لەبری پلان تەگبیرێ

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2021-08-14     464
پلان نەخشەیەکە بۆ گەیشتن بەمەبەستێک لەداهاتودا، کەواتە پێویستە دەسەڵات پلانی هەبێت بۆ داهاتوی وڵات‌و نەخشەڕێگای ئامادەکراوی داڕشتبێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخان‌و سەرخانی ئابوری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی گشت بوارەکانی ژیان‌و ئیدارەی وڵات، هەروەها ئەرکی وەزارەتەکانە بەجیا پلانی خۆیان دابڕێژن، کەواتە گرنگە هەموو ئیدارەکان‌و ڕێکخراوەکان، زانکۆکان گشت دامەزراوەیەک پلانی خۆی هەبێت، لەسەروو هەموو ئەمانە وەزارەتێکیش هەیە بەناوی وەزارەتی پلاندانان، کە ئەرکی سەرشانیەتی لەڕوی ئابوری‌و ئیداریەوە پلانی ستراتیژی بۆ ژێرخانی سەرانسەری وڵات دابرێژێت، نەخشەڕێگای پلانی وڵات لای ئەو بێت، ئەوەی پێویستە هەموان بیزانین ئەوەیە کە دو جۆر پلان هەیە پلانی دورمەوداو بۆ داهات‌و کە ئەبێت نەخشەی پێنچ بۆ دەساڵی تیا دیاری کرابێت، پلانی خێراو کورتخایەن کە بۆ نزیک مەودایە بۆ ساڵێک یان دووانە، هەندێجار بەپێی پێشهاتەکان‌و خواستی کات‌و شوێن دائەڕێژرێ، بەهۆی شارەزاییم لەبواری پیشەسازیدا ئەمەوێ باس لەوە بکەم، کە پێویست بوو پلانێکی تۆکمە هەبێت بۆ ئەم بوارە، خۆ ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک بێت وەزارەتی پەیوەندیدار بەرنامەیەکی وای لانەبێت، ئەوا ئەرکی ئەو وەزارەتەیە کە ناوی وەزارەتی پلاندانانە نەخشەو پلانی خۆی هەبێت. هەرچەندە من نازانم هیچ کام لەو دوو وەزارەتە پلانیان هەیە یا نا خۆ ئەگەر هەیانە بۆ ژوورە بازرگانیەکانی لێ ئاگادار ناکەنەوە تا بەهەماهەنگی کاری لەسەر بکەن خۆ ئەگەر نیشیانە ئەوا بەندە تەگبیرێ ئەخاتە بەردەست لەبری پلان. بەحوکمی تەمەن‌و ئەزمونی خۆم لەیادمە لە ڕۆژگاری حکومەتی بەعسی دوابڕاودا ساڵانە پلان نوێ ئەکرایەوە، پلانی پینچ ساڵە دائەڕێژرا، لەسەر نەخشەی جوگرافیای عێراقەوەو پێداویستی بازاڕو بەکاربەر حسابی بۆ ئەکرا لێکدانەوەی پێویستی پێویستی بازاڕو بەرهەم، لەهەموو لایەنێکەوە، یەکێک لەو هەنگاوانەی بەڕێوەبەرێتی ڕێکخستن‌و یارمەتیدان پێی هەڵئەسا لێکدانەوەی کەڵکی ئابوری (جدوی الاقتصادی) بوو، کە ئایا ئەو کارگەیە یان ئەو پرۆژەیە سودبەخشەو قازانج ئەکات یان بێکەڵکە؟ کاتێک سەرمایەدارێک بیویستایە سەرمایەکەی بخاتە گەڕ لەبواری پیشەسازیدا، پڕۆژەیەکی پیشەسازی دامەزرێنێ، ئەوا سەردانی بەڕێوەبەرێتی ڕێکخستن‌و یارمەتیدانی ئەکرد ئەوانیش لیستی پلانی وەزارەتەکەیان ئەخستە بەردەستی کە بۆ پێنچ ساڵی داهاتو مۆڵەت بەچەند کارگە ئەدرێ‌و لە چ بوارێکدا، ئەوسا ئەو سەرمایەدارە بەپێی بۆچونی خۆی‌و گونجانی یەکێک لەو مۆڵەتانەی کە بۆ پارێزگاکەی ئەو بواری پێدراوە، لەگەڵ سەرمایەکەی‌و ناوچەکەی‌و بوارەکەی ئەودا گونجاوە، پرۆژەیەکی دەستنیشان ئەکردو دەستبەکار ئەبو، ئەوەی ئێستا لەکوردستاندا بونی نیە پلانێکی لەو جۆرەیە، وەک لەسەرەوە ڕونم کردەوە کە پلان نەبێت با تەگبیرەکە ئاشکرا بکەین.
