ئەرێ ئێوە سلێمانی ئەناسنەوە؟!

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2021-12-12     1050

لە دەستپێکا ئەوانەی ناویان ئە‌هێنم زۆبەیان لە ژیاندا نەماون لەبەر ئەوە پێشەکی ئەڵێم پڕ قەبرەکانیان لە نور و ڕۆحیان ئاسودە بێت.

پاشان داوای لێبوردن لەوانە ئەکەم ئەگەر ناویانم بیر چوبێت،  بشمبەخشن  ئەگەر لە هەندێ لە م بیرەوەریە سادەیەدا هەڵەیەکم کردبێت، سلێمانیانی ئازیز لێم مەگرن بیرەوەری مناڵی و نە نوسراوە ڕەنگە هەڵەی تێ بکەوێت ئەمەی من ئەیگێڕمەوە تەمەنم شەش بۆ حەوت ساڵان ئەبو .

فەرمون ئێوە و ئەو دیمەنانەی کەوەک فلیمی سینەما  دێنەوە بەر چاوم کث نەک جەستەم بەڵکو سەراپا  ڕۆحم دائەچڵەکێنی ، وەرزی بەهار بومن ودلێری برام توشی کۆکەیەکی زۆر توند بوبوین، زۆرێک لە مناڵانی تری خێزانەکەمان ئامۆزا و پورزا و مناڵانی دەرو دراوسێ وخزمانیش توش ببوین،هەندێ جار بەر گوێم ئەکەوت نەنکم ئەیوت، نەنکت بمرێ کۆکە ڕەشەیەتی، زۆریان بردین بۆ لای دکتۆر،( دکتۆر جەمالی گەورە) و خەستەخانە، زۆریشیان دەرمانی کوردەواری کرد بە قوڕگماندا بێسود بو ، لەم نێوەندەدا هەستم کرد جوڵەو هاتوچۆیەکی نائاسایی لەماڵەکەدا هەیە ، دایکم و پورێکم کە خوشکی دایکم بو وە دو پورم کە خوشکی باوکم بون ، چوبون بۆلای ژنێکی مەسیحی کە ناوی ڤکتۆریا بو کە پێم وابێت ئەو ڕۆژگارە تەنها ئەو و یەک دو قژ بڕی تر لە شاردا هەبون ئەوانیش لە ماڵەوە قژیان ئەبڕی ، کاتێک هاتنەوە زۆر سەرنجیان ڕاکێشام دوانیان قژیان بە جۆرێکی سەیر لول کردبوو ئەوانی تریش قژیان کورت کردبوەوە و بەجۆرێکی جوان داهاتبو بیرم بێت پێیان  ئەوت تەسریحە ، بەلام نازانم پێش قژ بڕینەکەبو یان دوای ئەوەبو ، ژنێک هەبو ناوی باجی قەمەرناز بوو کە لەبری ساڵۆنی جوانکاری ئێستا، خۆی ئەهات بۆ ماڵەوە بۆ دەموچاوهەڵگرتن ، ئەویش  ئەوە بوو پێم وابێت ئەچو بە گژ مامۆستا گۆرانی شاعیردا و گەندەموەکانی دەموچاوی خانمانی شاری لا ئەبرد ، ئێستا کە تەمەنم وا ئەبێتە شەستو پێنچ ساڵێ بیر ئەکەمەوە و ئەڵێم تۆ بڵێی گۆرانی مەزن چارەی ئەو ژنەی ویستبێ ، کەوا ڕقەبەرایەتی ئەوی کردوە گەندە موی دەموچاوی کچە جوانەکانی شاری