وتەبێژی وەزارەتی دارایی: پێدانی موچە لەڕێگەی "هەژماری من"ەوە رێگە راستەكەیە
  2024-02-27       290       

وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بە ماوەی هەشت ساڵ نەیتوانیوە هەژمار بۆ فەرمانبەرانی خۆی بکاتەوە، چۆن دەتوانێت بە مانگێک هەژمار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بکاتەوە، لەبەر ئەوە ئەمانە زیاتر بیانوگرتنن. دەشڵێت: پێدانی موچە لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە ڕێگە ڕاستەکەیە.

ئاوێنە: هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە قسەكەی وەزیری دارایی عێراق لە كۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێدانی موچەی مانگەكانی داهاتوی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی كارتی بانكییەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" خۆزگە ئەو پەرلەمانتارانە پرسیاریان بکردایە، خۆتان بە 8 ساڵ نەتان توانیوە هەژمار بۆ هەمو موچەخۆرانتان بکەنەوە ئێستا چۆن بە یەک مانگ دەتوانن بۆ هەرێمی بکەنەوە."

وتیشی،" ئەمانە زیاتر بیانوگرتن و کێشەن وەک چۆن لە ڕابردودا درێغیان نەکردوە، هەر کاتێک ویستویانە کێشەیان بۆ بەشە بودجەو پشکی هەرێم دروستکردوە، هەمو داواکارییەکان بیانون و دروستکردنی کێشەن بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."

هونەر جەمال وتیشی"هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگەو خۆماڵییە و کۆمەڵێک بانکی جێگەی باوەڕی تێدایە، خەڵکێکی زۆر کە لە پرۆژەکە سودیان بینیوەو چەندین خزمەتگوزاریان پێشکەشکراوە و کارئاسانیان بۆ کراوەو موچەیان لە کاتی خۆی وەرگرتوە، ئەوەی عێراق تەنیا کارتێکە و موچەی پێوەردەگیرێت."

وتیشی،" بانکی حکومی لە هەرێم نییە، ئەوە ڕێگە ڕاستەکەیە کە لە ڕێگەی هەژماری منەوە موچەی فەرمانبەران بدرێت، بانکە فیدڕاڵیەکان لە هەرێم لقیان نییە، هەژماری من جۆرەها کارئاسانی سەردەمیانە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك تێدایە، تێچوەكەشی لە عێراق کەمترە، یەکێکە لە هەرە ڕێگە باشەکان."

ڕۆژی دوشەممە، 26ی مانگی 2ی 2024، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بە پێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لە کۆبونەوەکە ڕایگەیاندوە تەنها ئەم مانگە بەپێی لیستی موچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتو دەبێت هەر موچەخۆرێکی هەرێم هەژماری تایبەت بەخۆی لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی موچەکەی وەربگرێت.

لەو بارەیەوە هونەر جەمال ڕایگەیاند،" بۆ پەرلەمانتاران ناپرسن 14 ملیۆن موچەخۆری عێراق قایمەی موچەی هەیە، قایمەی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنیەکان هەیە، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی قایمەیان هەیە، کە زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بە ناوی چاودێری کۆمەڵایەتیەوە موچە وەردەگرێت، ئەم داتاو لیستانە هەیە ئاوا بیانو بە هەرێم دەگرن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×