مەسرور بارزانی: شایستە داراییەكان و بەشەبودجەی هەرێم لەڕێی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمەوە دابین بكرێن
  2024-02-27       540       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە واشنتنەوە رایگەیاند، پێویستە وەکو قەوارەیەکی دەستوری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و ئاماژەی بە "گرنگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستورییەکانی حکومەتی هەرێم کرد."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مێزگردێکی تایبەتدا لە واشنتن، لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە ناوەند و دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت و هزرو لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی کۆبوەوە.

لە مێزگردەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

سەرۆکی حکومەت دوپاتی کردەوە کە "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە ڕێز لە دەستور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستوری و فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت."

ئاماژەشی بەوە دا کە "خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافە ڕەوا و دەستورییەکانی داوەو ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافەکانی ببێت."

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستور، کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکات." و لەمبارەیەوە ئاماژەی بە "گرنگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستورییەکانی حکومەتی هەرێم کرد." هەروەها باسی لە "پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دا."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە لە بەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و گرنگیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ڕێککەوتننامەی شنگال کرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×