لابردوە ، با لە باسەکەی خۆمان لا نەدەین ئەمزانی نەنکم  پورە ناجیمی ئەنارد بۆ یەک دو ماڵە خزم کە هەر ماڵیان لە سابونکەران بو ، ئەوانیش  لە دوای چونەکەی ئەو بە چەن سەعاتێک فرستادەیەکیان ئەناردەوە ، بە ڕاستی من باش نەم ئەزانی چی ئەگوزەرێ تەنها ئەوەی هەستم پێ ئەکرد  کە شتێکی خۆش بەڕێوەیە ، هیچی خراپ لە ئارادا نیە  گوێبیستی ئەوەش ئەبوم کە ئەبێت چوار شەممە بێت نەنکم بە دایکم و بە پورەکانمی ئەوت چوار شەموان موبارەکە ، بەیانیەک سەیرم کرد دایکم و پورەکانم خەریکی یاپراخ پێچانەوەن ئەوکات لەبری موبەق سەرتەنورێکمان هەبو ، بەڵی یاپراخ خرایە سەر سێپا و ئاگر کرایەوە هەر پاش نیو سەعات بۆنی یاپراخ گەشتە کۆڵان ،هەر ئەو ڕۆژە و دوای نیوەڕۆ هەستم کرد دایکم و پورەکانم بە جۆرێک خۆیان گۆڕی و خۆیان ڕازاندەوە وەک ئەوەی یا خۆیان بوک بن یان بۆ شایی و بوک بردن بڕۆن ، ئەوکاتە ئێمە  هێشتا لەماڵەکەی سۆفی کەریمدا بوین کەوتبوینە نێوان شەقامی سابونکەران و گۆرانەوە کە ئەوشەقامە تازەکرابوەوە ، بە دیوی شەقامی گۆراندا هەر لە سەری کۆڵانەکە چایخانەیک هەبو عەرەبانچیەکانی لێ دا ئەنێشت ، هەر پێشیان ئەوت چایخانەی عەرەبانچیەکان ، دیار بو پێش وەخت بە هۆی مامە ئەحمەدمەوە عەرەبانچی دەنگ درابون و ئامادەکرابون ، عارەبانچیەکانیش ئەوانەی ناویانم لەیاد مابێت عەلی فایز ، عەبدولموتەلیب ، عومەرەسور کە ئەمەیان خزمایەتیشمان هەبو لە گەڵیدا ، کاتێکم زانی لەسەری سابونکەرانەوە ئەوی باش لە بیرم بێت لە بەردەم مەخفەرەکەی سابونکەراندا دوو ژنی خزمی نزیکمان هەبوو کە یەکێکیان شوکری خانی کچی قادرە ئەفەندی قەرەداغی بو هەم  ئامۆزای نەنکم بو هەمێش خاڵۆزای باوکی دایکم بوو هەربۆیە ئەمەشیان لەیادەوەریەکانم دور ناکەوێتەوە، بۆ خۆم زۆرم خۆش ئەویست دوهەمیشیان شەمسەخانی خێزانی کاکە عەبەی مەلا ڕەشید بوو کە دایکی کاکە حسەینی سەیدەلیە ، ئیتر ئەوەی بیرم بێت چەند مناڵێکیش لەگەڵیان ئەچونە عارەبانەکەوە ژنەکانیش وەک شازادە لە عارەبانەکاندا پاڵیان لێئەدایەوە دوانیش لە مناڵە کوڕەکان لە تەنیشت عەرەبانچیەکەوە دائەنیشتن لە وکاتەدا باوەڕناکەم هیچ خۆشیەک تامی ئەوەی دابێت، لەو