کورد لەداڤۆس

فارس نەورۆڵی
  2020-01-21     861

زۆربەی جەنگە جیھانییەکان فتوحاتەکان ئەگەر ھەر ئامانجێکی سیاسی ھەبوبێ ، دواجار ئامانجی سەرەکی دەستکەوت و داھات و ئابوری بووە ،چونکە سیاسەت تەنھا زمانێکی سیاسیانە نییە، بە ڵکو پێچەوانەکەی جیناتە ئابورییەکانە، بە پلەی ئیمتیاز لە ناو جەرگەی پەیوەندییە داگیر کارییەکاندا بێگومان ئابورییە، ھەموو مۆتیڤی ھێزی داگیرکەر ئابوورییە ، کوردستان لەبەر ئەوەی سەر زەمین و ژێر زەمینی خەزێنەیەکی گەورەیە، بۆیە داگیرکەران ھەمیشە تەماعیان لەسەر بووە لە ھەر قۆناغێکدا بە ناوێکەوە کوردستانیان داگیر کردووە، لە بەرامبەر ئەمەدا کورد چۆکی دانەداوە ئەگەر چی نەیتوانیوە بگاتە ئامانج، بەڵام نەی ھێشتووە داگیر کەران بە ئاسودەیی سەروەت و سامانی وڵاتەکەی بخۆن، بۆیە ھەمیشە لە شۆڕشدا بووە.

تا ئاستی جینۆساید قوربانیداوە ئەگەر چی ئەم قوربانیدانە بۆ ئەوە بووە بمان ناسن، بەڵام نەیان ناسین، چونکە ئێمە لە ناوچەیەکی تاریک و کوێری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست داین، چاوی ئەوان پێناسەی نەکردین و میتۆدی جیھانی پێناسەی کوردیان نەکرد، چونکە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی جیھان لە سەروی ھەموو شتەکانی ترەوەن، بۆیە وا پێویستی دەکرد بە جۆرێکی تر سیاسەت بکەین لە دەرەوەی خیتابی قوربانیەوە، خیتابێکی دیکە بخەینەڕووکە کە جیھان پێویستی پێی بێت، ئەویش ئابووریە، بە تایبەتی سامانی ژێر زەوی، شوێن کەوتنی ئەم بابەتەش بوێری دەویست، بۆئەوەی ببینە خاوەن مەوقع بۆ ئەوەی پێگە بۆ نەتەوەکەمان دروست بکەین ،چۆن مەوقع بەھاو پێگە دەدا بە نەتەوە ، وەک گەمەی شەترەنج ، لە یاری شەترەنج یاسایی جوڵەکان حوکم دەکات ئەمەش پێویستی بە یاریزانی کارامەیە .

لێرەدا نێچرڤان بارزانی بیری لە دەرھێنانی نەوتی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە کوردستان بکرێت و جیھانیش وەک دوو بەرامبەری ئابووری و سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکات ،چونکە دەیزانی شێوەی بەرھەم ھێنان ھێزی سەرەکی بەرەو پێشەوە چوونی کۆمەڵگا پێکدەھێنێت ، بۆیە لە ھەنگاوی یەکەمدا توانی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی، کە وزە و ئاسایشی وزە کاریگەری تەواوی لەسەر بڕیاری سیاسی جیھان ھەیە، مەسەلەی وزە بووە بناغەیەک کە کوردستان بە جۆرێکی تر بخوێنرێتەوە لەلایەن زلھێزەکانەوە، ئەمە بوو بە بنەما بۆ کورد ،چەند جارێک بەشداری لە کۆڕ بەندی ئابووری جیھانی داڤۆس دا بکات.

بەشداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک ڕەمز و نوێنەرایەتی کوردستان لە داڤۆس لە کاتێکدایە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە کوڵاندایە، لە کاتێکدایە گەلی کوردستان توانی جەنگی تیرۆر بەرێتەوە و ئەفسانەی داعش بشکێنێت، لە کاتێکدایە ڕۆژئاوای کوردستان کورد بەڕێوەی دەبات ، لە کاتێکدا دۆخی عێراق لە دوای بەرکەوتەکانی ئەمریکا و ئێران چووە قۆناغێکی ترسناکەوە ، لەو کاتەدا جیھان لە داڤۆس کۆ دەبێتەوە بۆ قسە کردن و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کێشەو ئاستەنگانەی ڕوبەڕوی ئابوری جیھان دەبنەوە، ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەدەن.

کارنامەی کۆبونەوەی کۆڕبەندی ئابوری جیھانی جێبەجێ کردنی پلان و بەرنامەی نیولیرالیزمەکانی بانکی جیھانی ڕێکخراوی بازرگانی نێو دەوڵەتییە، کە خۆی لە بەتایبەت کردنی (خێێە) سێکتەرەکانی ئابوری و خولقاندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرھێنان لە ڕێگای چاکسازی سیاسیەوە، لەم کاتەدا بەشداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لە ھەمانکاتدا ئەنجامدانی  دیداری گرنگ و تایبەتی لەگەڵ سەرۆک و ناوەندە سیاسی و ئابوریەکانی جیھان، بە تایبەتی دیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا (سەرۆک ترامپ) بەشدارییەکی بونی کوردە وەک کارەکتەرێکی دبلۆماسی و سیاسی و ئابوری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

لە ھەمان کاتدا بەشداری سەرۆکی ھەرێم بەشداری کۆی ڕەنگ و دەنگ و ئاینە جیاوازەکانی کوردستانە، حزوری  سەرۆک نێچیرڤان بارزانی حزوری گەلی چەوساوەی کوردستانە، لێرەوە بە جیھان دەڵێ بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و خاوەن ھێزەکان دەڵێ ئێمە دەتوانین ڕۆڵی کارامان ھەبێت و فاکتەرێکی گرنگ بین بۆ ئارامی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی دیموکراسی و لێبوردەیی و پاراستنی ژینگەی ئابوری لەم ناوچەیەدا،کەواتە بەشداری سەرۆک لە داڤۆس بەشداری کۆی کۆمەڵگای کوردستان و ھێزە سیاسیەکانە ، دەبێ ھەست بەوە بکەین کە حزوری سەرۆک لە داڤۆس حزوری بەرژەوەندیەکانی کوردستانە، چونکە چی سەرۆکی ھەرێم و چی سەرۆکایەتی موڵکی گشتی کوردستانە، بۆیە بەشداری لە داڤۆس بەشداریکردنی کوردستانە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×