عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت"بڕیارە ڕۆژی 21ی 2ی 2024، دادگای فیدڕاڵی بڕیار لە بارەی سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات. بەئەزمونی دو خولی پەرلەمان، دەڵێم: نەمانی کۆتایی تورکمان و ئەرمەنی کارێکی گرنگە."
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح وتوشیەتی"تورکمان نەتەوەیە، ئایا ڕەوایە پەرلەمانتارێکی کورد بە 15 هەزار دەنگ، ببێتە ئەندام پەرلەمان، تورکمانێک بە 194 دەنگ."
بەبڕوای عەلی حەمەساڵح "تورکمانەکان نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی نەتەوەی خۆیان بکەن، باشترین بەڵگەش ئەوەیە دەنگدەری تورکمان دەنگی پێنەدەدان، بە دەنگی تایبەت(سەربازی) پارتی دەردەچوێندران."
ئاماژەی بەوەشداوە كە توركمانەكان "لە پەرلەماندا نوێنەرایەتییەکی تەواوی پارتییان دەکرد، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە هیچ پرۆژەیەکی ئەوتۆیان بۆ تورکمان پێنەبو، لە هەمو هەڵوێستێکیش لەگەڵ پارتی بون."
عەلی حەمەساڵح پێشی وایە "ئەگەر نوێنەرایەتی بۆ نەتەوە ڕەوابایە، تورکمان و ئەرمەن لە پەرلەمانی عێراق کۆتایان دەبو."
هەروەها وتوشیەتی"دەڵێن: تورکمان 200 هەزار دەنگدەری هەیە، ئەم دەنگە زیاتر لە 10 کورسی دەکات، ئەی بۆچی بە 5 کۆتا رازین."
جەختیشی كردۆتەوە"نەمانی کۆتای تورکمان و ئەرمەن، دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بازنە، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە، سێ هەنگاوی گرنگن."