باوەڕەدام قەمەرەیەکی ڕۆلزڕۆیس ئەوخۆشیەی نە ئەدا بە مناڵان و بەو چەشنە ئاسودەی نە ئەکردن ، بەڵی دوسێ عەرەبانەی تر گەشتنە بەردەم حەمامی ( شەعب )باش دێتەوە بەر چاوەم یەکێک لە عەرەبانەکان پورە پاکیزەم کە هەم خوشکی دایکم بو هەم خێزانی مامە ئەحمەدم بوو چوە عەرەبانەیەکەوە، لە گەڵ ئامینە خانی خێزانی وەستا ئەحمەدی بەنا کە یەکێک بو لە ژنە باشو دیارەکانی گەڕەک دایکی مامۆستا کامیلی ئەحمەدی هونەرمەند و دکتۆر نەورۆز ، ئەوانیش کۆمەڵێ مناڵ کرانە هاو سەفەریان ، عەرەبانەیەکی تریش پورە قومریم و دایکم سەرکەوتن دلێری برامو کۆمەڵی منالی تریان دواخرا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بو نەنکم لەبەر خۆیەوە ئەیوت خوایە لە چاوی بەد بەدور بن ، هەڵبەت نەنکم وەک سەرگەورەی هەموان هەلسو کەوتی ئەکرد ، لەم دوا دواییەی تەمەنیدا بیریم خستەوە ، لێم پرسی بۆ ئەت وت لە چاوی بەد بەدور بن، وتی کاکە هەردوکیان زۆر جوان بون ئەترسام ! یەکێکی تر لە عەرەبانەکان پورە ناجیمو نەنکم سواری بونو لەبەر ئەوەی من لەلای نەنکم خۆشەویست و نازدار بوم لەگەڵ ئەودا بوم و چومە تەنیشت عومەرە سورەوە  ژنێکیش  هەبو کە دایەنی باوکم بوبو ئیتر هەر لەو ماڵەدا مابوەوە تا دوایی تەمەنی، مناڵان هەمو پێمان ئەوت گوڵە ئەم ، ژنە وەک سونبوڵی خێرو بەرەکەتی ماڵی سۆفی کەریم حسابی بۆ ئەکراو هەموان خۆشیان ئەویست بە تایبەتی باوکم ، ئەویش لە گەڵ کۆمەڵێ مناڵو ژنێکی تردا چونە عەرەبانەیەکەوە ، بەڵی دوای ئەمە کاروانی عەرەبانە لە سەری کۆڵانەکەی ماڵی شەوکەتی دانساز و نوری شاوەیسدا وەستا، لەو ژنانەدا ئەوەی کە ئەمناسی و ئەمزانی خزمایەتیمان هەیە لە گەڵیاندا ڕەعنا خانی مەلا حەسەنو یەکێک لە  کچەکانی بوو چونە عەرەبانەیەکەو لەیادمە کچەزایەکیشی   هەبو ئەویشیان لەگەڵدابو ، کە لە مەکتەبی گۆیژەی کچان بەیەکەوە بوین لە گەڵ یەک دو مناڵی تردا ، هەر لەو کۆلانەدا چەند ژنێکی تر  دوو دوو لەگەڵ چەند منداڵێکدا ئەچونە عەرەبانەیەکەوە پێم وابێت حەمدی خانی ژنە گەورەی شەوکەتی دانسازو لەعلی خانیش کە هەر درواسی بون لە نێو ئەو ژنانەدا بون . کە لە دواییدا حەمدی خان بوە خەسوم .

