تورکیاو ئەمریکاو پەیەدە

سەلام عەبدولقادر
  2019-08-09     1219
رێکەوتن یان رێکنەکەوتنی تورکیاو ئەمریکا لەسەر پشتێنەی ئەمنی لەباکوری سوریا پەیوەندی بەبازنەیەکی فراوان لەهەڵوێست‌و کارو کاردانەوەی ئەو دوو وڵاتەوە هەیە بەرانبەر یەکتر لەدەیان ساڵی رابردودا؛ پەیەدە فاکتەرێکی بچوکە.

تورکیا هەڕەشە دەکات‌و ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشێکی سەربازی بۆسەر پەیەدەو دامەزراندنی پشتێنەیەکی ئەمنی لەباکوری سوریا. ماوەی چەند هەفتەیەکە لەگەڵ ئەمریکا کەوتووەتە دانوستان‌و رایگەیاندووە  ئەگەر لەگەڵ ئەمریکاشدا نەگەنە رێکەوتن ئەوا تورکیا لەسەر پلانی خۆی بەردەوام دەبێت و هێرشەکە ئەنجامدەدات چونکە بوونی پەیەدە لەباکوری سوریا کە هاوسنووری تورکیایە مەترسی راستەوخۆو جدی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروستکردووە.

ئەمریکا لە باکوری سوریا تەنها لەنێوان 1000 بۆ 2000 سەربازی هەیە بەڵام ئەم ژمارەیە رەنگدانەوەی راستەوخۆی نفوزی ئەمریکا نیە لەناوچەکە. پێگەی ئەمریکا لەو ژمارە سەربازە زیاترەو ئاکتەرێکی سەرەکیە لە هاوکێشە سیاسیەکان و گۆرانکاریەکان. هەربۆیە تورکیا بەلایەوە گرنگە کە رەزامەندی ئەمریکا بەدەستبهێنێت بۆ پلانە سەربازیەکەی یان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجامی بدات. ئەمریکا تا ئەم ساتە رازی نەبووە، بەڵاهم هۆکاری نارەزاییەکەی بەتەنها پەیوەندی بە پەیوەندیەکانی وی لەگەڵ پەیەدە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە مێژوویەکی رێکنەکەوتن و ململانێ و لێکتێنەگەشتنەوە هەیە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانە کە لەساڵی 1974ەوە دەستی پێکردووە. 
لەو ساڵەدا تورکیا بەشێک لە دورگەی قوبروسی خستە ژێر رکێفی سەربازی خۆیەوە، بەهۆی ئەمەوە ئەمریکا سزای فرۆشتنی چەکی بەسەردا سەپاند. ئەم تەنگژەیە بەردەوام بوو تاهەرەس هێنانی یەکێتی سۆڤیەت کە بوو بەسەرەتایەک بۆ تورکیا کە بڕیاربدات چیتر ملکەچی سیاسەتەکانی رۆژئاوا نەبێت و وەکو ئاکتەرێکی سەربەخۆ رەفتاربکات. ئەم گۆRانکاریە بەباشی رەنگی دایەوە لە جەنگی دووەمی کەنداودا کاتێک کە پەرلەمانی تورکیا، کە پارتی دادو گەشەپێدان زۆرینەی کورسیەکانیان هەبوو، داواکاری ئەمریکای رەت کردووە بۆ بەکارهێنانی بنکەی سەربازی ئینجەرلیک  بۆ لێدانی عێراق. ئەم هەڵوێستەی تورکیا ئەمریکای زۆر نیگەران کرد چونکە ئەو بنکەیە ساڵانێکی زۆربوو لەلایەن ئەمریکاوە بەکاردەهات بۆ چالاکیە سەربازیەکانی. تورکیا. تورکیا پشتگیری رووخاندنی رژێمی سەدام حوسەینی نەکرد چونکە مەترسی بەهێزبوونی کوردەکانی هەبوو. دواتر لەدوای رووخانی رژێمی سەدام درزێکی تر کەوتە نێوان پەیوەندیەکانی ئەمریکاو تورکیا ئەوش پاش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا چەند سەربازێکی تورکیایان لەشاری سلێمانی دەستبەسەر کردو تورەکەیان لەسەرنان.  

