مافی مردن بەردەستە

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2021-08-22     516
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەتایبەت کردنی زۆرێک لە کەرتەکانی دا ، پێویستبو هەڵسەنگاندنیش بەدوایدا بێت تا سودو زیانەکانی دیاری بکرێت بزانرێت سودەکانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان چیە نەک بۆ کۆمپانیاکان ، لەبەر ئەوەی ئاشکرایە کە سودی بۆ کۆمپانیاو کەرتی تایبەت لە سەدا هەزارە و زەرمەندی گەورەو یەکەم هاوڵاتی سادەیە ، ئێمە لێرەدا ئەمانەوێت لە کەرتی تەندروستی بدویین کە ڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر خەڵکی سادە هەیە ، هەر بۆیە دوای لێدوان چەند پرسیارێکی سادە ئەخەینە بەردەم دەسەڵاتو حکومەت ، دوابەدوای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا زۆر قەڵبەو کەلەبەری تر  لە کەرتی تەندروستی  کەوتنە بەر ڕوناکیو دەرکەوتن، لەوانە پەککەوتن یان پەکخستنی کەرتی تەندروستی گشتی ( نەخۆشخانە حکومیەکان ) ، وە برەودان بە نەخۆشخانەی تایبەت ، ئەگەر بەنمونە باسی نەخۆشخانەی شار بکەین لە سلێمانی ، ئەوکاتەی ئەو نەخۆشخانەیە لە ساڵی ٢٠١٣ کرایەوە ئەتوانرا کە بە یەکێک لە نەخۆشخانە مودیرنو پیشکەوتوەکانی دنیا دابنرێ ، بە پێوانەی ئەو ڕۆژگارە باشتیرینو پێشکەوتو ترین ئامێرو دەزگای پزیشکی بۆ هاوردە کرابو ، بەڵام ئەگەر ئێستا بەدواداچونی بۆ بکرێت ئەتوانین بڵێن وەک لە کار کەوتو وایە ، دەستنیشان کردنی هۆکارەکانی ڕەنگە ئاسان بێت . ١ ــ لەوانە نەبونی لێپرسینەوەو سزادانی کەم تەرخەمان . ٢ــ بواردان بە پزیشاکانو کارمەندانی کەرتی گشتی کەلە کەرتی تایبەتدا کار بکەن وەک دوو هەلی کار .٣ــ  ڕێگەدان بە ڕێکلام کردن بۆ دەرمانو نەخۆشخانەی تایبەتایبەتەکان ، هەر لە تابلۆی سەر کلینیکە تایبەتەکانەوە تا ڕێکلامی تەلەفزیۆنی وچاپکراو کە ئەم بابەتە لەزۆرێک لە ولاتانی جیهاندا ڕێگەپێدراو نیە ، ئەمانەوە گەڵێک کەموکورتی تر کە ڕەنگە ئێمە پەیمان پێنەبردبێ ، بەپێی ئەوزانیاریانەی بەردەستی ئێمەکەوتون ، مانەوەی شەوێک لەسەر تەختێکی نەخۆشخانەی تایبەت لە ( ٧٠٠٠٠٠) حەوسەد هەزاردینارەوە دەست پیئەکات ، ئەمە جگە لە پەرداخێ ئاو بە چەند بەرامبەرە مەرحەبای پزیشکێ ( ٥٠٠٠٠) پەنجا هەزاردینارە ، سەیرەکە لەوەدایە کە هەندێجار دوو پزیشک بەیەکەوە سەردانی نەخۆشێک ئەکەن هەردوکیشیان ئیمزا لەسەر تەبەلەکە ئەکەن واتە ( ١٠٠٠٠٠) سەد هەزار دینار  ، هەر لەم سسەردەمی ئەم  پەتایەدا نەخۆش هەیە فاتورەکەی دوای مردن سەرو هەشتا ملێۆن دینار بوە ، ئەمە بۆ کەسێک کە توانای دارایی باش بێت ڕەنگە ئاسایی بێت، بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین ، ) ئەو کارمەندەی بڕی (٢٤) موچەی وەرنەگرتوە و لە ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠ یەک موچەی بە ڕێکوپێکی وەرنەگرتوە یا ئەو خانە نشینەی کە موچەکەی لە (٥٠٠٠٠٠) پێنچ سەد هەزار دینار تێپەڕناکات ، یاخود ئەو پێشمەرگەیەی کە موچەکەی ناگاتە ملێۆنێک دینار ئەگەر خۆی یا یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی پێویستی بەچارەسەر بێت ڕولەکوێ بکات ؟ کوا مافی هاوڵاتی بون ؟ تاکە مافێک کە بۆی بەرجەستە کراوە ( مافی مردنە ) ! هەربۆیە کاتێک کەرتی تایبەت ڕێکلام ئەکات ، ئەم بڕگەیەشی بۆ زیاد بکەن ، ئەگەر پارەت نیە  ( مافی مردن بەردەستە )  لەبەر ئەوەی هاوڵاتی ئەم هەرێمەیت مافەکانت پارێزراون .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×