مەحمود عوسمان: دۆخی کورد زۆر خراپە و بە ئاشکرا شەڕی پێ دەفرۆشرێت و توانای بەرگری نییە
  2024-01-01       855       

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد، لە بارەی هێرشە درۆنییە بەردەوامەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەڵێت: کورد توانای بەرگری نییە و حکومەتی فیدراڵیش ناتوانێت بەرگری لێبکات بۆیە دۆخی کورد زۆر خراپە و بە ئاشکرا شەڕی پێ دەفرۆشرێت، ئەوەش دەرئەنجامی یەکنەگرتوویی لایەنەکانە.

ئاوێنه‌: مەحمود عوسمان لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە: ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان زیانی زۆری گەیاندووە، هێرشەکان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەکرێت کە سەر بە ئێرانن.

دەشڵێت:"بەشێک لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکایە، لەهەمانکاتدا بەشێکیشیان دژ بە کوردە، بۆ نمونە لە ڕۆژانی ڕابردوو وا بڵاوکرایەوە پەلاماری ئیستخباراتی موسادیان داوە لە ناو هەولێر، ئەمە ڕاست نییە و دەیانەوێت لە کورد بدەن، یاخود کورد ناچار بکەن لەگەڵیان بێت".

بەوتەی مەحمود عوسمان "وەزعی کورد نالەبارە، چونکە ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە ناوچەکە دا و کوردیش بووە بە بەشێک لەو ململانێیەی لەنێوان ئەمەرڵکا و ئێراندا هەیە، ئێران وا هەست دەکات کورد زیاد لە پێویست لەگەڵ ئەمەرکیا و تورکیا ڕۆشتووە، کوردیش کەمتر بەلای ئێراندا شکاندوویەتیەوە، ئەوان دەیانەوێت زەختێک بکەن بۆیە مەترسی هەیە، لەو لاشەوە تورکیا لە کورد دەدات".

باسی لەوەشکردووە "لەم دۆخە خراپە دا کورد دەبێت یەکگرتوو بێت، دواتر لە یەکی بداتەوە بەرژەوەندی بەلای ئێراندایە یان ئەمەریکا و سودی چییە و کێشەکانی چۆن چارەسەر دەبن، ئەوکات بڕیاری خۆیی بدات تا زیانی کەمتری هەبێت، بەڵام بەداخەوە نە لایەنەکان کۆدەبنەوە، نە یەکگرتوون نەدەشتوانن دۆخەکە باشبکەن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×