هێزى ووزە لەنێوان کوردو ئەواندا

فارس نەورۆڵی
  2018-12-18     2129
گیرفانی ووزە نەوت و غاز ھۆکاری سەرەکین بۆ مانەوەی بەھێزی ھەر نەتەوەیەک ڕاستە، لەمێژوودا نەوت ببووە بەڵا بۆ کورد بەڵام ئەگەر سەیری دەوڵەتانی ناوچەکە بکەین نەوت ھۆکارە بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە ببێتە قیبلەی دەوڵەتە زلھێزەکان بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر دەستی (نێچیرڤان بارزانی) ھەوڵیدا بەکردار نەوت بکاتە ڕێگای سەرکەوتن، ڕاستە ئەو ڕێگایە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوویەوە بەڵام خەونی گەورە قوربانی گەورەی دەوێت، بۆیە ئەو کات نێچیرڤان بارزانی کە بووە ئەندازیاری ئەو پرۆسە گرنگە لەلایەن یارو نەیارانەوە ڕەخنەی لێ دەگیرا بەڵام مێژوو ئەو ھەنگاوە بە ھەنگاوی بوێرانە و سەنگین دەنوسێت، ئێستاش ناوچەکە و جیھان لە قەیرانێکی ئابووری و بازرگانیدایە بە تایبەتی قەیرانی ووزە کوردستان خاڵێکی بەھێزە بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی، ھەر بۆیە وەزیری وزەی ئەمریکا دێتە کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی دا کۆدەبێتەوە ئەم سەردانە خوێندنەوەی جیا جیای بۆ دەکرێت بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بناغەیەی کە نێچیرڤان بارزانی لە بواری وزەدا نەخشەی کێشابوو واتە ئامادەییەک کراوە لەو بوارەدا بۆ گفتوگۆ لە بواری وزەدا، لە ھەمان کاتدا سەردانی وەزیری وزەی ئەمریکا بۆ ھەرێمی کوردستان سەرەتای کرانەوەی بەرنامەیەکی نوێ و دەرگایەکی نوێ یە لە نێوان کوردستان و ئەمریکا لە دوای ڕیفراندۆم و لە دوای قۆناغی سزاکانی سەر ئێران گۆڕینی ھاوکێشەی ئابووری یە لە ناوچەکەدا و ھەرێمی کوردستان خاڵێکی بەھێزە لەم ھاوکێشەیەدا بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی بە تایبەتی چوونی نەوت لە بۆریە نەوتیەکانی کوردستان بۆ دەرەوە.قسەکانی وەزیری ووزەی ئەمریکا لە کاتی کۆنگرە ڕۆژنامە نووسیەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دا و دواتر بڵاو بوونەوەی وێنەکانی و شێوازی وێنەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دا لەم کاتەدا پەیامی سیاسی و ھاوکاری لە پیشتەوەیە و گەرم کردنەوەی ئەو ساردییەیە کە ماوەیەک کەوتبووە نێوان ئەمریکا و کوردستان ، ستایشی ڕۆڵی بارزانی و ھێزی پێشمەرگە لە ڕابردوو لە ئێستادا ئەوەی پێ وتین کە ئەمریکا پێویستی بە ئاسایشی ووزە ھەیە واتە دەستەبەرکردنی ووزە بە بێ پچڕان و بە نرخی گونجا و بە پێی ئەم پێناسەیە بەردەوامی و نرخ گرنگە وەک خەسڵەتی ئاسایش ئەمەش پێویستی بە سەقامگیری ھەیە ، ئەمریکاش دەزانێت ئەم سەقامگیریە لە ڕێگای سەرۆک بارزانی و ھێزی پێشمەرگەوە دەچەسپێت بۆیە دوور نیە ئاسایشی ئابووری عێراق و ئاسایشی ووزە بە ھێزی پێشمەرگە بسپێردرێت ، دواجار ئەوەی لەسەر کورد پێویستە ئەوەیە ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە بیرکردنەوەی نوێ ھەیە بۆ ئەوەی کوردستان بەھێزکەین کوردستانێکی بەھێز درووست بکەین بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەسەر سێ تەوەر ڕاوەستین:-‎١- کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردستانی و ئامادەکاری بۆ پێشھاتەکان .‎٢- مەسەلەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی لە کوردستان کە وەک نمونەیەک پیشانی جیھانی بدەین.‎٣- مەسەلەی ئابووری کە ھێزی سەرەکییە بۆ پاراستن و بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستان ، پێویستە حکومەت کار لەسەر داھاتی تاک بکات و بەرژەوەندی دەوڵەتە زلھێزەکان بێنێتە کوردستان وەک دوو ھێزی ھاوبەش و خاوەن بەرژەوەندی ھاوبەش لەگەڵ ئەوانی تر مامەڵە بکەین و گرنگی زۆر بە بەرژەوەندی ئابووری بدرێت لەگەڵ وڵاتاندا چونکە تەنھا بەرژەوەندی ئابووری یە بردنەوە و دۆڕان یەکلای دەکاتەوە پێویستە ئەو وتەیەی بارزانی نەمر بھێنینەوە یاد لەگەڵ ڕۆژنامە نووسێکدا بارزانی وەڵامی پرسیارێکی ڕِۆژنامە نووسەکەی داوەتەوە و دەڵێت (ئەوە جەنەڕاڵی سەربازی نیە ئێمە دەشکێنێت بەڵکوو جەنەڕاڵی ئابووریە کە ئێمە دەشکێنێت) ، (پەیوەندیەکانی کورد و ئەمریکا) ئەم قسەیەی بارزانی خوێندنەوەی زیاتری دەوێت ، بە ھەر حاڵ ھاتنی وەزیری ووزە دەکرێت ووزەیەکی زیاتر بداتە پەیوەندیەکانی کورد و ئەمریکا و ھەنگاوەکانی ئێمەش خێراتر بکات بۆ بوژاندنەوە .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×