مۆڵگەکانی پارێز گاریی هندییە ئەمریکییەکان
  2024-05-07       531       
گەورەترین مۆڵگە، مۆڵگەی گەلی ڕەسەنی ناڤاجۆیە، کە هاوشێوەی قەبارەی ویلایەتی وێست ڤەرجینیایە

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

  مۆڵگەی پارێزگاریی هندییە ئەمریکییەکان (محمیات، reservations) ڕووبەرێکی زەوییە کەوا گەلێکی خێڵەکیی ئەمریکیی ڕەسەنی دانپێدانراو لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکییەوە حوکمی دەکات و حکوومەتەکەی بەهرەمەندە لە ئۆتۆنۆمی و ملکەچی ئەو لائیحە و ڕێکخستنانەیە کەوا کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەریکردوون و لەلایەن بیرۆی کاروباری هندییەکانی ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێن نەک حکوومەتی ئەو ویلایەتە  ئەمریکییەی کە مۆڵگەکەی تێدایە. هەندێ لە خێڵانەی  کە لە ڕووی فیدراڵییەوە ددانیان پێدانراوە و ژمارەیان دەگاتە ٥٧٤ خێڵ  حوکمی دانەیەکی زیاتر دەکەن لەو ٣٢٦ مۆڵگە هندییەی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لەکاتێکدا کە هەندێکیان مۆڵگەی پارێزگارییان نییە لە ئەمریکادا. تەرخانکردنی  زەوی و زار بە شێوەیەکی  پلە بە پلە و بەپێی یاسای داوەس Dawes Act پرۆسەی فرۆشتنی ئاسان کرد بۆ ئەو ئەمریکییانەی کە ڕەسەن نەبوون بوو بە هۆی دابەشبوونی توندی مۆلگەکان و بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پارچە زەوییە خێلەکی و تایبەتمەندەکان دەکات وەک پارچەی جیاجیا. ئەم تێکەڵکردنەی زەوی و عەقاراتی تایبەت و گشتییە ئاستەنگی ئیداری و سیاسی و یاسایی گەورەی دروستکرد.

تێكڕا ڕووبەری تەواوی مۆڵگەکان ٥٢٦ هەزار ئەیکەرن (٢٢٧ هەزار کم٢)، کە دەکاتە نزیکەی ٣,٢% تێکرا ڕووبەری ویلایەتە یەکگرتووەکان و نزیکەی قەبارەی ویلایەتی ئیداهۆ. لەکاتێکدا کە زۆربەی مۆڵگەکان بچووک بوون بەراورد بە ڕێژەی قەبارەی ویلایەتەکان، بەڵام دوانزە ویلایەتی هندی گەورەتر بوون لە ویلایەتی ڕۆد ئایلاند. گەورەترین مۆڵگە، مۆڵگەی گەلی ڕەسەنی ناڤاجۆیە، کە هاوشێوەی قەبارەی ویلایەتی وێست ڤەرجینیایە. مۆڵگەکان بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایەکسان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دابەشکراون و زۆربەیەن دەکەونە ڕۆژئاوای ڕووباری مسیسیپییەوە و لەسەر ئەو زەوییانەن کە یەکەمجار بە هۆی پەیماننامەی (بەخشینی زەوی و خاکی هندییەکانەوە) داگیرکرابوون لە مڵکی گشتی.

ئەوجا لەبەر ئەوەی گەل یان خێڵە ئەمریکییە ڕەسەنە دانپێدانراوەکان باڵادەستیی خێڵەکییان هەبوو، ئەگەرچی لە ئاستێکی دیاریکراویشدا، بەڵام  یاساکانی لەمەڕ زەوی و زارە خێڵەکییەکان جیاواز بوون لەو یاسایانەی کە لە ویلایەتەکانی دەوروبەردا کاریان پێدەکرا. بۆ نموونە، ئەم یاسایانە ڕێگەیان بە بوونی ئەو جۆرە گازینۆوانە دەدا لە ناو ویلایەتەکاندا کە نەدەبوو قوماریان تێدا بکرایە و ئەمەش گەشتیاری بۆ خۆی ڕانەدەکێشا. بەگشتی ئەنجومەنی خێڵەکی دەسەڵاتی دادوەریی هەبوو بەسەر مۆڵگەکەدا، نەک ئەو ویلایەتەی کە تێیدا بوو یان حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی. مۆڵگە جیاوازەکان سیستەمی حوکمی جیاوازیان هەبوو، کە فۆرمی حوکمی دەرەوەی مۆڵگەکە دووبارە دەکەنەوە یان نە. زۆربەی مۆڵگەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دامەزرابوون، بەڵام  ژمارەیەکی کەمیان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات بناغەی دامەزراندنیان دەگێڕنەوە بۆ دانپیانانی دەوڵەت.

تێرم یان زاراوەی "مۆڵگە،  محمیة،reservation " ناوێکی یاساییە و لە چەمک و تێگەیشتنی گەل و نەتەوە ئەمریکییە ڕەسەنەکانەوە هاتووە وەک گەلی خاوەن دەسەڵاتی سەربەخۆ لە سەردەمی گەڵاڵەکردن و تێپەڕاندنی کردنی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. بەم پێیە پەیماننامە بەراییەکانی ئاشتی (کە بەزۆری لە دۆخی ناچارکردن یان فێڵ لێکردندا مۆرکرابوون) و لەئەنجامدا گەلە ڕەسەنە ئەمریکییەکان بەشێکی گەورەی زەوی و خاکەکەیان ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردبوو، بەڵام هەندێ پارچە زەوی لەلایەن ئەم گەلانەوە "دەسنیشان کرابوون" بۆ خۆیان و ئەم پارجە زەوییانە دواتر بە "مۆڵگەی پارێزگاری - محمیة" ناویان دەهات. ئەم زاراوەیە بەردەوام بەکاردەهات پاش ئەوەش کە حکوومەتی فیدراڵی دەستیکرد بە ڕاگواستنی گەلە ڕەسەنەکان بۆ ئەو خاک و زەوییانەی کە فرەجار هیچ پەیوەندییەکی مێژوویی یان کولتوورییان پێیانەوە نەبوو. بەراورد بە مەڵبەندەکانی تری دانیشتووان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، مۆڵگەکان بە شێوەیەکی نەگونجاو دەکەوتنە نزیکی ئەو شوێنە ژەهراوییانەوە کە مەترسییان دروست دەکرد لەسەر تەندروستیی ئەو کەسانەی تێیدا دەژیان یان لە نزیکیەوە کاریان دەکرد، لەنێویشیاندا شوێنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و کانە پیسبووەکان. زۆربەی هندییە ئەمریکییەکان و دانیشتووە ڕەسەنەکانی  ئالاسکا لە دەرەوەی مۆڵگەکاندا دەژین، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی ڕۆژاوای ئەمریکا، وەک فینیکس و لۆس ئەنجلسدا. لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاد لە ٢.٥ ملیۆن ئەمریکیی ڕەسەن هەبوو، لەگەڵ یەک ملیۆنیان کە لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا دەژیان.

 

پاشخانێکی مێژوویی: مێژووی کۆڵۆنیاڵی و بەرایی ویلایەتە یەکگرتووەکان

لە سەرەتای کۆڵۆنی کردنی ئەوروپییەکان بۆ هەردوو ئەمریکا، بەزۆری ئەوروپییەکان گەلە ڕەسەنەکانیان لەسەر خاک و زەوییەکانیان ڕاگواست. هۆکارەکان جۆراوجۆرن، لەنێویاندا ئەو پەیماننامانەی کە لەژێر  فشار و ئاستێکی گەورەی ناچارکرن، راگواستنی زۆرەملێ، توندوتیژی و لە هەندێ حاڵەتیشدا ئەو جووڵە خۆبەخشانەی بەپێی بنەمای ئاڵوگۆڕی ڕێککەوتن مۆرکراون. ڕاگواستن بوو بە هۆکاری گەلێ کێشە، چەشنی لەدەستدانی هۆکارەکەنی ژیان لەبەر قەتیس کردنیان لە ناوجەیەکی سنووردار و خراپیی جۆری ئەو زەوی و زارانەی کە بۆ کشتوکاڵ تەرخانکراون و دوژمنایەتیی نێوان خێلەکان.

یەکەم مۆڵگە لە ساڵی ١٧٥٨دا لە باشووری نیوجەرسی دروستکرا و ناوی مۆڵگەی برازەرستۆنی هندی بوو و ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو. لە سالی ١٧٦٤دا پێشنیازی "پلانی بەڕێوەبەرێتیی ئیدارەی پاشەڕۆژی کاروباری هندییەکان" کرا لەلایەن ئەنجومەنی بازرگانییەوە کە سەر بە حکوومەتی بەریتانی بوو. هەرچەندە ئەمە بە شێوەیەکی فەرمی وەرنەگیرا، بەڵام پلانەکە جاوەڕوانییەکانی حکوومەتی بەریتانیی سەلماند کەوا زەوییەکان تەنها لەلایەن حکوومەتە کۆڵۆنیاڵییەکانەوە دەکڕدرێن نەک تاکەکەسان و ئەو زەوییانە لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا نەبێت ناکڕدرێن. بێجگە لەوەش پلانەکە وابوو کە بە شێوەیەکی دروست ڕاوێژ بە هندییەکان بکات لە کاتی دڵنیابوون لە سنوورەکانی نیشتەجێبوونی کۆڵۆنیاڵی ودیاریکردنی.

لە ساڵی ١٨٢٤دا، جۆن سی کاڵهۆن بیرۆی کاروباری هندیی دامەزراند وەک بەشێک لە وەزارەتی چەنگی ئەمریکی (کە ئێستا وەزارەتی بەرگرییە)، بۆ چارەسەری کێشەی زەوی و زار بە ٣٨ پەیماننامە لەگەڵ خێڵە هندییە ئەمریکییەکاندا.

