نامەیەکی ئاوەڵا بۆ بەڕێز وەزیری تەندروستی

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2020-10-28     875

دوای سڵاو
لە زیاتر لە دەساڵ پێش ئێستاوە بەندە لە ڕێی ڕۆژنامەی ئاوێنەوە  چەند جارێک لە دەرگای وەزارەتەکەتان ئەدا ، بەڵام مەخابن نازانم کەس لە ماڵ نەبوە یا  ئەو ڕۆژانە میوانیان قبوڵ نەئەکرد ، وا ئەمجارەش دێینەوە بەو هیوایەی ئەم جارەیان بێ هێوا نەبین .
بەڕێز جەنابی وەزیر لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە پەتاو بەڵای کۆرۆنا بەرۆکی سەرجەم دنیاو مرۆڤایەتی گرتوە ، کوردیش بەدەر نیەو ئێمەش دانیشتوی ئەم هەسارەیەن ، هەر بە گەیشتنی شەپۆلی پەتاکە بۆ دەڤەرەکەمان ، بەڕێزتان لە شاشەی (تی ڤی)ەکانەوە  ئەبینران کە چالاکانە بە ئەرکەکانتان هەڵئەسان ، هەروەها لە ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانتان ئاگادار بوین جێگەی سوپاسە ، ئەوەی جێ سەرسوڕمانە  وەزارەتەکەی بەڕێزتان لە ڕێنماییەکانتاندا فەرمانتاندا کە زۆر شوینو جێگەی گشیتی دابخەن ، لە وانە هۆڵی گشتیو پرسەو مزگەت و یانەو گەلێ شوێنی تر ، کاتێکیش فەرمانی کردنەوەیتاندا مەرجو ڕێنماییتان سەپاند وەک بەکارهێنانی دەمامک ، دەستکێش ، دەست شتن ، بەکارهێنانی پاکژکەرەوەکان ( معقم) گەلێک ڕێنماییتر ، کە شایەنی دەستخۆشیە .
بەڵام دیاردەیەک ئەبینرێت کە  زۆر ترسناکە  ، ئەویش نازانرێت ، بە مەبەستە یا هۆکارێکی تری هەیە کەوا چاوپۆشیان لێئەکرێت ، یا خاترانەیە ، ئەوا بە مەجبوری ئەیخەینە بەر دیدی بەڕێزتان ، بزوێنەرەکەشی ترسی کۆرۆنا ڤایرۆسە ، کە دڵنیام ئەگەر کۆرۆناش نەبێت پێوستیەکی هەنوکەییە کە پێدا چونەوە چاودێریەکی چڕ بکرێت ، ئەویش نەخۆشخانە تایبەتەکان و کلینیکی تایبەتی ئێورانی پزیشکانە ، من وەک هاوڵاتیەک چەندین گلەیی و گازندە ئەبیەم ، ڕۆژانە باس لەو دیاردانە ئەکرێت کە کەرتی تەندروستی دا ئڕزێنێ هەر لە بازرگانی کردن بە دەرمانو بە خودی نەخۆشەوە تا ئەگاتە ئەوەی شەراکەتی نێوان پزیشک و دەرمانخانەو تاقیگەو تیشکو سۆنەر ، کە نەخۆش ئەبێتە نێچیرێکی قەڵەو کە ڕاوچیەکان چاوی تێئەبڕن ،  بۆیە بە پێویستم زانی بەڕێزتانی لێ ئاگادار بکەینەوە بەڵکو هیمەتێک بفەرمون بە هاوکاری لیژنەکانی قیمقامیەت بۆ سەپاندنی مەرجو ڕێنماییە تەندروستیەکان بەسەر نەخۆشخانەو کلینیکە تایبەتەکاندا کە بە هیچ جۆرێک گرنگی پێنادەن ، بۆیە لێرەدا نمونەیەک ئەخەمە بەر دیدی بەڕێزتان کە ڕۆژی ٢٥ /١٠/٢٠٢٠ دا سەردانی کلینیکێکی تایبەتی چاوم کرد بۆ هەندێک پشکنینی چاو بۆ باوکم ، تێبینی ئەم خاڵانەم کرد کە لێرەدا تۆماریان ئەکەم .
