كاسبكارێكی كورد لە سنوری سەردەشت بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژرا
  2024-02-27       313       

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەكانی پۆلیس لە گوندی "ساوان"ی سەربە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستڕێژییان لە ئۆتۆمبێلێك كردوەو لە ئەنجامدا كاسبكارێكی كورد بە ناوی كاوان ئەمجەدی نیا، كوژراوە.

ئاوێنە: تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە، هێزەکانی ناو خاڵی پشکنینی گوندی "ساوان"ی سەردەشت پاش ئەوەی کەوتونەتە دوای ئۆتۆمبێلەكەی کاوان ئەمجەدی ‌نیاو دەسڕێژی گوللـەیان لێ کردوە، لەكاتێكدا ئۆتۆمبێلەکە هیچ کاڵایەکی بیانی تێدا نەبوە. لە ئەنجامی دەسڕێژی ئەو هێزانەدا گوللـە بەر سەری کاوان کەوتوە و ئەو کاسبکارە کوردە دەسبەجێ گیانی لەدەستداوەو ئۆتۆمبیلەکەیش وەرگەڕاوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە کاوان ئەمجەدی ‌نیا باوکی 3 منداڵ و خەڵکی گوندی "گەورەشێر"ی سەردەشت بوە.

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان وتوشیەتی، دوای کوژرانی ئەم کاسبکارە و ئاگاداربونەوەی بنەماڵە و خزمانی لە ڕوداوەکە، کاروانێکی هێزە چەکدارەکان چونەتە شوێنی کوشتنی ئەم کاسبکارە کوردە و لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×