داڕمانی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل و تورکیاش بووەتە بەشێک لە ئاڵۆزیەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا بەهۆی پەیوەندی زۆر بەهێزی نێوان ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. رووداوی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیە مرۆییەکەی تورکیا بۆ کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە یەکێک بوو لە حاڵەتە دیارەکانی تێکچوونی پەیوەندیەکان. هەروەها دوورکەوتنەوەی زیاتری تورکیا لە هەلی ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا، بەهۆی دەرکەوتنەوەی ناسنامە ئاینیەکەی و زیندووکردنەوەی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان، دەچێتە خانەی ئالۆزی و لێکنەگەشتنی زیاتر لەنێوان ئەمریکاو تورکیا.

رووداوەکانی بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی خۆپشاندانەکانی نێو تورکیا ئەو لێکدانەوەیەی لەلای ئۆردۆگان، سەرۆک وەزیرانی پێشوو و سەرۆکی ئێستای تورکیا، دروست کرد کە دەستەڵاتە سیاسیەکەی تورکیاش بەئامانج گیراوەو رۆژئاوا لەهەوڵی رووخاندنیدایە، هەروەها بێدەنگی ئەمریکا بەرانبەر کودەتاکەی میسر کە محمد مورسی لەدەسەلات لابراو عەبدولفەتاح سیسی هاتە سەرکار بوبە مایەی نیگەرانی تورکیا چونکە تورکیا پەیوەندی نزیکی لەگەڵ مورسی و حکومەتەکەی هەبوو.

رووداوی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی تورکیا لە ساڵی 2016 بەسەر حکومەتەکەی ئۆردۆگاندا، کە ژمارەیەک جەنەراڵ وسەربازی سوپای تورکیا ئەنجامیاندا، کەلێنێکی دیکەو گەورەی لەپەیوەندیەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا دروستکرد. تورکیا نیگەران بوو لە هەڵوێستی ئەمریکاو رۆژئاواییەکانیان بەگشتی کە پشتگیری حکومەتەکەی ئۆردۆگانیان نەکردو دواتریش بەخێرایی سەرکۆنەی کودەتاکەیان نەکرد. ئۆردۆگان ئەمەی وەکو ئەڵقەیەکی دیکەی پلانگێڕی رۆژئاواییەکانی لەدژی دەسەڵاتی خۆیی بینیەوە بەتایبەت دوای ئەوەی داوای رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گیولەنیان کرد کە لەئەمریکا دەژی و تورکیا بە تۆمەتباری سەرەکی کودەتاکەی دادەنێت، ئەمریکا تا ئێستا داواکەی رەتکردووەتەوە. هەروەها کاردانەوە ناوخۆکانی حکومەتی تورکیاش لەپاش کودەتاکە لە گرتن و سزادانی دەیان هەزار کەس بووبە بەشێک لە داڕمانی پەیوەندیەکانی ئەمریکاو تورکیا بەوەی کە ئەو کاردانەوانە تورکیای لەرەوتی دیموکراسی دوورخستووەتەوە.

خالێکی دیکەی ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بریتیە لە کڕینی سیستەمی دژە-موشەکی رووسی S-400 لەلایەن تورکیاوە. تورکتا وەکو ئەندامێکی ناتۆ پێشبینی ئەوەی لێدەکرا کەوەکو وڵاتەکانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ مامەڵەی سەربازی لەگەڵ کۆنە دوژمنی رۆژئاواییەکان کە رووسیایە نەکات و تەلنەلۆجیاو زانیاری چەکی لەگەڵ ئاڵوگۆڕ نەکات. بەڵام تورکیا کڕینی ئەم سیستەمە وەکو ئاڵۆگۆڕێکی بازرگانی سەیردەکات و وەکو کاردانەوەیەکیش بوو بەرانبەر ئەمریکا کە لەرابردوودا رەتیکردبووەوە سیستەمی پێشکەوتووی دژە-موشەکی پێبفرۆشێت. 

خاڵێکی دیکەی ناکۆکی نێوان تورکیا و ئەمریکا بریتیە لە هاوکاری و پشتگیری ئەمریکا بۆ پەیەدەو ئیدارەکەی لە ناوچەکانی باکوری سوریا. ئەمریکا پێویست بوو شەڕی داعش بکات و هاوپەیمانێکی دەویست لەناوچەکە چونکە نەیدەویست سەربازانی خۆی لەجەنگی راستەوخۆدا بەکاربهێنێت، بۆ ئەم مەبەستە پاڵپشتی لە پەیەدە کردو کردیە شەریکی خۆی، ئەمەش لەبەر ئەوی تورکیا سیاسەتێکی جیاوازی لەناوچەکە هەبوو و ئامادەش نەبوو سەربازەکانی خۆی بخاتە ژێرفەرمانی ئەمریکاو ئەمریکاش لەپەیەدە رێکخراوترو تۆکمەتری دەست نەدەکەوت.

