وەزارەتی پەروەردە: وانەكانی پۆلی 12 كەمدەكرێنەوە
  2024-02-27       266       

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی خوێندنی ئەمساڵ بڕیاری چەند گۆڕانكارییەكی دا لەوانە كەمكردنەوەی وانەكانی پۆلی 12 جە لە وانەی ئایینناسی و هەروەها لەبارەی پشوەكانیشەوە بڕیاریدا.

ئاوێنە: نورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، "وانەکان بە رێژەی 12% بۆ 18% کەمدەکرێنەوە".

 وتیشی، ئەمشەو سێشەممە، تەواوی بڕیارەكان بڵاودەكەنەوە.

لە كۆنگرەكەدا ئەوەش خرایەڕو كە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە ئەو قوتابخانانەی لە مانگی 9ـی ساڵی رابردوەوە دەوامیان دەستپێکردوەتەوە، لە 11 تاوەکو 23ی ئادار پشویان هەبێت، بەڵام ئەوانەی لەم دواییانەدا دەستیان پێکردەوە، پشو وەرناگرن و قەرەبوی ئەوکاتانە دەکەنەوە کە بایکۆت بون.

ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی پەروەردە باسیان لە ژمارەیەک گۆڕانکاری و بڕیار کرد، کە بەوتەی خۆیان "ئەمشەوی سێشەممە بە وردەکارییەوە بڵاویدەکەنەوە".

ئاماژەیان بەوەش کرد، هۆکاری ئەم بڕیارانە یەکخستنەوەی وانەی ناوچەکانی بایکۆتە لەگەڵ ئەو ناوچانەی لە سەرەتاوە دەوامی خوێندنیان کردەوە.

لە 13ـی ئەیلوول خوێندنی وەرزی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×