سودانی بڕیاری دا تەلبەندكردنی سنورەكانی نێوان هەرێم و ئێران رابگیرێت
  2024-02-27       372       

بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پڕۆسەی تەلبەندكردنی سنورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەكانی رابردودا نیگەرانی گوندنشینە کوردەکانی سەر سنوری لێکەوتەوە.

ئاوێنە: كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی"سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ(سێشەممە) بڕیاریدا پرۆسەی تەلبەندکردنی سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران رابگرێت تا پێداچونەوە دەکرێ و ئەو گلەیی و ناڕەزاییانە چارەسەر ئەکرێن کە لەبارەیەوە هەیە."

كاروان یاروەیس وتویەتی"دوابەدوای ناڕەزاییەکان لەبارەی پرۆسەی تەلبەندەکردنەکە، ئەمڕۆ خالد شوانی، وەزیری دادی عێراق یاداشتنامایەک کە عیماد ئەحمەد و مامۆستا جەعفەر و بەندە ناوەڕۆکەکەیمان گەڵاڵە کردبو ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق  کراو بڕیاریدا کە وەزارەتی ناوخۆ پێداچونەوە بە پڕۆسەکە بکەن لەگەڵ هەمو ئەو ناڕەزایەتیانەی لەبارەی جهێشتنی زەوی و زاری عێراق و هەرێمی کوردستان هەن."

دوای ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان، ماوەیەکە حکومەتی عێراقی دەستی کردوە بە تەلبەندکردنی سنورەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە بەشێک لە ناوچە سنورییەکان، تەلبەندەکە نیگەرانی جوتیارانی لێکەوتۆتەوە بەو پێیەی بەشێک لە کێڵگەكانیان بەر تەلبەندەکەی حکومەتی عێراقی کەوتون.

رۆژی 20ی 2ی 2024 وەفدێکی پەرلەمانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ پاسەوانی سنور و یەکە ئیدارییەکانی سنورەکان سەردانی ناوچەکانی گەرمیانیان کرد بۆ بەدواداچون و چارەسەركردنی کێشەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×