پلاسخارت بۆ مەسعود بارزانی: هەڵبژاردن بەبێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت
  2024-04-03       847       

بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەی یەكگرتوەكان لەعێراق، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، رایگەیاند، بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت و پێشنیاریشی كرد تیمێكی نەتەوە یەكگرتوەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی هەڵبژاردن كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە كۆبونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.

بارەگای بارزانی هێمای بۆ ئەوەش كردوە،  لە كۆبونەوەكەدا جنین پلاسخارت ئاماژەشی بەوەدا "ئاگاداری ئەوەیە كە دو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بوە لە كاتی خۆیداو ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لای خۆیەوە مەسعود بارزانی هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی ڕون كردەوەو ئەوەی خستەڕو كە "دادگای فیدڕاڵ شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتوەتەوەو بڕیارەكانی سیاسین و بەشێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت."

مەسعود بارزانی ئەوەشی خستەڕو "بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیەنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردوە. دەبێ مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێن چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بونی خۆیان بكەن. پەرلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پەرلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت."

مەسعود بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا جەختی لە "پێویستیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن كردەوە بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان."

هەر لەو كۆبونەوەیەدا مەسعود بارزانی هێمای بەوەدا كە "لە هەرێم پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بوەو خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە ڕایگەیاندوە كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین. "

مەسعود بارزانی لەبارەی بارودۆخی عێراق جەختی كردەوە كە "لە عێراقدا ڕێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستوری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردوە و موچەو قوتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكار هێناوە."

لەدرێژەی وتەكانیدا مەسعود بارزانی بە "پێویستی زانی لەپێناو بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت."

هەر لە راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانیدا هاتوە، "لەبەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق ئەوەی بە مەسعود بارزانی ڕاگەیاند كە كێشەی موچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش باس كردوەو ناكرێ جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی موچەو شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق باس بكات. هەروەها پێشنیاریشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتوەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە."

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەو كۆبونەوەدا هەردولا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێم پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن."

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت ئەم هەفتەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بگەینە ئەنجام
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×