١ــ گوێنەدان بە تایبەتمەندی نەخۆش ، کە وا بەکۆمەڵ نەخۆشەکان ئەکرێنە ژووری یاریدەدەری پزیشک بۆ پشکنین کە لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا ، لە ڕوی خۆپارێزی و پزیشکیەوە کفرە !
٢ــ پاکژ نەکردنەوەی ئامێرەکانی پشکنین ، بەڕێز جەنابی وەزیر لێرەدا نامەوێت ناوی پزیشکەکە ئاشکرا بکەم بەڵام ناوو ناونیشانی لەلای ئاوێنەوە لەلای خۆم وەک نوسەری ئەم بابەتە پارێزراوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە، ئەوە ئەخەمە بەردیدی بەڕێزتان کە خودی خۆم پێم ڕاگەیاندن، ئامێرێک نەخۆش جەناگەی بخاتە سەرو ناوچەوانی پێوە بنێ پێویست ئەکات بۆ هەمو نەخۆشێ پاکژ بکرێتەوە و ڕوپۆش بکرێت بە جۆرێک نایلۆن کە تەنها جارێک بەکاردێت ، ئەوەی ئەمەوێ بیڵێم ئەوەیە لەگەڵ یاریدەدەری پزیشک کەوتمە قسەو پێم وت ،
من -  کاکە ئەوە نابێت و هەڵەیە ئەبێت ئامێرەکەت پاکژ بکەیتەوە .
ئەو – زۆر موهیم نیە  . 
من – کاکە چۆن موهیم نیە کۆرۆنا لە ناودایە ڕۆژانە خەتەر تر ئەبێت .
ئەو – وەڵا ئێمە بیرمان ئەچێت ، بۆ تۆ بیرمان ناخەیتەوە .
من -  کاکە چۆن ئەبێ بیرت بچێت ، ئەوە پەیوەستە بەژیانی ئینسانەوە .
ئەو – پانزە هەزار دینارم بدەرێ هەقی ئەو فەحسە .
من – ئەی بۆ بیرت ناچێت کە داوای پارەکە ئەکەیت ، یاخود ڕازی ئەبیت چواردە هەزارم لێوەربگیت ، باشە بە دکتۆر ئەڵێم .
ئەو – باشە پێی بڵی کەیفی خۆتە .
پاش ئەم گفتوگویە چوینەوە لای دکتۆر ، زۆر بەڕێزەوە پێموت دکتۆر من مەبەستم شکات نیە بەڵام لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا ، پێویست ئەکات ئاگاتان لە تەندروستی نەخۆشەکانتان بێت ، بەڵام گلەییم هەیە لە ستافەکەت ، کە بەم جۆرە نا تەندروستە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش ئەکەن ، نازانم وەڵام نەدانەوەکەی بێمنەتی بو یا گرنگی نەدان بو بە پرسەکە ، کە ئەگەر لێکدانەوەی بۆ بکرێت ، ئەوە ئەگەیەنێت کە نەخۆش وەک کاڵا وایە لای بەێزیان .
جا بە پێویستم زانی لەڕیی ئەم نامەیەوە بەڕێزتان ئاگادار بکەم کە لە مافی نەخۆش بپرسنەوە ئەگەرنا کلینیکەکان ئەبنە سەنتەری بڵاوبونەوەی کۆڤید ١٩، جگەلەوەی گلەییەکان زۆرو کەموکوڕیەکانیش بێکۆتایی ، هەر لە نرخەوە کە لەگەڵ قەیران و گیرفانی خەڵکدا گونجاو نیە ، تا نەشیاوی خەستەخانەکان و کلینیکەکان کە ئەگەر لیژنەکانی قایمقامیەت سەردانیان بکەن زۆریان وەک کەبابخانە یا دەلاکخانە لافیتەی داخستنیان پیا هەڵئەواسێ ، جا ئیتر خۆتان و بەرپرسیارێتیتان و مافی نەخۆش.

تێبینی : ئەو بابەتانەی کە رۆبەڕوی وەزارەتەکان کراوە
 بشمکوژی مەمنونم   ژمارە  ٥٣٨ ئاوێنە
٤ /٢٠١٠ چەند پێشنیاری بۆ وەزیری ساخڵەمی ڕۆژنامەی ئاوێنە
  ٣٨٣  ئاوێنە  ٢٥/٦ ٢٠١٣ مەیدەن بە قەڵبەیەکدا




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×