سعودیە ئامادەكاری دەكات بۆ كردنەوەی یەكەم كۆگای فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكان لە ریازی پایتەختی وڵاتەكە، كە لەڕێگەیەوە خواردنەوە كحولییەكان تەنیا بە دیپلۆماتكارە ناموسوڵمانەكان دەفرۆشرێت.
ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە كە بەپێی بەڵگەنامەیەك، پێویستە كڕیارەكان لەڕێگەی ئەپێكی مۆبایلەوە خۆیان تۆماربكەن بۆ ئەوەی رێگەپێدانی وەزارەتی دەەرەوەی سعودیە بەدەستبهێنن بۆ كڕینی بەشی مانگانەیان لە خواردنەوە كحولییەكان.
ئەو هەنگاوە بە نیشانەیەكی جیاكەرەوە لە هەوڵەكانی سعودیە بە رێبەرایەتی شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان دادەنرێت بۆ كرانەوە بەڕوی گەشتیاری و كاری بازرگانیداو بەشێكیشە لە پلانێكی فراوانتری سعودیە لەژێر ناوی "دیدگای 2030 بۆ بونیادنانی ئابوریی پاش نەوت."
بەپێی بەڵگەنامەكە، كۆگاكەی خواردنەوە كحولییەكان دەكەوێتە گەڕەكی دیپلۆماسی لە ریازی پایتەخت كە ئەو گەڕەكە باڵیۆزخانەكانی تێدایەو دیپلۆماتكارانیش لەوێ نیشتەجێن و خواردنەوە كحولییەكانیش تەنیا بە دیپلۆماتكارە ناموسوڵمانەكان دەفرۆشرێن.