جا سەیر بکەن سلێمانی خاوەنی چ کلتورێکی جوان بو، ئەو هەمو ژنە جوانو سەلارە هەموی خۆیان واتەنی لەسە رئاخر تەرز خۆیان گۆریبو پێم وابێت نەنکم و شوکری خانی لێدەرچێت هەموان ئارایشتێکی ناسکو ڕێکۆپێکیان کردبو بۆنی  خۆشی گرانبەهایان دابو لە خۆیان، جا بابیری ئەوانەی بخەمەوە کە هاو تەمەنی خۆمن ، ئازیزان ئەوەندە هۆگری  نەنکم بوبوم ، گوێم بۆشل کردبو ناوی گەلێک لەو قوماشانەشم لە یادە کە ژنان کردبویان بە جلو بەرگەکانیان هەر لە گورونی گوڵ هۆقەو گوڵ باتمانەوە تا قەنەوزو شیفۆنو  کشمیری هندی و ئاوریشمو چەفتەی سورمەو تێلقرمەو سەرو لار پێچ بە فێستی حەڵەبو سرکەیی سنەیی گوڵ ئاڵو کۆڵوانەی قەزازی کراو و  ،خشلی تایبەت بەجلی کوردی وەک لاگیرەو ژێرچەنەی ئاڵتون تێکەڵ بە کوژەکەی شین و کرمەکو حیلو مێخەکو گۆو بەرۆکو دوگمەو دۆڵابو لولەو زنجیر، ئەتوانم بڵێم حسابیان بۆ بازنگ هەر نە دەکرد ، هەمویان لەبەر ئەوەی ئەیانزانی ئەڕۆنە دەشتو دەر پێلاوی نیو پاژنە  یان پانیبەرزیان لەپێ کردبو، ئەوەی ئێستا ناخم ئەجوڵینی ئەو هەمو خانمە ڕەسەنەی شار نە کەسیان لەچکیان کردبو نە نیقاب و نە حیجابو نە جبەو مانتۆیان پۆشێبو کە بەڕاستی ئەوە هەرگیز کلتوری ڕەسەنی کوردو سلێمانی نیە نەبوە  بۆیە ئەبێت بڵێم بەداخەوە ، بێتەوە یادم کەسیان عەباشیان پێنەبو تەنها یەکێکیان نەبێت ، ئەویش نەیدابو بە سەریدا  گرتبوی بەدەستیەوە ، بەتەمەنەکان سەرپۆشی سپی جورجێتیان دابو بەسەریاندا گەنجەکانیش ڕەفتەی ڕەنگاوڕەنگی جوانیان کردبوە ملیان یان دابویان بەشانیاندا ، کەسیش نە باسی نەزەری حەرامی ئەکردو نە کەسیش ئەیدانە بەر تیغی حەرامو حەڵاڵ نە لە مینبەری هیچ مزگەوتێکیش دەنگی ناساز بەرز ئەبوەوە و بە کفر لە قەلەم بدرێ بەڵی کاروانی عارەبەنە کەوتە ڕی بە سابونکەراندا سەروەوخوار لەوێوە بە جادەی مەولەویدا ، عەرەبانچیەکان وەک ئەوەی بیانەوێت خۆیان دەربخەن و پۆز لێبدەن کەوا هەندێک لە خانمانی شار نەفەری ئەمانن جار جارەیەک بە جەڕەسەکەی بەر پێیان جەڕەسێکیان لێ ئەدا و ئەوانی تر بۆیان ئەسەندەوە ، بەڵام نازنم ئەو چەەند دەقیقەیەم نایەتەوە یاد چۆن گەشتینە گەڕەکی جولەکان و کاتێکم زانی ئەو عەرەبانەیەی کە پورە پاکیزەم و ئامەخانی تیادا بوو یەکێک لە تایەکانی دواوەی شکا ، ئیتر کاروان وەستا یەکێک لە عەرەبانچیەکان ئەسپی عەرەبانەکەی خۆی لێکردەوە سواری بو ،  کورد واتەنی