 

نامەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا لەبارەی مۆڵگەکانی پارێزگاریی دانیشتووانە ڕەسەنەکانەوە (١٨٢٥ - ١٨٣٧)

ئەو پەیماننامە و یاسا و لایحانەی پەیوەستن بە کاروباری هندییەکانەوە (١٨٢٥) دۆکیومێنتێکی مۆرکراو بوو لەلایەن سەرۆک ئەندرو جاکسۆنەوە و بە دەق تێیدا هاتووە کە "ئێمە زەوییەکانمان لە حاڵەتێکی باشتردا داناوە بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە" بە ڕەزامەندیی مۆڵگەکانی دانیشتووانی ڕەسەن لەپێش ساڵی ١٨٥٠دا. نامەکە لەلایەن ئیسحاق شێڵبی و جاکسۆنەوە ئیمزا کرابوو. زۆرێک لەو لایحانەی پەیوەستن بە دانیشتووانی ڕەسەنەوە لە ئەمریکا و ڕەزامەندیی لەسەر جیاکردنەوەی دانیشتووانی ڕەسەن و سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی دەدوێن.

سەرۆک مارتن ڤان بورین دانوستانی لەسەر پەیماننامەیەک دەکرد لەگەڵ خێڵی ساگیناو لە چیپواس لە ساڵی ١٨٣٧دا بۆ بنیاتنانی بورج یان مەنارەیەک. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار بوو لە چێکردنی پەیماننامە نوێکان سەبارەت بە مۆڵگە هندییەکان لە پێش ساڵی ١٨٥٠دا. ڤان بیورین باس لەوە دەکات کە مۆڵگەکانی ڕەسەنەکان  "هەموو مۆڵگەی پارێزگاریی ئەوانن لە زەوییەکانی ویلایەتی مەشیگان، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو مۆڵگانەی ناوبراو لە بیرۆکانی زەوییە گشتییەکاندا بفرۆشرین بۆ بەرژەوەندیی و داهاتەکەیان بدرێتێ". ڕێککەوتننامەکە وابوو کەوا خێڵە ڕەسەنەکە زەوییەکانی بفرۆشێت بۆ دروستکردنی بورجێکی ڕووناکی lighthouse.

هەروەها پەیماننامەیەک لەلایەن جۆن فۆرسیتی وەزیری دەرەوە لەبریی ڤان بوورین مۆرکرا، لەبارەی ئەو شوێنەوە کە پێویستە گەلە ڕەسەنەکانی تێدا بژی بەپێی هەلومەرجی سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاری لە ئەمریکادا لەنێوان گەلی ئۆنیدا لە ساڵی ١٨٣٨دا. ئەم پەیماننامەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕێگە بە گەلە ڕەسەنەکان دەدا لەسەر مۆڵگەیەکی دیاریکراو "لەسەر کەنارەکانی ڕۆژاوای کەنداوی ساگاناو". دروستکردنی مۆڵگە بۆ گەلانی ڕەسەنی ئەمریکا بە لای کەمەوە پێنج ساڵی دەویست لەپێش ساڵی ١٨٥٠دا. دەقی ماددەی دووی پەیماننامەکە دەڵێ کەوا "مۆڵگەکانی کە دەکەونە سەر هەردوو ڕووباری ئەنگرەیس و ڕیفل و باسی لەوە دەکرد کە هندییەکان مافی سوود لێوەرگرتن و تێیدا مانەوەیان دەبێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ". دانیشتووانی ڕەسەن کۆت و بەندیان بەسەردا سەپابوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ.

 

بەرایی فرۆشتنی زەوی لە ڤەرجینیا (١٧٠٥ - ١٧١٣)

نووسەر و توێژەر باک وودارد پەڕاوی راپەڕاندنی ویلیەم کابێڵی حاکمی بەکارهێنابوو لە وتارەکەیدا سەبارەت بە "فرۆشتن و تەرخانکردنی زەویی هندییەکان لە ڤەرجینیای پێش جەنگدا" بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مۆڵگەی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکاوە لەپێش ساڵی ١٧٠٥دا و بە دیارکراوییش لە ڤەرجینیادا. ئەو ئیددیعا دەکات کەوا "حکوومەتی کۆڵۆنیاڵی جارێکی تر دانی بە مافی زەوییەکانی نۆتۆوەیدا بە گوێرەی پەیماننامەی ساڵی ١٧١٣ لە ئەنجامی  کۆتایی جەنگی توسکارۆدا". چونکە گەلە ڕەسەنەکانی ئەمریکا ڕێککەوتننامەی زەوییان هەبوو لە ساڵی ١٧١٣وە.

 

سەرەتای سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا (١٧٦٣ - ١٨٣٤)

سیستەمی مۆڵگەی دانیشتووانی ئەمریکیی ڕەسەن لەگەڵ "ڕاگەیاندنی شاهانەی ساڵی ١٧٦٣دا دەستی پێکرد، کە تییدا بەریتانیای مەزن سەرچاوەی قەبەی تەرخانکرد بۆ هندییەکان لەسەر زەوی و خاکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکاندا". لێرەوە ئەمریکا یاسایەکی تری دەرکرد کاتێ کەوا "کۆنگرێس ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر یاسای پاراستنی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکی"، کە ئەویش یاسای ڕاگواستنی ساڵی ١٨٣٠ بوو. ڕێوشوێنی سێهەمیش "گواستنەوەی حکوومەتی فیدراڵی بوو بۆ بەشێک لە "پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکە" لە ویلایەتەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە. ئەم یاسایانە هەرسێکیان بوون بە هۆی کاراکردنی سیستەمی مۆڵگەکانی پارێزگاری  لە ئەمریکادا و ئەنجام ڕاگواستن و دوورخستنەوەی زۆرەملێی گەلانی ڕەسەنی لێکەوتەوە بۆ زەوییە دیاریکراوەکانی مۆڵگەکان.

 

پەیماننامەی نێوان ئەمریکا و گەلی مێنۆمینیی (١٨٣١)

نووسەر و توێژەر جەیمس ئۆبەرلی باس لە "پەیماننامەی ساڵی ١٨٣١ دەکات لەنێوان گەلی مێنۆمی و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا" لە وتارەکەی خۆیدا سەبارەت بە "بڕیاردان لەسەر داک کریک: دوو مۆڵگە لە گرین بەی و سنوورەکانیان ، ١٨١٦ - ١٩٩٦" و پەیماننامەیەکی تریشی باسکرد سەبارەت بە مۆڵگەکانی دانیشتووانی ڕەسەن لەپێش ساڵی ١٨٥٠دا. ناکۆکییەک هەبوو لە نێوان گەلی مێنۆمی و ویلایەتی ویسکنسن  و "پەیماننامەی مێنۆمیی ساڵی ١٨٣١... سنووری دیاریکردبوو لە نێوان زەوییەکانی ئۆنیدا، کە لە پەیماننامەکەدا بە "نیویۆرکی هندییەکان" دەناسرا. ئەم پەیماننامەیە لە ساڵی ١٨٣١وە هۆکاری ناکۆکی و ململانێیە چونکە ئەم شوینە ناوچەیەکی باشی ڕاوکردن بوو.

 

یاسای بازرگانی و پەیوەندییەکان (١٨٣٤)

دەقی ئەم یاسایە دەڵێ کەوا "لە ساڵی ١٨٣٤دا ئەمریکا سنووری ناوچەی هندییەکانی دیاری کردووە". هەروەها "سەبارەت بە ئۆنراو، ئەوە ولاتە ڕەسەنەکە کەمتر پەیوەندیی بە نیشتمانی دانیشتووانی ڕەسەنەوە هەیە و لە هەموو شوێنێک زیاتر ئەمریکا هندییەکانی لە ڕۆژهەلاتی ڕووباری میسیسیپییەوە گواستووەتەوە و یاسا تایبەتمەندەکانی جێبەجێ کردووە". جێبەجێ کردنی ئەم یاسایانە بەندە بە شوێنی بوون و ژیانیانەوە وەک ڕووباری میسیسیپی. هەروەها ئەم یاسایە لەبەر ئەوە دەرکراوە  چونکە "حکوومەتی فیدراڵی کەوتە فشار کردن لە زەوی و خاکی دانیشتووانە ڕەسەنەکە لەبەر ئەوەی پێویستی بە ناردنی هێز بوو بۆ تەکساس لەکاتی جەنگی مەکسیک و ئەمریکادا و پاراستنی کۆچکردنی ئەمریکی بەرەو ئۆریگۆن و کالیفۆرنیا". حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی حەز و پێویستیی ئەوەی هەبوو دانیشتووانی ڕەسەن  بخاتە مۆڵگەی پارێزگارییەوە. هەروەها دەشڵێت کە "وا لە ئیستیکشافی دۆزەرەوەکان و کاربەدەستە ئەمریکییەکان دەگەن کە وڵات و ناوجەکانی خەڵکە ڕەسەنەکە زەوییەکی باس و نێچیری ڕاوکردن زۆر و سەرچاوەی کانزایی باشی تێدایە". حکوومەتی ئەمریکی داوای زەوی و زاری دانیشتووانی ڕەسەنی دەکرد بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی بە دامەزراندنی ئەم مۆڵگە پارێزگارییانە لەسەر زەویی دانیشتووانی ڕەسەن.

 

سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی دانیشتووانی ڕەسەن   

لە تەکساس (١٨٥٤)

ویلایەتەکانی وەک تەکساس سیاسەتی تایبەتی خۆیان هەبوو پەیوەندیی بە مۆڵگە هندییەکانی ئەمریکاوە لە پێش ساڵی ١٨٥٠دا. توێژەر جۆرج هارمۆن باس لە سیستەمی مۆڵگەی پارێزگاریی تایبەت بە تەکساس دەکات کەوا "لە پێش ساڵی ١٨٤٥دا، تەکساش دەستی داوەتێ و پەیڕەویی سیاسەتی تایبەتی خۆی کردووە سەبارەت بە هندییەکانی خۆی لە ئەمریکادا". هارمۆن لە وتارەکەیدا دەڵێ، "سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە هندییەکان لە تەکساسدا، ١٨٤٥ - ١٨٦٠"، ئەوەیە کە تەکساس چەند سەد ئەیکەرێک یان فەددانێک زەویی دراوەتی لە ١٨٤٠دا بە مەبەستی کۆڵۆنی کردن. بەهەرحاڵ، "لە مارتی ١٨٤٧دا ... بریکارێکی تایبەت نێردراوە بۆ تەکساس بۆ ئیدارەدانی کاروباری هندییەکان لەو ویلایەتەدا تا ئەو کاتەی کەوا کۆنگرێس هەندێ ڕێوشوێنی دیاریکراو دەگرێتەبەر و ئەمریکا بواری دابوو بە ویلایەتەکانی خۆی کە پەیماننامەی تایبەتی خۆیان ئەنجام بدەن وەک ئەمەی تەکساس بۆ مەبەستی کۆڵۆنی کردن.

 

سەرهەڵدانی سیاسەتی ڕاگواستن و دوورخستنەوەی هندییە ڕەسەنەکان (١٨٣٠ - ١٨٦٨)

تێپەڕاندنی یاسای ڕاگواستنی هندییەکانی ساڵی ١٨٣٠ وەک بەسیستەمکردنی سیاسەتی حکوومەتی فیدراڵی دێت بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی ڕەسەن دوور لەو ناوچانەی  کە خەڵکی ئەوروپی تییاندا نیشتەجی بوون ، بە زۆر بووبێت یان بەخوایشت. نموونەیەکی ئەمەش پێنج خێڵە بەشارستانیبووەکە بوو کە لە خاک و وڵاتی ڕەسەنی خۆیان هەڵکەندران لە باشووری  ویلایەتە یەکگرتووەکان و بە کۆچێکی بەکۆمەڵ بۆ ناوچەی ئۆکڵاهۆمای ئێستا ڕاگوێزران، کە بە کاروانی فرمێسک ناسرا. هەندێ لەو زەوییانەی دران بەم خێڵانە بۆ ئەوەی لە دوای ڕاگواستن تێیاندا نیشتەجێ ببن دواتر بوون بە مۆڵگەی پارێزگاری بۆ هندییەکان.

لە ساڵی ١٨٥١دا، کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای ئیعتیمادی هندییەکانی تێپەڕاند کە ڕیگەی بە دامەزراندنی مۆڵگەی هندییەکانی دا لە ئۆکڵاهۆمای نوێدا. لێرە بەدواوە پەیوەندیی نێوان نیشتەجێ ئەوروپییەکان و خەڵکە ڕەسەنەکە  تادەهات بەرەو خراپبوون دەڕۆیشت بەوەی کە نیشتەجێ سپیپێستەکان settlers دەستدرێژییان دەکردە سەر زەوی و زار و سەرچاوە سروشتییەکان لە ڕۆژاوا.

 

تواندنەوە و ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ (١٨٦٨ - ١٨٨٧)

زۆەبەی مۆڵگە هندییەکانی وەک مۆڵگەی لاگونا لە نیومەکسیکۆ دەکەونە ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە و بەزۆری دەکەونە ئەو ناوچانەوە کە زیاتر بۆ ئاژەڵداری گونجاون وەک بۆ کشتوکاڵ. لە ساڵی ١٨٦٨دا، سەرۆک یولیسیس گرانت پەیرەویی "سیاسەتی ئاشتیی" کرد وەک هەوڵێک بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی. ئەم سیاسەتە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هندیی لەخۆگرت، بە ئامانجی گواستنەوەی خێڵە جیاوازەکان لە زێدی باوباپیرانیانەوە بۆ ئەو پارجە زەوییانەی کە بۆ نیشتەجێبوونیان تەرخان کرابوو. ئەم سیاسەتە بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە بەرپرسە حکوومییەکان بگۆڕدرێن بە پیاوانی ئایین و لەلایەن کەنیسەوە دەستنیشان بکرێن بۆ ئەوەی خێڵە ڕەسەنەکان فێری مەسیحییەت بکەن. لەم ڕووەشەوە کواکەرزەکان بەشێوەیەکی تایبەتی چالاک بوون لەم سیاسەتەدا کە پەیوەندیدار بە مۆڵگەکانەوە.

هەڵبەت ئەم سیاسەتە هەر لە دەسپێکەوە جێگەی مشتومڕ بوو. بەگشتی مۆڵگەکان بە فەرمانی ڕاپەڕاندن دادەمەزران. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نیشتەجێکان بەرهەڵستیی قەبارەی پارچە زەوییەکانیان دەکرد و دواتر کەم دەکرانەوە. ڕاپۆرتێک کە ساڵی ١٨٦٨ پێشکەشی کۆنگرێس کراوە ئەو گەندەڵییە دەردەخات کە لە ناو دەزگا و ئاژانسە فیدراڵییە ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا تەشەنەی کردبوو، هەروەها ئەو بارودۆخە خراپەی کە بەگشتی لە ناو خێڵە ڕاگوێزراوەکاندا بوو.

زۆرێک لە خێڵەکان سەرەتا فەرمانەکانی گواستنەوەیان پشتگوێخست و ناچار کرابوون لەسەر پارچە سنووردارەکانی زەوییەکانیان بژین. جێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتە پێویستی دەکرد کە سوپای ئەمریکا جموجووڵی خێڵە جیاوازەکان سنووردار بکات. ڕاوەدوونانی خێلەکان ناچاری کردن بگەڕینەوە بۆ مۆڵگەکان و سەریکێشایەوە بۆ ژمارەیەک شەڕوشۆڕ لەگەڵ ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا و کۆمەڵێک کوشتاریشی تێکەوت. ناودارترین شەڕ و ململانێ جەنگی سیوکس بوو لە دەشتی مەزنی باکووردا، لە نێوان ساڵانی ١٨٧٦ و ١٨٨١دا، کە شەڕی لیتڵ بیگهۆرنی تێکەوت. هەر لەم ڕووەشەوە جەنگە بەناوبانگەکانی تر، جەنگی نێز پێرس و جەنگی مۆدۆک بوون، کە دوا ململانێ بوون و بەفەرمی جەنگی لێوە ڕاگەیەنرا.

لە دوادوایی ساڵانی ١٨٧٠کاندا، ئەو سیاسەتەی کە سەرۆک گرانت داینا بە شکستخواردوو لە قەڵەمدرا. ئەوەش بە پلەی یەکەم بوو بە هۆی هەندێک لە خوێناویترین جەنگ لە نێوان ئەمریکییە ڕەسەنەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. لە ساڵی ١٨٧٧دا سەرۆک ڕەزەرفۆرد هایس کەوتە تووڕهەڵدانی پلەبەپلەی ئەم سیاسەتە و بۆ ساڵی ١٨٨٢ تەواوی ڕێکخراوە ئاینییەکان دەسبەرداری دەسەڵاتی خۆیان بوون بۆ ئاژانسی فیدراڵیی هندییەکان.

 

تاک تاک کردنەوەی مۆڵگەکانی پارێزگاری (١٨٧٧ - ١٩٣٤)

لە ساڵی ١٨٨٧دا، کۆنگرێس گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد لە سیاسەتی مۆڵگەدا لە ڕێگەی تێپەراندنی یاسای داوەس، یان یاسای ئەرخانکردنی گشتیی (پارجە زەوی). ئەم یاسایە ئەو سیاسەتە گشتییەی کۆتایی پێهێنا لەبارەی بەخشینی پارجە زەوی بە خێڵەکان وەک گشت و بەسەر یەکەوە لە ڕێگەی بەخشینی پارچەی بچووکی زەوییەوە بۆ ئەندامانی خێڵەکە. لە هەندێ حاڵەتدا و بۆ نموونە، مۆڵگەی پارێزگاریی ئوماتیللا، پاش ئەوەی پارجە زەوییەکانی تاک لە دەرەوەی زەوییەکانی مۆڵگەکە دەبەخشران و بەم شێوەیە ڕووبەری مۆڵگەکە کەمکرایەوە لە ڕێگەی بەخشینی "زەویی زیادە" بە نیشتەجێ سپیپێستەکان. سیاسەتی تارخانکردنی تاک تا ساڵی ١٩٣٤ بەردەوام بوو، کە پاشان لە ڕێگەی یاسای ڕێکخستنەوەی هندییەکانەوە کۆتایی پێهێنرا.

 

مامەڵەی نوێی هندییەکان (١٩٣٤ - تا ئێستا)

یاسای ساڵی ١٩٣٤ی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هندییەکان، کە بە یاسای هوارد ویلەر ناسرا، هەندێ جار پێیدەوترا مامەلەی نوێی هندییەکان و لەلایەن جۆن کۆڵیێرەوە دەستپێکرا. ئەم یاسایە مافی نوێی بۆ ئەمریکییە ڕەسەنەکان ڕەخساند و هەندێ لە پرۆسەی پێشووی بەتایبەتکردنی ماڵ و مڵکی هاوبەشیانی پێچەوانە کردەوە و هانی دەستباڵایی خێڵەکی و بەڕێوەبردنی زەوییەکانیدا لەلایەن خێڵەکانەوە. هەروەها یاساکە بوو بە هۆی خاوکردنەوەی پرۆسەی تەرخانکردنی زەوییە خێڵەکییەکان بۆ ئەندامانی تاک و کەمکردنەوەی خاوەندارێتیی "زیادە" بۆ غەیری ئەندامەکان.

لە مەودای بیست ساڵی دواتردا، حکوومەتی ئەمریکی وەبەرهێنانی کردووە لە ژێرخان و چاودێریی تەندروستی و پەروەردە لە مۆڵگەکاندا. بە هەمان شیوەش زیاد لە دوو ملیۆن ئەیکەر (٨ هەزار کم٢) زەویی گێڕدراوەتەوە بۆ خێڵە جیاوازەکان. لە ماوەی دەیەیەکدا لە خانەنشینبوونی کۆڵیێر هەڵوێستی حکوومەت کەوتە ئەوەی بە ئاڕاستەی پێچەوانەدا بروات و هەردوو کۆمیسیارە نوێکەی هندییەکان مایەرز و ئیمۆنز بیرۆکەی "بەرنامەی پاشەکشە" یان "کۆتاییهێنان" یان خستەڕوو، کە هەوڵی کۆتاییهێنانی بەرپرسیارێتیی حکوومەتی دا و مامەڵەکردنی لەگەڵ هندییەکان و ناچارکردنیان بە توانەوە ئەسیمیلەبوون.

بەم پێیە هندییەکان زەوییەکانیان لەدەست دەچوو، بەڵام دەبوو قەرەبوو بکرێنەوە و هەرچەندە گەلێکیشیان نەدەکرانەوە. تەنانەت پەستی و ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی بیرۆکەکەیان دەکوشت لەپێش ئەوەدا کە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، چونکە پێنج خێڵ کۆتاییان پێهات، کە بریتی بوون لە خێڵەکانی - کۆشاتا، یووت، پایوت، مێنۆمینی، کلامات - و ١١٤ گرووپ و کۆمەڵیان لە کالیفۆرنیا دانپیانانی فیدراڵییان لەدەستدا وەک خێڵ. هەروەها زۆرێک لە تاکەکانیش بۆ شارەکان ڕاگوێزران، بەڵام لە دەیەکانی دواتردا یەک لەسەر سێیان گەڕانەوە.

 

حوکمکردن

بەو هۆیەوە کەوا خێڵە ئەمریکییە ڕەسەنە دانپیانراوەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە سەروەرییەکی سنوورداری خێڵەکییان هەبوو، ئەوە دەیانتوانی پراکتیزەی مافی خۆبەڕێوەبردن بکەن، بۆ نموونە نەک بەدیاریکراوی، توانای تێپەڕاندنی یاساکان و ڕێکخستنی دەسەڵات و وزە و سازدانی پەیماننامە و ئەنجامدانی دانیشتنی گوێگرتن لە دادگایی کردنە خێڵەکییەکاندا. بەم هۆکارە ڕەنگە ئەو یاسایانەی پەیوەندییان هەبوو بە زەوییە خێڵەکییەکانەوە جیاواز بن لەوانەی لە ناوچەکانی دەوروپشتدا هەبوون. بۆ نموونە، دەکرێ ئەو یاسایانەی کە دەردەکرێن بوار بە بوونی گازینۆ یاساییەکان بدات لە مۆڵگەکاندا. بەزۆرییش ئەنجومەنی خێڵەکی دەسەڵاتی دادوەریی هەیە بەسەر مۆڵگەکاندا، نەک حکوومەتی ناوخۆیی یان حکوومەتی فیدراڵیی ئەمریکی. سیستەمیەکانی حوکم لە مۆڵگە جیاوازەکاندا دەگۆڕێن و ڕەنگە فۆرم و شێوەکانی ئەو حوکمەی لە دەرەوەی مۆڵگەکەیە دووبارەی بکاتەوە یان نەیکاتەوە.

 

خاوەندارێتیی زەوی و زار و یاسای فیدراڵیی هندی

لەگەڵ دامەزراندنی مۆڵگەکاندا، زەوی و زاری خێلەکی هاتە کزی و کەمبوونەوە بۆ بەشێکی بچووکی ناوچە ڕەسەنەکان و پراکتیزەی عورفی و نەریتیی خەڵکە ڕەسەنەکە  بۆ خاوەندارێتیی زەوی تەنها  ماوەیەکی خایاند و ئەویش نەک لە هەموو حاڵەتەکاندا. لەجیاتیی ئەوە، حکوومەتی فیدراڵی یاسا و لایحەیەکی وای دانا کە یەکەمجار خێڵەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی  سوپاوە و پاشان بیخاتە ژێر دەسەڵاتی بیرۆی کاروباری هندییەکانەوە. بەپێی یاسای فیدراڵی حکوومەت مۆڵگەکانی بە ناوی خێڵەکانەوە تۆمارکرد و بوون بە قەوارەی یاسایی کە دواتر چەشنی کۆمپانیا کاریان دەکرد. خاوەندارێتیی خێڵەکی بەرپرسیارێتیی دادوەریی سنووردار دەکات لە پلانی بەکارهێنانی زەوی و زار و دابەشکردنی ناوچەکاندا و دانوستان کردن لەسەر گرێبەستی بەکرێدانی پارچەی تەختە و کانزا. بەگشتی خێڵەکان دەسەڵاتیان بەسەر فۆرم و شێوەی پەرەسەندنی ئابوورییدا دەشكێت، چەسنی ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، گەشتیاری و گازینۆکان. خێڵەکان دەتوانن کار بە ئەندامانی خۆیان بکەن و بێجگە لەوەش هندییەکانی تر و غەیرە هندییەکان بە توانای جیاجیا، ئەوان دەتوانن عەمبار و دووکانی خێڵەکی، کۆگا ودووکانی خێڵەکی بەڕێوەببەن لە مۆڵگەی هندییەکان، مۆزەخانەکان پەرەپێبدەن  (بۆ نموونە لە مۆڵگەی هندییەکانی فۆرت هۆڵ لە ئیداهۆ و مۆزەخانەی فۆکسوود لە مۆڵگەی هندییەکانی کۆننێکتیکەت).

ئەندامانی خێڵەکان ژمارەیەک سەرچاوەی خاوەندارێتیی خێڵ بەکاردێنن وەک لەوەڕگا و هەندێ زەوی و زاری گونجاو بۆ کشتوکاڵ. هەروەها دەتوانن خانووش دروست بکەن لەسەر ئەو زەوییانەی کە لەژێر دەستی خێڵەکاندان. بەم پێیە  ئەوان وەک کرێگرتەی هاوبەشن و بە واتایەکی تر وەک خاوەن مڵکی هاوبەشن. تەنانەت ئەگەر ئەم شێوازە لەو نەریتە خێڵەکییانەی پێش مۆڵگەشەوە سەرچاوەیان گرتبێت، ئەوە خێڵ بەگشتی دەسەڵاتی دەسکاری کردنی پراکتیزەکردنی کرێگرتەی هاوبەشی هەیە.

لەگەڵ یاسای تەرخانکردنی گشتیی ساڵی ١٨٨٧ (واتە یاسای داوەس)، حکوومەت هەوڵی بەتاککردنی زەوی و زاری خێڵەکی دا لە ڕێگەی بواردان بەو بەشەی کەوا کەوتووەتە خانەی خاوەندارێتیی تاکەوە. بە شێوەیەکی گشتی، پرۆسەی تەرخانکردن بوو بە هۆی کۆکردنەوەی خاوەندارێتیی خێزانی و لە هەندێ حاڵەتیشدا خزمایەتیی پێش مۆڵگە یان شیوازەکانی تری هێشتەوە. ژمارەیەکی کەمی بەرنامەی تەرخانکردنی پێش یاسای داوەسیش هەیە. بەهەرحاڵ، گەورەترین دابەشبوونی مۆڵگەکان لەم یاسایەوە سەرچاوەی گرت و تا ساڵی ١٩٣٤، کاتێ کە یاسای سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هندی دەرکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆنگرێس بواری هەندێ بەرنامەی تەرخانکردنی دا لە ساڵانی دواتردا، وەک مۆڵگەی پالم کالێنتەی هندی لە کالیفۆرنیا.

 

تەرخانکردن ژمارەیەک بارودۆخی هێنایە پێشەوە:

•   تاکەکان دەتوانن پشکە تەرخانکراوەکان بفرۆشن و بەپێی یاسای داوەس ئەوە نەدەکرا ڕووبدات تا پاش تێپەڕینی بیست و پێنج ساڵ بەسەریدا.

•  ئەو تاکانەی زەوییان بۆ تەرخانکراوە و کاتێ کە دەمرن بێ هیچ میراتگرییەکی زەوییەکە بەپێی یاساکانی تەرخانکردنی ویلایەت و ئەمە سەر دەکێشێتەوە بۆ شێوازێکی ئاڵۆزی میرات. کۆنگرێس هەوڵیدا کاریگەریی میرات سووک بکات لە ڕێگەی بەخشینی تواناوە بە خێڵەکان بۆ دەستکەوتنی بەشی بچڕبچڕ لە ڕێگەی کۆمەکی داراییەوە. هەروەها خێڵەکان دەتوانن ئەم پارچە زەوییانە بخەنە پلانی درێژخایەنی بەکارهێنانەوە.

•  بە نامۆبوون لەگەڵ غەیرە هندییەکاندا و زیادبوونی ژمارەیان لە زۆرێکی مۆڵگەکاندا بوو بە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچە هندییەکاندا. یەک لەو ئاسەوارە زۆرانەی ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە خێڵەکان ناتوانن بەڕێوەبردنی تەواوی مۆڵگەکە لەئەستۆ بگرن، چونکە خاوەن مڵک و بەکارهێنەرانی غەیرە هندی بۆ زەوییە تەرخانکراوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە خێڵەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئەو زەوییانەدا نییە کە دەکەونە بەر حوکمی باج و یاسا و سیستەمی دادوەریی حکوومەتی ناوخۆوە.

فاکتەری دیموگرافی، لە پاڵ داتای خاوەندارێتیی زەویدا، بۆ نموونە، بووە بە هۆی داوەریی لە نێوان دەڤیڵز لەیک سیوکس و ویلایەتی داکۆتای باکوور، کە تێیدا دانیشتووانی غەیرە هندی خاوەندارێتیی ڕووبەری گەورەترن لە زەوی و زاری خێڵەکان ئەگەرچی ژمارەی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کە لە مۆڵگەکەدا دەژین گەورەترە لە ژمارەی غەیرە هندییەکان. بڕیاری دادگا، تا ڕادەیەک، پشتی بە تێگەیشتنی کاراکتەری هندی بەستووە و وای داناوە کە خێڵ دەسەڵاتی دادوەریی نییە بەسەر تەرخانکراوی دەست لێهەڵگیراوەوە. لە ژمارەیەک حاڵەتدا، بۆ نموونە، مۆڵگەی یاکامای هندی -  کە تێیدا خێڵەکان ناوچەی   کراوە و داخراون لە ناو مۆڵگەکاندا. دەبینی کەوا زۆربەی خاوەندارێتیی زەوییەکانی غەیرە هندی و جێگیربوون لە ناوچە کراوەکاندایە، بەپێچەوانەی ئەوەوە، ناوچە داخراوەکان بە حەسری هی جێگیربوونی خێڵەکی و دۆخی پەیوەندیدارە.

ئەمڕۆ ناوچە یان وڵاتی هندی لە حکوومەتێکی سیانی پێکدێت. بۆ نموونە، فیدراڵی یان ویلایەت یان ناوخۆیی و خێڵەکی. لەکاتێکدا کە حکوومەتی ویلایەتەکان و حکوومەتە ناوخۆییەکان هەندێ دەسەڵاتیان هەیە، بەڵام سنووردار، لە بواری یاسا و نیزامدا، بەڵام سەروەریی خێڵەکی ڕووی لە کزییە.  دواجاریش، خاوەندارێتیی تر لە مۆڵگەکاندا پەیوەستە بە خاوەندارێتیی خێلەکی یان تاکەکەسەوە. زۆرێک لە کەنیسەکان لە مۆڵگەکاندا هەن و گەلێکیان زەویی خێڵەکانیان داگیرکردووە بە ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی یان خێڵەکە. بە عادەت ئۆفیسەکانی ئاژانسەکانی بیرۆی کاروباری هندییەکان، نەخۆشخانەکان و خوێندنگەکان و خزمەتگوزارییەکانی تر  پارچە زەوییەکانی مۆڵگەکانیان داگیر کردووە.

 

قومارکردن

لە ساڵی  ١٩٧٩دا، خێڵی سێمینۆڵ لە فلۆریدا بینگۆیەکیان لە مۆلگەیەکی تایبەت بەخۆیان کردەوە لە فلۆریدا. ویلایەتەکە هەوڵی دا ئەم کارە ڕابگرێت بەڵام لە دادگاکاندا وەستێنرا. لە سالانی ١٩٨٠کاندا، پرسی کالیفۆرنیا دژ بە کابازۆن California v. Cabazon Band of Mission Indians مافی ئەوەی بە مۆڵگەکان دا کە شێوەکانی پرۆسەی قومار دامەزرێنن. ساڵی ١٩٨٨ کۆنگرێس یاسای ڕێکخستنی یارییەکانی هندیی دەرکرد، کە دانی نا بە مافی خێڵە ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا بۆ دامەزراندنی خزمەتگوزاریی قومار و یارییەکان لە مۆڵگەکانیاندا، لە حاڵەتێکدا کە ئەو ویلایەتانەی تییدا دەکرێتەوە فۆرمێکی یاسایی قومارکردنیان هەبێت.

ئەمڕۆ، زۆرێک لە گازینۆکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان وەک شوێنی کێشکردنی گەشتوگوزار، لەنێویاندا وەک بنەمایەک بۆ خزمەتگوزاریی هۆتێل و کۆنفرانسەکان،  بۆ ڕاکێشانی سەردانیکەران و داهات بۆ مۆڵگەکان. ئەم کارە لە هەندێک لەو مۆڵگانەدا بوو بە هۆی زیادکردنی سامانی ئابووری بۆ هەندێ لە خێڵەکان بە شێوەیەکی گەورە و بوو بە مایەی چاککردنی ژێرخان و خوێندن و تەندروستیی گەلەکانی.

 

جێبەجێکردنی یاسا و تاوان

لە ڕووی مێژووییەوە، وای پێویست دەکرد لێکۆڵینەوە لە تاوانە مەترسیدارەکان بکرێت لە مۆڵگە هندییەکاندا (بەپێی یاسای تاوانە گەورەکانی ساڵی ١٨٨٥ و بڕیارەکانی دادگا) لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە. دادگا خێڵەکییەکان سنووردار کرابوون بە سزادانی یەک ساڵ یان کەمتر، تاوەکوو لە ساڵی ٢٠١٠دا یاسا و نیزامی خێڵەکی دەرچوو، کە تا ڕادەیەک بوو بە هۆی چاکسازیی ئەو سیستەمەی کە بوار بە دادگا خێڵەکییەکان دەدا سزای تا سێ ساڵ بسەپێنن بە مەرجی پەیڕەویکردنی ڕێوشوێنی مافی ئیزافی بۆ تۆمەتباران. وەزارەتی داد لە ساڵی ٢٠١٠دا دەسپێشخەریی ڕزگارکردنی یاسای ڕاگەیاند لە ناوچە هندییەکاندا کەوا دان بەو کێسانەدا دەنێت کە پەیوەستن بە سەپاندنی یاسا لە مۆڵگە هندییەکاندا و پێشینە دەداتە چارەسەرکردنی کێشەکان.

وەزارەتی داد دان بەو پەیوەندییە یاساییە تایبەتەدا دەنێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبەستێت بەو خێڵانەوە کە لەلایەن فیدراڵییەوە دانیان پێدانراوە. یەکێک لە لایەنەکانی ئەم پەیوەندییە، لە زۆربەی ناوجە هندییەکاندا، ئەوەیە کەوا تەنها وەزارەتی داد بەدوای ئەگەری سزایەکی گونجاودا دەگەڕێت لەکاتی ئەنجامدانی تاوانیکی ترسناکدا. ڕۆڵی ئێمە وەک داواکاری گشتیی سەرەکی بۆ تاوانە مەترسیدارەکان بەرپرسیارێتیمان لە ئاست هاوولاتییانی ناوچە هندییەکاندا تایبەتە و دەبێ پیوەی پابەندبین. بەو پێیە سەلامەتیی گشتی لە کۆمەڵگە خێڵەکییەکاندا کارێکی لەپێشینەی باڵای وەزارەتی دادە. جەختیش کراوەتە سەر چاککردنی بەدواداچوونی دادوەری بۆ ئەو تاوانانەی توندوتیژیی ناوماڵ و دەستدرێژیی سێکسی لەخۆدەگرن.

ساڵی ١٩٥٣ یاسای گشتیی ژمارە ٢٨٠ دەرکرا، کەوا دەسەڵاتی دادوەریی لەسەر تاوانە جینائییەکانی پەیوەندییان بە هندییەکانەوە هەیە لە وڵات و ناوجە هندییەکاندا داوە بە هەندێ لە ویلایەتەکان و بواری بە هەندێ ویلایەتی تریش داوە  دەسەڵاتی دادوەری لەئەستۆ بگرن. تەشریعاتی دواتر ڕێگەی داوە بە ویلایەتەکان بۆ پاشەکشێ لە حوکمە دادوەرییەکەیان.

 

توندوتیژی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان

ڕووماڵێکی بڕوانامەی مردن لە ماوەی چوار ساڵدا دەریخستووە کە مردن لە ناو هندییەکاندا بە هۆی مەیخواردنەوەوە چوار جاران باوترە  بەبەراورد لەگەڵ سەرانسەری دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و بەزۆری بە هۆی ڕووداوی ڕێگەوبان و نەخۆشییەکانی جگەر و کوشتن و خۆکوشتنەوەیە. ئەو مردنانەی بە هۆی مەیخواردنەوەوەیە لە ناو پیاوانی هندییە ئەمریکییەکاندا و لە ناو هندییەکانی دەشتاییەکانی باکووردا. بەڵام دانیشتووانە ڕەسەنەکەی ئالاسکا  تێکڕای مردنیان کەمترە.  بەپێی یاسای فیدراڵی فرۆشتنی مەی لە مۆڵگە هندییەکاندا قەدەغەیە مەگەر ئەنجومەنە خێڵەکییەکان ڕێگەی پێبدەن.

توبدوتیژیی باندەکان بووە  بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورە. وتارێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ١٣ی دیسەمبەری ٢٠٠٩دا لەبارەی توندوتیژیی باندەکانەوە لە مۆڵگەی پاین ڕیجی هندیدا مەزەندەی ئەوە دەکات کە ٣٩    باند و تاقم پێنج هەزار ئەندامیان هەیە تەنها لەو مۆڵگەیەدا. بەپێچەوانەی لیستی "داواکراوە" نەریتییەکانەوە، بە زۆری ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەخرێنە لیستە ناوخۆییەکانی  "پشتیوانانی تاوانەوە" کەوا خەڵات و بەرات دەدرێتە خەڵکانێک هەواڵیان لەبارەوە بگەیەنێت.

 

ناکۆکی و ململانێ لەسەر دەسەڵات بەسەر زەویدا

کاتێ ئەوروپییەکان بەرەوڕووی جیهانی نوێ بوونەوە، حکوومەتی کۆڵۆنیاڵیی ئەمریکی پێشینەیەکی دیاریکرد کە خۆی لە سەروەریدا دەبینێتەوە بەسەر خاک و زەویی ئەمریکای باکووردا لە ڕێگەی پەیماننامەکانی نێوان ولاتان و ناوچەکاندا. حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیریی ئەم پێشینەیەی   کرد و لە ئەنجامیشدا حکوومەتی ئەمریکی زۆربەی زەوی و زاری ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کڕی و بەشێکیشی لە ژێر دەستی دانیشتووانی ڕەسەندا هێشتەوە. حکوومەتی ئەمریکا و خەڵکە ئەمریکییە ڕەسەنەکە هەمیشە ڕێکنەدەکەوتن لەسەر چۆنێتیی  بەڕێوەبردنی ئەم زەوییانە و ئەمەش بوو بە هۆی زنجیرەیەک شەڕ و ناکۆکی لە سەر سەروەری و دەسەڵات.

 

ناکۆکی و ململانێ لەسەر زەوییەکانی بلاک هیڵز

حکوومەتی فیدراڵی و ئەندامانی خێڵی لاکۆتا سیوکس لە سەردەمی مۆرکردنی پەیماننامەی ساڵی ١٨٦٨ی فۆرت لارامییەوە کەوتبوونە کێشە و ململانێی یاساییەوە لە سەر زەوی و ناوچەی بلاک هیڵز (واتە گردە ڕەش - و)، کە  ئەوەی ئەمڕۆ پێیان دەوترێت گەلی مەزنی سیوکس لە سەری دەژیان و تەواوی ناوچەی بلاک هیڵز و نزیکەی نیوەی ڕۆژاوای داکۆتای باشوور دەگرێتەوە. تا ساڵی ١٨٧٤ دان بەم پەیماننامەیەدا نرابوو و ڕێزی لێدەگیرا، بەڵام لەو ساڵەدا جەنەراڵ جۆرج کیستەر ئاڵتوونی تێدا دۆزییەوە و ئەمە بوو بە هۆی ناردنی شەپۆلێکی نیشتەجێ سپیپێستە ئەوروپییەکان settlers بۆ ناوچەکە و مەسەلەکە سەریکێشایەوە بۆ تێگەیشتن لە بەهای ئەو زەوییانە لەلایەن گرانتی سەرۆکی ئەمریکاوە. سەرۆک گرانت هێزی تەکتیکیی سەربازیی بەکارهێنا  بۆ دەرکردنی خێڵی سیوکس لەو ناوچەیە و پرۆژەی پەرەپێدانی یاسای تەرخانکردنی کۆنگرێس بۆ خزمەتگوزارییە هندییەکان لە ساڵی ١٨٧٦دا، کە پەیماننامەیەکی "برسی کردن یان فرۆشتن" بوو و تەنها ١٠% لە ٧٥%ی پیاوانی داواکراوی خێڵەکان مۆریان کرد بە پێی بنەمای ئەو هەلومەرجانەی کە لە پەیماننامەی فۆرت لارامیدا هاتبوو سەبارەت بە دەسبەرداربوون لە مافی سیکس لە بلاک هیڵزدا. لە پاش ئەم پەیماننامەیە  کۆنگرێس ڕێککەتننامەی ساڵی ١٨٧٧ی تێپەڕاند بۆ   دەرکردن و ڕاگواستنی خێڵی سیوکس لە ناوچەی بلاک هیڵز و تێیدا هاتووە  کەوا زەوییەکە لە خێڵی سیوکس کڕدرا سەرەڕای نەبوونی ئیمزای پێویست و تەواو و نەبوونی تۆماری مامەڵەکان و داواکاری و پێداگرتنی خێڵەکە لەسەر ئەوەی کە ئەم زەوییە هەرگیز بۆ فرۆشتن نییە.

زەوییەکانی بلاک هیڵز لای خێڵی سیوکس پیرۆز بوو بەو پێیەی کە مەڵبەندێکی ڕۆحانی و سوناسیان بوو و زۆر جەختیان لەسەر ناکۆکی و ململانێ دەکردەوە لە مەسەلەی خاوەندارێتیی زەوییەکە لە دادگاکاندا لەلایەن گەلی سیوکسەوە چونکە بواری ڕێگەی یاساییان پێدرا لە ساڵی ١٩٢٠دا. لە سەرەتای ساڵی  ١٩٢٠ەوە خێڵی سیوکس داواکارییەکی یاساییان پێشکەش کرد کەوا دەسبەرداربوونیان لە بلاک هیڵز هیچ کاتێ یاسایی نەبووە بە پێی دەسکاریی پێنجەم و هیچ بڕە پارەیەک ناتوانێت قەرەبووی لەدەستدانی خاک و زەوییە پیرۆزەکەیان بکاتەوە. ئەم داواکارییە گەیشتە دادگای باڵا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کێشەی هندییەکانی سیوکس لە ساڵی ١٩٧٩دا پاش ئەوەی کۆنگرێس زیندووی کردەوە و ئەنجام خێڵی سیوکس زیاد لە سەد ملیۆن دۆلاری بردەوە و حوکمەکە وا درا کە زەوتکردنی بلاک هیڵز لە ڕاستیدا نایاسایی بووە. سیوکس بەردەوام پارەکەیان ڕەتدەکردەوە  و لەو دەمەوە پارەی سوودی لەسەر کەڵەکە دەبوو تا گەیشتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٥دا.

لە کاتی کەمپەینەکەی سەرۆک باراک ئۆبامادا، ئاماژەی بەوە کرد کەوا کێشەی بلاک هیڵز لە ڕێگەی چارەسەری نوێ و ڕاویژەوە  کۆتایی پێدیت، بەڵام گومان لەم مەسەلەیە دەکرا کاتێ کە لیۆنارد جارمێنتی راوێژکاری کۆشکی سپی یاداشتێکی نارد بۆ گەلی ئۆگالا و وتی"ڕۆژگاری سازدانی پەیماننامە لەگەڵ هندییە ئەمریکییەکاندا لە ساڵی ١٨٧١ەوە تەواو بووە، ... کۆنگرێس بەتەنها دەتوانێت بە هەر شێوەیەک بووە ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە یان بیانگۆڕێت کە لە ساڵی ١٨٧١وە دەرچوون. هاوپەیمانییەکی قەرەبووی هی ساپا لە پاش دەستبەکاربوونی سەرۆک ئۆباما دامەزرا بۆ ڕۆشنبیرکردنی گەلی سیوکس و پێشنیازی پرۆژەیاسایەک بۆ کۆنگرێس کە بتوانێت ١.٣ ملیۆن ئەیکەری زەوی و زاری فیدراڵی لە چوارچێوەی بلاک هیڵزدا تەرخان بکات بۆ خێڵەکە. تا ئەمڕۆش ناکۆکی و ململانێ لەسەر بلاک هیڵز بەردەوامە لەگەڵ مەزەندەیەکی متمانە پێکراودا بە بەهای نزیکەی ١٠٣ ملیار دۆلار و سەرچاوەکان باوەڕیان وایە کە پرەنسیپی عەدالەتی ئاشتەوایی ڕەنگە باشترین چارەسەر بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ناکۆکییەدا کە تەمەنی سەدەیەکە.

 

داواکارییەکانی زەوی و زاری خێڵی ئێروکوا

لەکاتێکدا کەوا پەیماننامەی ساڵی ١٧٨٣ی پاریس، کە شۆڕشی ئەمریکیی کۆتایی پێهێنا، مامەڵەی مەسەلەی ناکۆکییەکانی دەسەڵات شکان  بەسەر  زەوی و خاکدا دەکرد لەنێوان تاجی بەریتانی و کۆڵۆنییەکاندا، بەڵام چارەسەری پرسی دوژمنکارانەی نەکرد لە نێوان دانیشتووانی ڕەسەن و کۆڵۆنیالیستەکاندا - بەتایبەتی ئەوانە لەپاڵ بەریتانییەکاندا شەڕیان دەکرد، وەک چوار لە ئەندامانی خێڵی هۆدینۆسۆنی باسیان دەکرد. لە ئۆکتۆبەری ١٧٨٤دا، حکوومەتی تازە دروستبووی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاسانکاریی دانوستانی دەست پێکرد لە نێوان هەر شەش گەلەکەدا لە فۆرت ستانویکس، نیویۆرکدا. لە پەیماننامەی ساڵی ١٧٨٤دا گەیشتنە ئەو ڕێککەوتنەی کەوا هندییەکان دەسبەرداری زەوییەکانیان ببن لە دۆڵی ڕووباری ئۆهایۆدا و لەبەرانبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکان زەمانەتی شەش ملیۆن ئەیکەری زەویی هۆدێنسۆنی بکات وەک نیشتمانی هەمیشەیی بۆیان - واتە نزیکەی نیوەی ڕووبەری نیویۆرکی ئێستا.

بەو هۆیەوە کە ویلایەتی نیویۆرک دڵگەرم نەبوو لەسەر هەلومەرجی پەیماننامەکە، بۆیە زنجیرەیەکی بیست و شەش "گرێبەستیی" بەدەستهێنا، کە زۆربەیان بۆ ماوەی ٩٩٩ ساڵ بوو لەسەر تەواوی زەوی و خاکی دانیشتووانی ڕەسەن لە ناو سنووری ویلایەتەکەدا. گەلی هۆدێنسۆنی پاش ئەوەی باوەڕیان وا بوو کە بە ڕاستی زەوییەکانیان لەدەستداوە بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای نیویۆرک گەنەسی، ڕازیی بوون لەسەر بەکرێدانی ئەو زەوییانەی کە لەلایەن حاکمی نیویۆرک جۆرج کلینتۆنەوە خرایە بەردەست وەک هۆکارێک کە لەو ڕێگەیەوە دانیشتووانی ڕەسەن دەتوانن سەروەریی خۆیان لە سەر زەوییەکانیان بپارێزن. لە ٢٨ی ئابی ١٧٨٨دا، بنەماڵەی ئۆنیداس پێنج ملیۆن ئەیکەریان بەکرێ دا بە دەوڵەت لە بەرانبەر دوو هەزار دۆلار پارەی کاش و دوو هەزار دۆلار جلوبەرگ و هەزار دۆلار زەخیرە و ئازووقە و شەشسەد دۆلار کرێی ساڵانە.  دوو خێلەکەی تریش بەدوایاندا هەمان کاری هاوشێوەیان کرد.

کۆمپانیای هۆڵاند لاند لە ساڵی ١٧٩٧دا دەستی گرت بەسەر تەواوی ئەو زەوییانەی ناوخۆدا کە بەکرێ درابوونە ویلایەت، بێجگە لە دە ئەیکەریان. پاشان ئەم ٣٩٧ میلی چوارگۆشەیە دابەشکرا و ژێربەژێر درا بەکرێ بە سپیپێستەکان و ئەنجام بوو بە هۆی کۆتایی هینان بە مافی خاوەندارێتیی خەڵکە ڕەسەنەکە بۆ زەوی. سەرەڕای ناڕەزایی ئێروکواکان، بەڵام دەسەڵاتە فیدراڵییەکان شتێکی ئەوتۆیان پێنەکرا بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم زوڵم و ستەمە. پاش ئەوەی گەلی ئۆنیداس دڵنیابوون لە مەسەلەی لەدەستدانی هەموو زەوییەکانیان، زۆربەیان لە ساڵی ١٨٣١دا داوایەکیان پێشکەش کرد بە گۆڕینەوەی ئەوەی ماوەتەوە لە مڵکەکانیان بە ٥٠٠ هەزار ئەیکەر کەوا لە گەلی مینۆمینی کڕیبوویان لە ویسکنسن. سەرۆک ئەندرو جاکسۆنیش، کە پابەندی ڕاگواستنی هندییەکان بوو بۆ ڕۆژاوای ڕووباری مسیسیپی، دەسبەجێ قایل بوو.

لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٨٣٨دا، ئیمزا لەسەر پەیماننامەی بافەڵۆ کریک کراو ڕاستەوخۆ گەلی سێنێکا دەسبەرداری ١٠٢ هەزار ئەیکەر زەوی بوون بۆ کۆمپانیای ئۆگدەن لەبەرانبەر ٢٠٢ هەزار دۆلاردا و ئەم بڕە پارەیەش بە شێوەیەکی یەکسان دابەش کرا لە نێوان حکوومەتدا - وەک کەفالەت لەبریی هندییەکان - و ئەو کەسانەی غەیرە هندی کە ویستیان ئەو پارچە زەوییانە بکڕن و چاکسازیی بکەن تێیاندا. دواجار هەموو ئەو زەوییانەی کەوا لە خاوەندارێتیی گەلانی کایوگا و ئۆنیدا و ئۆنۆداگا و توسکارۆرا مابوونەوە بە تێکڕا بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلار فرۆشرانە کۆمپانیای ئۆگدەن.

لە پاش شکات و شکاتکاریی هندییەکان، پەیماننامەی بافەڵۆی دووەم لە ساڵی ١٨٤٢دا نووسرا وەک هەوڵێک بۆ نێوەندگیری و خاوکردنەوەی گرژی. بە پێی ئەم پەیماننامەیە خێڵی هۆدێنسۆنی مافی نیشتەجێبوونی درایە لە نیویۆرک  و چەند ڕووبەرێکی بچووکی مۆڵگەکان لەلایەن حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە گێڕدرایەوە. بێگومان ئەم ڕێککەوتننانە تاڕادەیەکی زۆر ناکارا بوون لە پاراستنی زەوی و زاری ئەمریکییە ڕەسەنەکان. لە ساڵی ١٨٨٩دا، هەشتا لە سەدی هەموو زەوییەکانی مۆڵگەی ئێروکوا لە نیویۆرک لە لایەن خەڵکانی غەیری  هۆدێنسونییەکانەوە بەکرێ گیرابوون.

 

ناکۆکی و ململانێ لەسەر زەوییەکانی خێڵی ناڤاجۆ -  هۆپی

مۆڵگە هندییە نوێیەکانی ناڤاجۆ و هۆپی دەکەونە باکووری ئەریزۆناوە، لە نزیک ناوچەی فۆر کۆرنەر. ڕووبەری مۆڵگەی پارێزگاریی هۆپی دەگاتە ٢٥٣٢ میلی چوارگۆشە لە ناو ویلایەتی ئەریزۆنادا و مۆڵگەی پارێزگاریی گەورەی ناڤاجۆ کە لەسەر ڕووبەری ٢٧٤١٣ میلی چوارگۆشەیە  چواردەوری گرتووە و کەمێکیش دەکشێت بۆ هەردوو ویلایەتی نیومەکسیکۆ و یوتا. گەلی هۆپی، کە بە گەلی پویبلۆش دەناسرێت، بە هۆکاری ڕۆحی چەندین جار لە تەواوی ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوادا کۆچیان کردووە پێش ئەوەی لە باکووری ئەریزۆنای ئێستادا بگیرسێنەوە. گەلی ناڤاجۆش لە سەرانسەری ڕۆژئاوای ئەمریکای باکووردا کۆچیان کردووە وەک پەیڕەوی کردنی فەرمانە ڕۆحییەکان پێش ئەوەی لە نزیک ناوچەی گراند کانیۆندا بگیرسێنەوە. هەردوو خێڵەکە بە ئاشتی پێکەوە دەژیان و تەنانەت پێکیشەوە بازرگانییان دەکرد و بیر و بۆچوونیان لەگەڵ یەکتر دەگۆڕییەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شێوازی ژیانیان بەر هەڕەسە کەوت کاتێ کەوا "خەڵکە تازەکە"، ئەو ناوەی کە ناڤاجۆ لە نیشتەجێ ئەوروپییە  settlersسپیپێستەکانیان نابوو، کەوتنە کوشتنی دانیشتووانی ڕەسەن لە سەرتاپای کیشوەرەکەدا و داوای زەوییەکانیان دەکردن، لە ئەنجامی یاسایەکدا کە ئەندرو جاکسۆن دەریکردبوو. جەنگ لەنێوان گەلی ناڤاجۆ و ئەم ئەمریکییە نوێیانەدا بەرپابوو. ئەنجامیش ئەو ڕێڕەوتە دوور و درێژە بوو لە سەرەتاکانی ١٨٦٠کاندا، کە تێیدا تەواوی خێڵەکە ناچار کران بە زۆر و زۆرداری ماوەی ٤٠٠ میل ببڕن لە فۆرت کانبییەوە (کە ئەمڕۆ وینۆ ڕۆک، ئەریزۆنایە) بۆ بۆسک ڕێدۆندۆ لە نیو مەکسیکۆ. ئەم ڕێڕۆیشتنە هاوشێوەی  "کاروانی فرمێسکە" بەناوبانگەکەی گەلی چێرۆکییە و هەر وەک ئەمیش گەلێ لە ئەندامانی خێڵەکە لەم گەشتە بە سەلامەتی دەرنەچوون و فەوتان. لێرە نزیکەی ١١ هەزار کەس لە ئەندامانی خێڵەکە بەندکران لەو شوێنەی کە حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە مۆڵگەیەکی هندیی ئەزموونیی لەقەڵەم دابوو بەڵام شکستی هێنا چونکە خەرج و مەسرەفی هێجگار زۆر بوو. بەو پێیە لە ساڵی ١٨٦٨دا ڕێگە بە ناڤاجۆ درا بگەڕێنەوە بۆ زێد و نیشطمانی خۆیان لە پاش مۆرکردنی پەیماننامەی بۆسکی ڕێدۆندۆ. پەیماننامەکە بە شێوەیەکی فەرمی "مۆڵگەی ناڤاجۆی هندیی" لە باکووری ئەریزۆنا دامەزراند. تێرم یان زاراوەی مۆڵگەی پارێزگاری (محمیة) بریتییە لەو ناوچە یان شوێنەی کە دەبوو بۆ دانیشتووە هندییکان تەرخان بکرێن. ئەم پەیماننامەیە مافی نیشتەجێبوون لەسەر پارچە زەوییەک و حوکمێکی نیمچە ۆتۆنۆمیی پێدان. لە لایەکی تریشەوە،  بەپێی فەرمانێکی ڕاپەڕاندن کە سەرۆک ئارسەر لە ساڵی ١٨٨٢دا دەریکردبوو مۆڵگەی هۆپی دروستکرا.

لە پاش چەند ساڵێکی کەم لە دروستکردنی هەردوو مۆڵگەکە، یاسای تەرخانکردنی داوەس دەرکرا و بەو پێیە زەوییە خێڵەکییە بەکۆمەڵەکان دابەشکران و هەر ماڵێک یان خێزانێک پارچەیەکی بەرکەوت، وەک هەوڵدانێک بۆ سەپاندنی شێوازەکانی کشتوکاڵی ئەروپی -  ئەمریکی، کە هەر خێزانێک  لەسەر پارچە زەویی تایبەتی خۆی کار دەکات. ئەمەش وەک ئابڵووقەدانێکی تری حکوومەتی ئەمریکی بوو. بەم ڕەنگە هەر خێزانێک ٦٤٠ ئەیکەر یان کەمتر زەویی بەرکەوت و ئەو زەوییەی لێیان مایەوە بە "زیادە" دانرا چونکە لەوە زیاتر بوو کە خێڵەکان پێویستیان پێبوو. پاشان ئەم زەوییە "زیادەیە" خرایە بەر دەستی هاووڵاتییە ئەمریکییەکان بۆ کڕینی.

ئەو زەوییەی تەرخانکرابوو بۆمۆڵگەکانی گەلانی ناڤاجۆ و هۆپی لە بنەچەدا ڕووتەن و بێبەرهەم بوو بۆ نیشتەجێ سپیپێستەکان تا ساڵی ١٩٢١ کاتێ پشکنەرەکان کەوتنە گەڕان و پشکنین بە دوای دۆزینەوەی نەوتدا. کۆمپانیاکانی کانزاکان فشاریان خستە سەر حکوومەتی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە مۆڵگەکاندا بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر گرێبەستەکان دەرببڕن بە ناوی خێڵەکەوە.

لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا، یورانیۆم لە هەردوو مۆڵگەی ناڤاجۆ و هۆپی دەرهێنرا و بەتەواوی باس لە مەترسیی بەرکەوتنی تیشک نەکرا بۆ خەڵکە ڕەسەنەکە، کە نزیکەی هەموو هێزی کاریان پێکدەهینا لەم کانانەدا و ڕاستەوخۆ لە ناوچەکانی  دەوروپشتیدا دەژیان. لە ئەنجامی ئەوەدا، هەندێ لە دانیشتووان کە لە نزیک پرۆژەکانی یورانیۆم دەژیان ئەو بەردانەیان بەکارهێنابوو کە لە کانەکان دەرکرابوون بۆ دروستکردنی خانووەکانیان و بەردەکان تیشکاوەر بوون  و ئاسەواری تەندروستیی زیانبەخشیان هەبوو لەسەر دانیشتووان، لەنێویاندا زیادبوونی تێکڕای لەکارکەوتنی گورچیلە  و شێرپەنجە. لە کاتی پرۆسەی دەرهێناندا، هەندێک لە منداڵە ڕەسەنەکان لە گۆماوی گەورەدا مەلەیان دەکرد کە زۆر بە خراپی بە یورانیۆم پیس بووبوو لە ئەنجامی چالاکیی کانزاییەوە. هەروەها کۆمپانیاکان شکستیان هێنا کە بە ڕاست و دروستیی ڕزگاریان ببێت لە پاشماوە تیشکاوەرەکان و بەردەوام ژینگەی پیس دەکرد، بە سەرچاوە ئاوییەکانی دانیشتووانە ڕەسەنەکەوە. لە پاش ساڵانێکی زۆر، ئەو پیاوانەی کە لە کانەکاندا کاریان کردبوو هەموو بە شێرپەنجەی سییەکان مردن و خێزانەکانیشیان بە هیچ شێوەیەک قەرەبووی داراییان وەرنەگرت.

لە ساڵی ١٩٧٩دا، لێچوونی کارگەی یورانیۆمی چەرچ ڕۆک  Church Rock Uranium mill spill  گەورەترین دەرپەڕینی پاشماوەی تیشکاوەر بوو لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. ئەم لێچوونە بوو بە هۆی پیسبوونی ڕووباری پورکۆ  بە هەزار تەن لە پاشماوەی تیشکاوەر و ٩٣ ملیۆن گاڵۆن لە گیراوەی پاشماوەی تیشکاوەری ترشەڵۆک کە بە ئاڕاستەی ڕێڕەوی ڕووبارەکەدا بەرەو گەلی ناڤاجۆ ڕۆیشت. خەڵکی ناڤاجۆ ئاوی ئەم ڕووبارەیان بۆ ئاودێری و ئاودانی ئاژەڵ و ماڵاتیان بەکاردەهێنا، بەڵام زوو ئاگادار نەکرابوونەوە لەو پیسبوونە و مەترسییەکانی.

پاش ئەوەی جەنگ کۆتایی هات، ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا گەشەی کرد و داخوازی لەسەر وزە بەرز بووەوە. کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری پێویستیا بە سەرچاوەیەکی  نوێی وزە بوو، لەبەر ئەوە کەوتنە بنیاتنانی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە کە بە خەڵووز کاریان دەکرد. ئەوان ئەم وێستگانەی وزەیان لە ناوچەی فۆر کۆڕنەردا دامەزراندبوو. لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا، جۆن بۆیدن کە پارێزەری هەردووک پیبۆدی کۆڵ و خێڵی هۆپی بوو، کە گەورەترین بەرهەمهێنی خەڵووز بوو لە وڵاتدا توانیی مافی زەوییەکانی هۆپی بەدەستبێنێت، لە نێویاندا بلاک مێساش، کە شوێنێکی پیرۆز بوو بۆ هەردوو خێڵەکە و لە ناوچەیەکی هاوبەشی هەردوو لایاندا بوو.

ئەم حاڵەتە نموونەیەکە بۆ ڕەگەزپەرستی و ستەمی ژینگە و ناعەدالەتی، بە پێی ئەو پرەنسیپانەی بەشدارانی لووتکەی نیشتمانیی یەکەم  بۆ سەرکردایەتیی ژینگە دایاننابوو، چونکە گەلی ناڤاجۆ و هۆپی، کەوا کۆمەڵگەی ڕەنگاوڕەنگ داهات نزم و نامۆی سیاسین  و بە شێوەیەکی نەگونجاو کاریگەر بوون بە وێستگەکانی وزە و ئەو پیسبوونەی لێکەوتەوە کە مافیان پشتگوی خرابوو لە هەوای پاک و زەوییەکانیان تێکچووبوو و لەبەر ئەوەش سیاسەتە گشتییە پەیوەندیدارەکان ڕێزی چونیەک لە هەموو کەس ناگرن.

بەهەرحاڵ، کۆمپانیاکانی کانزاکان زەویی زیاتریان دەویست بەڵام خاوەندارێتیی هاوبەشی زەوی دانوستانی قورس کردبوو. لە هەمان کاتیشدا خێلەکانی هۆپی و ناڤاجۆ ململانێیان بوو لەسەر مافی زەوی لەکاتێکدا کە ئاژەڵەکانی ناڤاجۆ بەردەوام لە زەوییەکانی هۆپیدا دەلەوەڕان. بۆیدن ئەو دۆخەی بە هەل قۆستەوە و پێشکەشی لیژنەی لاوەکیی کاروباری هندییەکانی کرد لە ئەنجومەنی نوێنەران وداوایکرد کەوا ئەگەر حکوومەت دەستوەردان نەکات و شتێک نەکات، ئەوە جەنگێکی خوێناوی لە نێوان خێڵەکاندا دەقەومێت. ئەندامانی کۆنگرێس ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر تێپەڕاندنی یاسای پاکتاوکردنی زەوییەکانی ناڤاجۆ - هۆپی بۆ ساڵی ١٩٧٤ کە هەموو ئەندامانی خێڵەکانی هۆپی و ناڤاجۆ کە لە زەویی یەکتر دەژیان ناچار گواستنەوە کردبوو بۆ شوێنی ئەویتر.. ئەمەش کاری کردە سەر شەش هەزار کەس لە خەڵکی ناڤاجۆ و لە کۆتاییشدا  کۆمپانیاکانی خەڵووز لەوانیتر زیاتر سوودیان بینی و توانای ئەوەی هەبوو بەئاسانتر بگاتە زەوییە کێشە لەسەرەکان. ئەوجا لەجیاتیی بەکارهێنانی توندوتیژیی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی کە ڕاگواستنیان ڕەتکردبووەوە، حکوومەت بڕێاری لەوە دا کە دواتر بە سڕکردنی بێنێت ناسرا بۆ هاندانی خەڵکی لەسەر کۆچکردن. سڕکردنی بێنێت  ١.٥ ملیۆن ئەیکەر زەویی ناڤاجۆی لە هەر جۆرێکی پەرەپێدان قەدەغەکرد، لە نێویاندا شۆستەکردنی ڕێگەوبان و تەنانەت چاککردنی سەربانەکانیش. وادانرابوو ئەمە پاڵنەرێکی کاتی بێت بۆ پێشخستنی دانوستانە خێڵەکییەکان کەچی زیاد لە چل ساڵی خایاند  و تا ساڵی ٢٠٠٩ کاتی کە سەرۆک ئۆباما بە بڕیارێکی فەرمی ڕایگرت. لەگەڵ ئەوەشدا، میراتی سڕکردنی بێنێت لە ئاسۆوە دەردەکەوێت بەسەر ناوچەکەدا وەک تا ڕادەیەک دەبینریت. بارودۆخی جیهانی سیهەم لەسەر مۆڵگەکە - حەفتا وپێنج لەسەدیخەڵک کارەبایان نییە و باری خانووبەرەشیان هەژارانەیە.

 

ڕۆژهەڵاتی ئۆکڵاهۆما

کاتی خۆی بەشێکی گەورەی ئەوەی ئێستا بە ئۆکڵاهۆما دەناسرێت هەرێمێکی هندی بوو لە سالانی ١٨٣٠کانەوە. خێڵەکان لە ناوچەکەدا هەوڵیاندا بچنە یەکێتییەوە بەو پێیەی کە ویلایەتی ڕەسەنی سێکۆیایە لە ساڵی ١٩٠٥دا وەک هۆکارێک بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی بەسەر زەوییەکانیاندا، بەڵام ئەوە سەری نەگرت و زەوییەکان تێکەڵی ئۆکلاهۆما کرا بەپێی یاسای توانادار کردنی ساڵی ١٩٠٦. ئەم یاسایە بۆ ئەوە دەرچووە  تاوەکوو مۆڵگە هەڵبوەشێنێتەوە لەپێناوی چوونەپێشەوە لە دامەزراندنی ویلایەتدا. لە تەمووزی ٢٠٢٠ دا دادگای باڵا حوکمی لە سەر کێشەی ماکگیرت دا دژ بە ئۆکڵاهۆما کەوا ناوچەکە، کە نوێنەرایەتیی نیوەی ویلایەتی مۆدێرن دەکات،هیچ کاتێ پێگەی خۆی لەدەست نەداوە وەک مۆڵگەیەکی ڕەسەنەکان. ئەمەش شاری توڵسا دەگرێتەوە. ناوچەکە زەوییەکانی چیکاساو، چۆکتاو، چێرۆکی، موسکۆگی و سێمینۆڵ دەگرێتەوە. حوکمەکە پشت بە پەیماننامەی ساڵی ١٨٣٢ دەبەستێ کە دادگا بەو جۆرە حوکم دەدا کە هەر لەکاردابێت و ئەوەشی دەخاتەسەر  کەوا "لەبەر ئەوەی کۆنگرێس پێچەوانەی ئەوەی نەوتووە ئەوە ئێمە حکوومەت پابەند دەکەین کە خاوەنی گفت و بەڵێنی خۆی بێت".

 

ژیان و کولتووری ئەمریکییە رەسەنەکان

زۆرێک لە ئەمریکییە ڕەسەناکانی کە لە مۆڵگەکاندا دەژین لە ڕێگەی دوو ئاژانسەوە ئاوێتەی حکوومەتی فیدراڵی بوون، کە بریتین لە بیرۆی کاروباری هندی و خزمەتگوزاریی تەندروستیی هندی. ئاستی ژیان لە هەندێ مۆڵگەدا هاوشێوەی ئەوەیە کە لە جیهانی گەشەکردوودا هەیە، لەگەڵ کێشەی مردنی منداڵی شیرەخۆرە و دابەزینی تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو و بەدخۆراکی و هەژاری و مەیخواردنەوە و ماددەی هۆشبەر. هەژارترین دوو هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ناوچەکانی بافەلۆ و داکