) دا چەند گەنجێک خەریکی کارێکی هونەری ئەبن بۆ تۆمار کردنی کورتە فلمێک، لە سەر ئەو ناهەقیانەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پیادە ئەکرێت یاسا لێیان بێدەنگە، لە نیوە شەوێکی درەنگدا، لەگەڕانەوەیاندا بۆ پشو لەیەکێک لەدوڕیانەکانی ناوشارو هەر نزیک باڵەخانەی دادگای سلێمانی رائەوەستن‌و چاوەڕوانی ئەوە ئەبن کە گڵۆپی سەوز هەڵبێت ئەمانیش تێپەڕ ببن.


 لەو کاتەدا، ئۆتۆمێلێکی تر لەپشت ئەمانەوە دێت‌و ئەوەستێ‌و ئەیکاتە هۆڕن لێدان‌و ئەیەوێت ئەمان ڕێی بکەن و ئەوان دەرچن‌و گڵۆپی سور ببەزێنن! ئەمانیش ڕێگە بەخۆیان نادەن سەرپێچی ڕێنمایی هاتوچۆ بکەن نیشانەی سور تێپەڕێنن، بەڵام ئەوانەی پشتەوە لەئۆتۆمبێلەکەیان دا ئەبەزن و دەمانچەیان لێدەرئەهێنن‌و ئەبێتە هەرا.


دیارە لاوە هونەرمەندەکان هەست ناسکترن‌و ژیرانە مامەڵە ئەکەن. هەستیش بەوە ئەکەن ئەمان لەڕوی چەکدا بێدەسەڵاتن، ئەوەی چەکیشی پێبێ دیارە دەسەڵاتدارو پشت قایمە، پاش پیێدا هەڵشاخان‌و جنێودانێکی دورلەهیچ رێسایەک  دەمانچە بەقەدەکان شوێنەکە جیدێڵن‌و تێئەپەڕن.


ئەمانیش پەنا ئەبەنە بەر ئۆتۆمبێلێکی پۆلێس کە لەو کاتەدا ئەرکی نۆبەتی ئێشکگری ئەو شوێنەی پێسپێردراوە، دیارە ئەمەش دادیان نادا چونکە وەڵامی پۆلیسەکان لەدەمانچە دەرهێنانەکە سەرسوڕهێنەرترە، ئەوێش ئەوەیە ئەڵێن:  ئێوە ئەتانەوێ ئێمە دوای ئەو ئۆتۆمبێلە بکەوین بیگرین؟!


ئەمانێش بەناچاری ڕو ئەکەنە مەرکەزێکی پۆلیس داوایەک تۆمار ئەکەن‌و تەنها بەڵگەیەک کە بەدەستیانەوەیە ژمارەو جۆری ئۆتۆمبێلەکەو شێوەو ڕوخساری دەمانچە بەدەستەکە ئەبێت.
بەڵێ داواکەیان ئەبێتە کەیس‌و بەڕەوتی کیسەڵ ڕێگەی یاسایی خۆی ئەگرێت، داواکاران لەکاتی تۆمارکردنی داواکەدا تەنها دوانیان ئەبنە دواکار بەو بڕوایەی ئەمان تەنها دیاردەیەک ئەدەنە دەسەڵات بۆ ئەوەی لەم کارانە دوبارەو سێبارە نەبێتەوە، وەک خۆشێان ئەڵێن هیچ مە بەستێکیان نیەو هیچ قەرەبویەک داوا ناکەن.


ئەو شەوە ئەو ڕوداوە لەلای هونەرمەندەکان کۆتایی دێت‌و ڕۆژگارو قەدەر چی بۆ هەڵگرتون ئەوەیان پەنهانە.


یەکێک لەداواکارەکان وڵات جێ دێڵێ‌و ڕو لەهەندەران ئەکات بۆ خوێندنی هونەری سینەما، خۆی واتەنی کە ئاواتمە لەڕێی هونەرەکەمە بتوانم جوانی‌و ناشیرینیەکانی وڵاتەکەم لەیەک جیا بکەمەوە. ئێستا کە لەهاوینی (٢٠١٩)داین جارێکی تر داواکە ئەجوڵێت‌و پۆلێس داوا ی داوکاری دوهەم ئەکات کە لەهەندەران بەسەردان گەڕاوەتەوە، ئەویش لەکات‌و شوێنی دیاریکراودا ئامادە ئەبێت.


 پاش بەڕێکردنی ڕۆتین ئەگاتە بەردەم خانمە دادوەرێک، دادوەری بەڕێز ئەمەندە بەدەنگی نزم قسە ئەکات کە داواکار ناچار ئەبێت پێیبڵێ: ببورە گوێم لەدەنگت نیە یا بەڕێزت کەمێ دەنگ هەڵبڕە یاخود ڕێگەم بدە من کەمێك نزیک ببمەوە.


لەدوای ئەم قسەیە دادوەری بەڕێز توڕەبونەکەی خۆی بۆ ناشاردرێتەوە، ئەڵێت: تۆ واز لەم داوایە بهێنیت باشترە، دادگا ئیش‌و  کاری نیە ئەوە نەبێت بەدوای ئەوانەدا بگەڕێ کە تۆ شکاتت لێکردون؟!


داواکار وەڵام ئەداتەوە: جەنابی دادوەر ئەوە ئیشی من نیە، ئیشی پۆلیس‌و دادگایە من شکاتم کردوە بۆ ئەوەی دادم بپرسن‌و سەرپێچیکارو هەڕەشەکەر روبەڕوی لێپێچینەوەو سزای یاسایی بکرێتەوە.


ئەمجارە خانمی دادوەر دۆسیەکە فڕیئەدات بەڕوی داواکارداو پۆلیسەکانی بەردەم ژورەکەی بانگ ئەکا داواکار بکەنە دەرەوە!


بەڵێ دو پۆلیس ئەم کەسە ئەکەنە دەرەوە. ئەوەی دڵئەیەشێنی ئەوەیە داواکار گەنجێکی هونەرمەندە بەنیازی فێربون‌و زیاتر کەڵەکە کردنی ئەزمونی هونەری سینەما ڕوی لەهەندەران کردوە، خۆی واتەنی تا زانستێک پەیدا بکەم‌و خزمەتی وڵاتەکەمی پێبکەم، ئەپرسین لە یاساو لەدادگاو لەعورفی عەشایرو لەشەرحی ئاسمانی، ئایا دڵشکاندنی ئەم هونەرمەندە دڵ ناسکە قبوڵکراوە؟  ئایا ئەمەیە سەروەری یاسا ؟ ئەو داوکارە وڵات بەجێدەهێڵێ‌و دەڕوا.


بەڵام ئێمە داد بۆ کێ بەرین؟ 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×