منەتی قەساب

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2022-04-09     629

    ڕۆژگارێک بوو عێراق بەگشتی‌و کوردستان بەتایبەتی بەشی پێداویستی خۆی خۆراکی دابین ئەکرد، بەواتایەکی تر ئەتوانین بڵێین وڵات لەڕوی ئاسایشی خۆراکەوە پارێزراو بو، بەنمونە خۆراکە سەرەکیەکانی وەک گەنم، جۆ، برنج، پاقلەمەنیەکان، گۆشتی سپی، گۆشتی سور، گەلێک خۆراکی ستراتیژی تر لەکۆنترۆڵی خۆیدا بو، چەندین کارگەی ڕۆن‌و شەکرو پێویستی تری ڕۆژانەی  تێدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر هاوردە نەبێت ئەوا ئەکەوینە بەر هەلومەرجێکی نەخوازراوەوە.

ئەوەتا شەڕی ئۆکراین‌و ڕوسیا بۆ دنیای سەلماند کە زۆر وڵاتی دنیا ئاسایشی خۆراکی لەدەست خۆیدا نیە، هەروەک سەرچاوە ئابوریە جیهانیەکان‌و چاودێرانی بواری ئابوری باسی لێوە ئەکەن، بەو دوو وڵاتە سێ یەکی گەنمی دنیاو لەسەدا چلی رۆن بەهەردوو جۆرەکەیەوە شل‌و هایدرۆجین کراو لەژێرچنگی ئەواندایە، ئەمە جگە لەنەوت‌و گاز، کە دوو سەرچاوەی سەروکی دابینکردنی وزەی گشت وڵاتانی ئەوروپاو هەندێک وڵاتانی تریشە.

جا ئەوەی  ئێمەو حکومەتەکەمان پەیمان پێنەبردوەو بیرمان لێنەکردۆتەوە ئەوەیە کە سیاسەتێکی ئابوری ڕون‌و ئاشکرامان نەبوە، بێ پلان خۆمان داوەتە دەست قەدەر، قەدەریشمان لەدەست دۆستماندا نیە، ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە بیر لەوە بکەینەوە کە لانیکەم خۆمان بتوانین ئەو مادە سەرەکیانەی کە لەلیستی ئاسایشی خۆراکی هەمو وڵات‌و گەلێکدایە خۆمان بەرهەمی بهێنین. ئەو هەڵانەی کە کردومانەو تا ئەمڕۆش بەردەوامین لەسەری وەلای بنێین پلانی تۆکمەو باش داڕێژین بۆ بەرهەمهێنانی ئەو مادانەی کە دواڕۆژمان ئەخاتەوە دەست خۆمان.

هەڵەکانمان دەستنیشان بکەین، وەک ئەوەی ئەو کۆچە بێ بەرنامەیە پێچەوانە بکەینەوە کە لەلادێوە ڕوەو شار کرا ئەمڕۆ بەچەند پرۆسەیەکی هاندەر لەلایەن حکومەت‌و دەسەڵاتەوە وابکەین کە برەو بەکشتوکاڵ بدرێت، بەیارمەتی‌و هاندانی جوتیاران لەهەموو کایەکانی بەروبومی دانەوێڵەو میوەو سەوزەو زۆر پێداویستی ڕۆژانەی تر، هەروەها سامانی ئاژەڵ بەهەموو جۆرەکانیەوە، ئەمەش بەقسەی بەر مایک‌و  ڕاگەیاندنی نابەرپرسەوە جێبەجێ نابێت، بەڵکو کەسی بڕیاردەری ئەوێت، نەخشەڕێگای ئەوێت کە پسپۆری تایبەتی لەهەموو بوارەکانداو پلانی بۆ دابنێن تا بتوانین بەئارامی خۆمان لەدەست هاوردە دەرباز بکەین، برەو بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین، چەندین کارگەی دروستکردن‌و خۆراک، گۆڕینی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دابمەزرێ، گەنجینەی تایبەت بەهەڵگرتن‌و پاراسنی خۆراک دروست بکرێت بەشێوەی مۆدێرن، هەروەها کۆمپانیای هاوبەش مۆڵەتی پێبدرێت بۆ بەگەڕخستنی هەمو زەویە کشتوکاڵیەکان تا سەرمایەداران‌و جوتیاران تیایدا هاوپشک بن.

پرۆسەی کشتوکاڵ لەشێوە کلاسیکیەی ڕزگار بکرێت بەزانستیانەو مۆدێرن بەئامێری پێشکەوتو کە ئەبێتە هۆکاری زیادکردن، وێڕای ئەوەی هەموو بەرهەمێک کە لەناوخۆدا بەرهەم بێت بەکوالێتی باش ئەبێت، لێی دڵنیا ئەبین ئەمە جگە لەوەی کە ئەبێتە دابینکردنی هەلی کاری زۆر ئەو کاتە ئاسایشی خۆراکمان لەدەست خۆماندا ئەبێت‌و چاوەڕوانی دەستی دەرەکی‌و بازاڕی بی ڕەحمی دەرو جیران نابین، کورد واتەنی "گۆشتی ڕانی خۆمان ئەخۆین منەتی قەساب هەڵناگرین".

زۆرترین بینراو
له‌سنوری "پاوه‌"ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ڕ رویداو پاسه‌وانێكی سنوری ئێران كوژرا
مه‌زڵوم عه‌بدی: ده‌بێت مافه‌ نەتەوەیی، كو‌لتوری و ئیدارییه‌كانی كورد له‌ سوریا به‌ ده‌ستور مسۆگه‌ر بكرێن
لە حەسەکەوە بەرەو دیمەشق: مەزڵوم عەبدی بە فەرمی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی دەستبەکار دەبێت
دادگای باڵای عێراق بە فەرمانی فایەق زێدان هێرشکردنە سەر ناوچە دیپلۆماسییەکان بە "تیرۆر" ناودەبات
ترەمپ: بە کامێرا چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەین
سوپای پاسداران بە موشەک هێرشی کردەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا ئوردن
سۆمۆ: داهاتی پێشبینیکراوی نه‌وت دەگاتە نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار و نه‌وتی هه‌رێم به‌ 87 دۆلار ده‌فرۆشرێت
هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌: بە بڕیاری دادگا شەرعییەت لە دانا ئەحمەد مەجید وەردەگرینەوە
عراقچی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ده‌داته‌وه‌: ده‌بوایه‌ چه‌ند چاوه‌ڕێمان بكردایه‌
هێشتا وەرزی زستان نەهاتوە، نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×