یەکو دو بەرەو شار گەڕایەوە عارەبانەیەکی تری دوای خۆی خستبو ئەوانەی لە عەرەبانە شکاوەکەدا بون گوازرانەوە بۆ عەربانە تازەکەو کاروان کەوتەوە ڕێ ، ڕوە گردێک کە قەبرێکی بەسەرەوە بو  ئێستا ئەزانم کوێیە، ئەکەوێتە بەری خواروی جادەی شەست مەتری نزیک مەعمەلی خەیاتەکە  ئەملاو ئەولای بوە بە بەنزین خانە ، پێیان ئەوت کاک ئەحمەدی بۆنخۆش ، گوایە پیاو چاکە، کۆکە ڕەشەی لە خۆی گرتوە خەلکی کە مناڵەکانیان توشی ئەو جۆرە کۆکە قورسە ئەبن ئەیانبەن بۆ سەر ئەو شەخسە ، کۆکەکەیان ئەپەڕێنن ، یەکێک لەو دیمەنانەی لە یادم ناچێت قسنەکە بو ، دیوارێک بە بەردی وشکە کەڵەک هەر بە بەرزی تۆزێک سەرو ئەژنۆ بەدەوری قەبرەکەدا دروستکرابو لە لایەکەوە کەلیەک کرابوە ئەو دیوارە نزمە بەردێکی پان وەک کێلی قەبرێک خرابوە سەری بوبو بە کەلەبەرێک ، ئێمەی مناڵیان ئەخستە سەر چوار چنگۆڵەو سەریان ئەکردین بەو کونەدا لە پشتەوە پاڵێکیان پێوە ئەناین بۆ ئەودیو  ، سڵاواتێکیان ئەدا  لەبەر خۆیانەوە ژنان ئەیان وت ئیشەڵا ئەی پەڕێنێت ، بەڵی دوای  پرۆسەی ئاودیو کردنمان  لەو کەلەبەرەوە لە بن سێبەری درەختەکانی کاک ئەحمەدی بۆنخۆشدا ، یاپراخ لەسەر سینی مسی گەورە هەڵڕێژراو ، دوجۆر یاپراخی نایابی پڕ لە گۆشت کرابو هەم یاپراخی گەڵا مێو وهەم یاپراخی سڵق بە پیازو تەماتەو باینجانو کولەکە وە ڕازێنرابوەوە ، پێش هەموان بەشی عەرەبانچیەکان جیاکرایەوە بۆیان خرایە سەر سینیەک کە لە لای خواری گردەکەوە عەرەبانەکانیان ڕاگرتبو تورەکەی ئالیکیان کردبو بەسەری ئەسپەکانیاندا خۆیان لەبەر سێبەری عەرەبانەکانیاندا  دانیشتبون ، بیرم دیت جار جارەیەک نەنکم و شوکری خان بەوانی تریان ئەوت ڕۆڵە شتێک بدەن بەسەرتانا با هەتاوەکە دەمو چاوتان نەسوتێنی ، جا با سلێمانیانە بڵێم کاکی خۆم دوای یاپراخ خواردن خانمە گەنجەکانی وەک دایکمو پورەکانم هەڵپەڕکییان دامەزراندو کردیانە بەزمو خۆشی ئیتر دەمەو ئێوارە ڕوەو شار گەڕاینەوە ئیستا کە ئەم بیرەوەریە ئەنوسم ئەو شیعرەم بیر ئەکەوێتەوە کە ئەڵێت    ( زەردەی دەمەو ئێوارە  گەردانەی ملی یارە .......  زیقەو قاقای پێکەنین مۆسیقای بەرەو شارە ) ئیتر کاروان ڕوەو شار بەڕێ کەوتەوە ،  نازانم خۆزگە بۆ چی  بخوازم ؟  خۆزگە هەر منداڵ بومایەو ئەم ڕۆژە ناهەموارانەم نەدیایە یان هەر ئەوکاتە ئەم دنیایەم جێبهێشتایە ئەو پێنچ شەش وەرزە بەس بۆ تەمەنی منی مناڵ .

 کاتێکیش تۆزی تەمەنم هەڵکشاو کەتمە هەرزەکاریەوە ئەم جوانیانەم دێتەوە یاد، جا با لە ئێوەش بپرسم ئەرێ ئەم سلێمانیە ئەو سلیمانیەیە کە پر بوو لە هەمو جوانیەک ؟ یان دیلان واتەنی پڕبوو لە شەقڵی پیاوانە ، ئایا جادەی مەولەوی ئەو جادەیەیە کە هەمو خەیاتە بەناوبانگو دەست  ڕەنگینەکانی شاری کۆ کردبوەوە ؟ ئایا کەس دوکانەکەی مەدهۆشی مەزنی بیرە کە ببوە لانەی جوان پەرستان ؟ ئەی دوکانەکەی کەمالی و  ئەمینی ئیبراهیم ئەدهەم کە تەنها تابلۆی سەر دوکانەکەی جۆرێک بو لە هونەر، یان جێ دەستو پەنجەی مامۆستا عەلی عومەری خۆش نوس کە لە دامێنی هەمو تابلۆیەکدا بە ناوەکەی خۆی ئەینەخشان ئەی بۆ ناپرسن ئەجزاخانەکەی ڕەوف کە بەڕاست دەرمان سازی دڵسۆزی هەمو شار بو کوا ؟ دوکانەکەی حاجی مەلا شەریفی سەعاتچی یا دوکانەکەی ڕوبێنو کەسبەر سەرکیس بۆ نەمان ؟ حەمامی قشلەو پێڵاوی باتەو دجلە چیان لێهات ؟ شێخەی نوقڵ و میخایل ساکۆ؟  ئەی کتێبخانەکەی گەلاوێژ کە ببوە خانەی ڕۆشنفکران و پیاو چاکانی شار ، کاتێکیش بە سابونکەراندا سەرئەکەوتی لە مام مەتی و جەرجیسە فەنیەوە دەستت پێ ئەکردو، سەر ئەکەوتی سڵاوێکت لە ئەحەسوری دەلاک ئەکرد یان لات ئەدایە چایخانەکەی شارەوانی کە بۆ زۆر کەس تامی قاوەخانەی( لادیۆرێ ) ی شانزلیزێی پاریسی ئەدا، تۆزێک بەرەو ژوور ببویتایەوە ئەتتوانی لە مەیخانەکەی تۆبیا پێکک عارەقی ئەبو کەلەپچە بخۆیتەوە ئەوسا ڕوەو کارێزەکەی وەستا شەریف بکەویتە ڕێ لەوی تەوای بکەیت و تەمی کەلەت بڕەوێنیتەوە ، کاتێکێش لەوبەرت ئەڕوانی دوکانەکای قادرئاغای عەتار دڵی ڕۆشن ئەکردیتەوە چونکە زۆرێک لە پیاوە جوانەکانی شار لەوی کۆبوبونەوە شار وەک ئێستا نەکەوتبوە دەست نەزانو هەموی لەبەر خاتری چەند گیرفانێک نەکرابوە باڵەخانەی کۆنکرێتی ڕەزاقورس، جێی خۆیەتی ستۆدیۆکەی سەید ئەحمەدی دەنگ گەورەش لە یاد نەکەین ئەو پیاوە مافی بەسەرمانەوەیە لە زۆر ڕوی هونەریەوە ، یان کارگەی سۆدەوسیفۆنەکەی عومەر قەزازو فیشکە فیشکی ئامێرەکانی کە وزەیان ئەدا بە شەقامەکە، ئەی خالید زامدارو دیوارەکەی بەرامبەری کە هەر چەند ڕۆژێک جارێ بە یەکێک لە پەندکانی پیرەمێد ئەی نەخشان ، با بەرەو سەر تر بڕۆینو حەڵوای گەزۆکەی عەبالە لە یاد نەکەین بە بیری خەڵکی بهێنینەوە کە یەکەم نانەواخانەی تجاری چەند دوکانێک سەرو حەمامی موفتی بوو کە لە سلێمانی کرایەوە ئەوسا بۆنی نانی گەرمو کەبابەکەی حەمەی کەباب ، نازانم چۆنی یاد بکەمەوە ڕەنگە دڵی پربوم تا چوخمەکە زیاتر بڕ نەکات کە جێ ژوانی زۆرێک لە عاشقانی شارەکە بوو، یاخود بلبلەکانی سمایل بلبل و دوکانەکەی عوسە ڕەشی بەقاڵو بەفرو دۆکەی حەمەی مەڵا قادر، ئێستا ئەپرسم ( ئەڕێ ئێوە سلێمانی ئەناسنەوە)    ئازیزان ڕەنگە ئەمە لە یادەوەری بچێتە دەرەوە ببێتە برین کولاندنەوە، ئەڵێم با تا ئێرە بەس بێت لە گەڵ هێوای سەلامەتیتان.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×