قوباد تاڵەبانی: هێشتا تیرۆر مەترسییەکی جدییە
  2024-02-27       189       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی سەربازی ئەڵمانیا كۆبوەوەو تاوتوێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکەیان كرد. جێگری سەرۆك وەزیران دەڵێت، مەترسی تیرۆر هێشتا مەترسییەكی جدییە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی ڤۆلف ئەلێکساندەر هامپ، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردولا کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردودا و رایگەیاند: "مەترسی تیرۆر هێشتا مەترسییەکی جدییە و گروپە تیروریستییەکان لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ خۆڕێکخستنەوە و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، بۆیە دەبێت هەمو کات لە هەماهەنگی و هاوکاریدا بین بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانە."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی چۆنییەتی بەرەوپێشچونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر "بەردەوامبونی پرۆسەی چاکسازی بەوجۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی پیشەیی تۆکمە و راهێنراو."

 هەر لە کۆبونەوەکەدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×