تورکیا داوا لە ئەمریکا دەکات کە دەستبەرداری هاوکاری و پشتگیری پەیەدە ببێت و بەربەست لەبەردەم هێرشی سەربازی تورکیا بۆسەر ئەو هێزە دروست نەکات چونکە بەقسەی تورکیا ئەوانە مەترسین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە، لەبەرانبەریشدا ئەمریکا هەست بە جۆرێک لە پابەندی ئەخلاقی دەکات بەرانبەر پەیەدە کە لەرۆژانێکدا شەریکی بووە لەجەنگی داعش و ئێستاش نابێت دەستبەرداریان ببێت بۆ تورکیا.

بەڵام ئەوەی کە زیاتر دەستی ئەمریکای گرتووە لەوەی کە تا ئێستا وازی لە پشتگیری پەیەدە نەهێنناوە بریتیە لەو رووداوو کارو کاردانەوە زۆرانەی کە لەساڵی 1974ەوە کەلێنی لەنێو پەیوەندیەکانی تورکیاو ئەمریکا دروستکردووو متمانەی نێوانیانی لاواز کردووە بەیەکتری، نەک بەتەنها خودی پەیەدە. بەمانایەکی دیکە، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بتوانن بەسەر کێشەکانی دیکەیاندا زاڵ ببن ئەوا ڕێی تێدەچێت ئەمریکا دەستبەرداری پەیەدە ببێت.

لەسەردەمی ترەمدا ئەگەری رێکەوتنی ئەمریکاو تورکیا کارێکی ئەستەم نیە چوکە خودی ترەمپ و ئۆردۆگان پەیوەندی نزیکیان هەیەو لەهەندێک لە سیفاتە کەسێتیەکاندا لەیەک دەچن و لەرابردوودا چەند جارێک لەسەر مەسەلەی سوریا کۆک بوون. تەنانەت ساڵی 2018 لەئەنجامی پەیوەندیەکی تەلەفونی نێوانیان، ترەمپ ئامادە بوو سەرجەەم هێزەکانی بکشێنێتەوەو لەبریان سوپای تورکیا شوێنیان بگرێتەوە. هەروەها لەسەر مەسەلەی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر تورکیا لە ئەنجامی کڕینی سیستەمی دژە-موشەکی رووسی S-400، ترەمپ بڕیارەکانی کۆنگرێسی دواخستووەو سزاکانی راگرتووەو نەیهێشتووە بەسەر تورکیا جێبەجێ بکرێت.

بەکورتی، ئەمریکاو تورکیا هەرچەندە ئەندامی ناتۆن و خۆیان بە هاوپەیمانی یەکدی وەسف کردووەو کاری هاوبەشی زۆریان پێکەوە ئەنجامداوەو بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری زۆر بەیەکتریانەوە دەبەستێتەوە بەڵام هەمیشە بەدگومانی لەنێو پەیوەندیەکانیان هەبووەو رووداوگەلێک روویانداوە کە بوونەتە مایەی لاوازی و سیستی پەیوەندیەکانیان. ئێستاش رێکنەکەوتنی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا لەسەر لەناوبردنی پەیەدەو باڵە سەربازیەکەی، یەپەگە، و ئیدارەکەی زۆرتر پەیوەندی بە رابردووی تورکیاو ئەمریکاوە هەیە نەک بەتەنها پەیەدە، پەیەدە تەنها فاکتەرێکی بچووکە، لەهەمانکاتدا ئەگەری رێکەوتنی ئەو دەوو دەوڵەتە هەیە بەتایبەت لەکاتێکدا کە ترەمپ سەرۆکە. 
 
تێبینی/ بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە شیکاریەکی گۆڤای فۆرین پۆلەسی ئەمریکا وەرگرتووە کە لەسەر ئەم لینکە بەردەستە: https://foreignpolicy.com/2019/07/19/who-lost-turkey-middle-east-s-400-missile-deal-russia-syria-iraq-kurdish-united-states-nato-alliance-partners-allies-adversaries/
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×