ڕاوێژكارێکی سودانى میکانیزمی دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم ئاشكراده‌كات
  2024-02-28       743       

ڕاوێژکارێكى سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوریی، میکانیزمی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئاشکراکرد بەوەی دەبێت موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دەزگا حکومییەکان لەحکومەتی ناوەندو هەرێمی کوردستان لەبانکە فیدراڵیەکاندا تەوتین بکرێت.

مەزهەر محه‌مه‌د ساڵح لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، میکانیزمی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لەسەر ئەم بنەمایانە دەبێت:

1ـ لەسەر ئەو پرەنسیپەی کە پێی دەوترێت (تەوتینکردنی موچە)، واتە فەرمانبەر ئەو بانکە حکومی یان ئەهلیی ڕێپێدراوە هەڵدەبژێرێت کە ئارەزوی ئەوە دەکات موچەکەی تێدا دابنێت‌و لەهەژمارێکی بانکیدا بەناوی خۆیەوە، دواتر فەرمانگەکەی (مانگانە) هەژماری ئەو فەرمانبەرە لەو بانکەی کە خۆی هەڵیبژاردوە ئەپدەیت دەکاتەوە.

2ـ فەرمانبەر (کە موچەکەی لای بانک بێت) کارتی ئەلیکترۆنیی ڕاکێشان یان پارەدانی بۆ دابیندەکرێت کە لەلایەن بڕیکاری بانکەوە دەرچوە (ئەویش کۆمپانیایەکی پارەدانە کە بەرپرسیارە لەدابینکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی ڕاکێشان یان پارەدان بۆ فەرمانبەر، وەک (کی کارد، ساوج، یان کۆمپانیای ئەلنەخیل...هتد)، واتە کۆمپانیای پارەدانەکان لەلایەن ئەو بانکەوە دیاریدەکرێت کە موچەی فەرمانبەرەکەی تێدا وەردەگیرێت.

3ـ ئەژمێری کارمەند لەبانک بەستراوەتەوە بەکارتی بانکییەوە.

4ـ فەرمانبەر مافی ئەوەی هەیە موچەکەی بەکاش لەڕێگەی کارتەکەوە وەربگرێت، بەتەواوی یان بەشێکی، هەروەها لەڕێگەی ئامێری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆماتیکیەوە، بەتایبەت ئامێری POC (point of cash) کە لەهەموو شوێنێک بڵاوبوەتەوەو لەلایەن کەرتی تایبەتی مۆڵەتپێدراوەوە بەڕێوەدەبرێت.

5ـ هەروەک ئەو فەرمانبەرەی کە کارتی ئەلیکترۆنیی هەیە مافی ئەوەی هەیە لەڕێگەی تەلەفۆنیان ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن لەدوکان‌و چێشتخانە‌و هتد بەشێوەی دیجیتاڵی پارە بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×