لە دێرزەمانا لەوڵاتەکەی ئێمەدا پیشەسازی پێستە چاک کردن (دەباغی)  بونی هەبوە، ئەمڕۆ تەنها لەپارێزگای سلێمانی بەپێی داتای سەربڕین خانە‌و ڤێتێرنەری ڕۆژانە نزیکەی هەزار (١٠٠٠) سەر ئاژەڵ لەمەڕو بزن‌و نزیکەی نەوەد (٩٠) سەرگاو مانگا سەرئەبڕدرێ، کەواتە ئەگەر بەهەمان ڕێژە سەیری پاڕێزگاکان‌و ئیدارەکان بکەین خەمڵاندنێک بکەین ئەوا سەرتاسەری کوردستان ئەگەر پێنچ ئەوەندە نەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە چوار هێندەیە‌وە، هەفتانەش لەپێنچ ڕۆژدا سەربڕێن ئەنجام بدرێت، ئەوا ساڵانە زیاتر لەیەک ملیۆن سەر ئاژەلی وردە‌و زیاتر لەنەوەد هەزار سەر گاو مانگا سەرئەبڕدرێت، ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستا بیر لەوە نەکراوەتەوە کارگەیەکی مۆدێرن دابمەزرێ بۆ پێستە خۆشکردن. ئەوەی ئەبێت ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە تەنها پێستەکە نیە بەڵکو ڕێخۆڵەی ئەو ئاژەڵانەش ماتریالێکی پێویستە‌و لەبازاڕی جیهانیدا مامەڵەی تایبەتی پێوەئەکرێت. بەداخەوە ئەم بزنسە گەورەیە خۆمان سوودی لێنابینین  بەڵکو بەنرخێکی زۆر ناچیز ئەچێت بۆ وڵاتانی دەرو جیران، لەوێ ئەکرێت بەپێشەسازیی‌و بەخۆمان ئەفرۆشرێتەوە. کەواتە جێی خۆیەتی ئەگەر هەردو وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و وەزارەتی پلاندانان ئەگەر خۆیان پلانێکی وا لەبەرنامەیاندا نیە، بەدڵێکی فراونەوە سەیری ئەم تەگبیرەی بەندە بکەن، نەخشەڕێگایەک ئامادە بکەن بۆ دامەزراندنی کارگەیەک بۆ ئەو مەبەستە بەشێوەی کەرتی تێکەڵ لەگەڵ حکومەت یان تایبەت، یاخود کۆمپانیایەکی هاوبەش، جۆرێک لەهاندانێشی بۆ بکرێت وەک کارئاسانی لەگەیاندنی وزەی کارەبا بەبێ بەرامبەر بۆ پڕۆژەکە یاخود بەخشینی پڕۆژەکە لەباج بۆ ماوەی دەساڵ‌و هەندێ ڕسوماتی تر‌و پێدانی زەوی بۆ پڕۆژەکە. هەروەها هەلی کاریشە بۆ سەدان دەستی کار، لێکەوتەکانی قازانجێکی گەورەیە بۆ سەرمایەداران‌و بۆ حکومەت، هەروەها بەرهەمەکەشی لە دەیان پیشەسازی تردا ئەبێتە کەرەسەی خاو، لەکۆتاییدا ئەوە ماوە بڵێین ژوری بازرگانی ئەو دەردەدارەیە کە بەقەد سەد حەکیم ئەزانێ. بۆیە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەگشتی‌و بەندەش وەک شارەزایەکی بواری پیشەسازی ئامادەین  هاوکاری حکومەت بێن بۆ ڕێکخستنی ئەم تەگبیرە لەگەڵ هیوای ئەوەی تەگبیرەکە جێبگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×