قوباد تاڵەبانی: خواخوامە نەوت نەمێنێت، نەوت بۆتە بەڵا بەسەر ئەم میللەتەوە
  2024-04-17       211       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق پێی وایە ئابوریی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئابورییەكی ناهاوسەنگەو تەنیا پشتی بە نەوت بەستوە، دەشڵێت، خواخوامە نەوت نەمێنێت، نەوت بۆتە بەڵا بەسەر ئەم میللەتەوە.

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێڵێكی دیداری سلێمانی وتی"ئابوریی عێراق بە ئابوریی هەرێمی كوردستانیشەوە ئابورییەكی ناهاوسەنگە، ئابورییەكە كە تەنیا پشتی بەستوە بە نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی، ئەو داهاتی نەوتەش زیاتر خەرجدەكرێتەوە بۆ كەرتێكی گشتیی گەورە."

بەبڕوای جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم"تاوەكو ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەم شێوەیە بێت كە بەردەوام بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن داهاتی دەوڵەت بەكاربهێنرێت بۆ گەورەتركردنی قەبارەی حكومەت و دامەزراندنی فەرمانبەر لە كەرتی گشتی و زیادكردنی خەرجی تەشغیلی و خەرجی سیادی، قەت نابینە خاوەنی ئابورییەكی هاوسەنگ و بەهێز."

وتیشی"ئێمە نەمانتوانیوە هاوسەنگییەك دروست بكەین لەنێوان سیاسەتكردن و بەڕێوەبەردندا، هەمومان سیاسی و سەركردەین، ئەم وڵاتە پڕە لە سەركردە، بەڵام دەوڵەتمەداری زۆر كەمە."

بەقسەی قوباد تاڵەبانی "عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت پێویستی بە فەلسەفەیەكی ئابوریی ڕونە، ئێستا ڕون نییە، نازانم بازاڕمان ئازادە، یان بازاڕێكی ئیشتراكیمان هەیە. هەندێك رۆژ هەڵدەستین لە خەو ئابورییەكەمان لەهی ئەمریكا ئازادترە، هەندێك رۆژیش هەڵدەستین لەخەو وادەزانم لە سۆڤیەتی ساڵانی حەفتاكانین. بەردەوامی بەم شێوەیە خراپە."

پێشی وایە "پێویستمان بە خەڵكی پسپۆڕ، ئابوریناسی شارەزا، دامەزراوەی دارایی بەهێز، بانكی راستەقینە، تێڕوانینێك بۆ گەشەكردنی كەرتی تایبەت، هەیە تاوەكو ئەوە ببێت بە داینەمۆی بەهێزكردنی ئابوریی وڵاتەكەمان و هەرێمەكەمان."

بەبڕوای ئەو "گەشەسەندنی هاوسەنگ، تێڕوانینێكی رون، پشتبەستن بە كەرتی تایبەت، دەبێتە رێخۆشكەر بۆ هەمەجۆركردنی ئابوریی عێراق و هەرێم بۆ ئەوەی رزگارمان بێت لە نەوت."

وتیشی"نەوت ئەمرێت، نەوت نامێنێت، خۆم خواخوای ئەو رۆژەمە كە نەوت نەمێنێت، چونكە ئەم نەوتە بوە بە بەڵایەك بەسەر ئەم میللەتەوە لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆیە 10 ساڵ تا 15 ساڵمان ماوە بۆ ئەوەی ژێرخانێك دروست بكەین كە وابكات ئەم وڵاتە بتوانێت بەبێ نەوت خۆی بەخێوبكات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×