حکومەتی عوسمانلیش وا ڕوخا
دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
2021-11-09   630
ئەوە تایتڵی کورتە چیرۆکێکی گەورە درامانوسی عێراقی "عادل کازم ١٩٣٩ ـــ ٢٠٢٠"ە، کە دیارە مەبەستی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە بەحکومەتی پاشایەتیشەوە. کورتەو بیرۆکەی چیرۆکەکە لەزمانی کوڕی پلەدارێکی سوپاوە ئەگێڕێتەوە، هەرچەندە کاری من وەرگێڕان نیە، بەڵام هیوادارم سەربوردەیەک لەبابەتەکە ئامانجەکە بپێکێ.
کوڕی پلەدارەکە وا ئەیگێڕێتەوە، ئەڵێت باوکم لەسەربازگەی باقوبە پلەداری سەربازی "نایب زابت" بوو، لە ناو شاریش دۆستو ناسیاوی زۆر بوو، ڕۆژێک دوای خانەنشین بوونی ئەم ڕوداوەی بۆ من گێڕایەوەو وتی: ڕۆژێک فەرماندە ناردی بەشوێنمدا وتی ئەمانەوێت ئەمبارێک دروست بکەین، منیش تۆم هەڵبژاردوە بۆ ئەو ئەرکە، ئەمبارەکە بەم جۆرەیە ژوورێک چوار مەتر بەسێ مەترو بەرزیەکەی دوو مەترو نیو، پێویست ناکات پەنجەرەی تیا بێت تەنها دەرگایەکی یەک تاکیو بەس، بەخشت دروستی بکەو گەچکاریو سواغی دەریشەوەی ناوێت، سەریشی بەچینکۆ بگرە، ئەوەش نەخشە.
پاشان وتی من متمانەم بەتۆیە ئەبێت لیستی تەواوی خەرجیەکان بگریتو پسوڵەی کڕینو قائمەی مەزبوتم ئەوێت. منیش وتم ئەمر ئەفەرمون، سەلامی سەربازیم کردو هاتمە دەر. دەستمکرد بەکڕینو ئامادەکردنی کەرەسەکان، پاش دوو ڕۆژ پێنچ شەش سەربازی شارەزام لەکاری بەناییدا هەڵبژاردو کارەکەم بەڕێکوپێکی جێبەجێ کرد. پاشان هەموو فاکتۆری کڕینو پسوڵەو ئەو پەراوانەی پێویستە پێشکەشم کرد بەفەرماندە، کۆی خەرجییەکەش (١٦) شانزە دیناری ئەو سەردەمە بوو، بەڵام کاتێک چوومە بەردەمی فەرماندە، وەک بۆمبێک بەسەرما تەقیەوەو توڕەبوونێک توڕە بوو کە پڕ بوو لە جنێوو سوکایەتی کردن. پێیوتم من سەرەتا تێمگەیاندیت پسوڵەو لیستی خەرجی مەزبوتم ئەوێت، ئەمانە چیە بۆت هێناوم.
لەژورەکەی کردمیە دەرەوە، منیش بێ گوێدانە دەوامو کات لەپەستیو دڵتەنگی خۆم هاتمە دەرەوە، روەو ماڵ ملی رێگام گرت، ئاشنایەکم هەبو بەو پەستیو دلتەنگیە بینیمی لێیپرسیم هۆکاری ئەم خەمباریەم چیە؟
منیش چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە، پێکەنیو وتی "ئەوە زۆر ئاسانە"!
سەرم سوڕما وتم کابرایەک دور لەخزمەتی سەربازی چۆن وا ئەڵێ، وتم: چۆن؟
وتی: لیستی خەرجیەکانی بکە بەدە هێندەو بەیانی بۆی ببەرەوە.
وتم: براگیان ئەو بەشانزە دینار وا قوشقی بوە، ئێستا بەسەدو شەست دینار شێت ئەبێت!
وتی: وابکەو وەرەوە بۆ لام.
منیش دەق ڕاسپاردەکەیم جێبەچی کرد. کاتێک لیستو پسوڵەی نوێم بردە بەردەمی، دوای ستایش کردنم وتی من یەکەمجار ئەمەم ئەویست.
گەڕامەوە بۆ لای هاوڕێکەمو وتم ئەو نهێنیەم تێناگەیەنی بۆ وایە؟
وتی: گوێ مەدەرێ "حکومەتی عوسمانیش وا ڕوخا"، هەر حکومەتێک گەندەڵی تیا باڵا دەست بوو چارەنوسی لەچارەنوسی دەوڵەتی عوسمانلی باشتر نابێت.
جا بەڕێزان گەندەڵی بوەتە پەتایەک سەرتاپا جەستەی وڵاتی گرتۆتەوە، بەڕێزان سەرکردەو بەرپرسانی وڵات ئێوە باسی گەندەڵی ئەکەن، دە فەرمون چارەسەری بکەن، وایلێهاتوە کەس کاغەزی کەس ناخوێنێتەوە، بیکەن بەخاتری ئەم خاکە با نەبین بەدەوڵەتی عوسمانلی، چونکە کە ڕما بەسەر هەمووانا ئەڕمێ، دەستمان دامێنتان.