میدیا عەرەبیەكان بڵاویان كردەوە، لە نێوان گۆڕانكارییە ناوچەییەكاندا، سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ ئایندەی سووریادا یەكدەگرنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە ڕوانگەی ململانێ یان “گۆڕانكاری دەسەڵاتە”ـەوە نییە، بەڵكو لە ڕێگەی “سەودایەكی گەورەترەوە دەیەوێت پەیوەندی نێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ ئاسایی بكاتەوە.
ئاوێنە: كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی سەبارەت بە داواكارییەكانی ئەمریكا لە سووریا بەرانبەر هەڵگرتنی سزاكانی سەر دیمەشق ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە، کە تیایدا هاتوە، بڕیارەكەی واشنتۆن بۆ هەڵگرتنی هەندێك سزای سەر سووریا و ئاماژەكانی كۆشكی سپی بۆ پشتیوانیكردن لە سەقامگیری ئەو وڵاتە، گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە ڕێبازی ئەمریكادا دەردەخات، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ئامادەیی نیشانداوە نێوەندگیری ڕێككەوتنی ئاشتی نێوان سووریا و ئیسرائیل بكات.
باس لەوەشكراوە، بەڵام لە پشت ئەم هەوڵەوە هەلومەرجی قورس و داخوازی سەختی جێبەجێكردن هەیە، لە پێش هەموویان ئاساییكردنەوەی پەیوەندی تەواوی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێككەوتن لەسەر داعش و دەستگیركراوەكانی، لە بەرانبەردا ئەمریكا بەڵێنێكی بۆ كۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئابووری سووریا و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی بۆ سیستەمی دارایی جیهانی جێبەجێ دەكات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارەكەی واشنتۆن بۆ لابردنی بەشێك لەو سزایانەی، كە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە بەسەر سووریادا سەپێندراون، سەرەتای گۆڕانكارییە لە دیمەنی سیاسیدا، كۆشكی سپی بە فەرمی داوای كرد “پێداچوونەوە بە یاسای قەیسەر” بكات، ئەمەش وا دیار بوو ئاماژەیەكی مەرجدارە، كە لە خواستی ئەمریكا بۆ فراوانكردنی نەخشەی “ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیم” بۆ ئەوەی سووریا بگرێتەوە و جیا نەكرێتەوە.
ئاماژەبەوەشكراوە، ئیدارەی ترەمپ پێداگری لەسەر ئاساییبوونەوەی پەیوەندی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستەنگی سەرەكی هێشتا هەڵوێستی سەركردایەتی سووریایە لەسەر پرسی بەرزاییەكانی جۆلان، هاوكات دیمەشق پێداگری دەكات لەسەر واژۆ نەكردنی هیچ ڕێككەوتنێكی ئاشتی “پێش كشانەوەی تەواو لەو خاكانەی، كە ئیسرائیل دەستی بەسەردا گرتووە.
دەشڵێن، ئەم پێشهاتە نوێیە دوای ئەوە هات، كە عیدۆن سەعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، “بەرزاییەكانی جۆلان لە گفتوگۆ دەرچووە”، ئەمەش لە هەوڵێكی پێشوەختەدا بۆ داخستنی پرسی بەرزاییەكانی جۆلان بۆ یەكجارەكی و بۆ هەمیشە و سوورییەكان ئەمە بە هەڵوەشاندنەوەی پێشوەختەی هەر دەرفەتێك بۆ گفتوگۆی جددی”دەزانن.
جێگای ئاماژەیە، دوای ڕووخانی حكومەتەكەی ئەسەد ئیسرائیل هاتە ناو خاكی سووریاوە و بەشێكی خاكەكەی داگیركردووە، ئێستا سوپای ئیسرائیل تەنها چەند كیلۆمەترێك لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە.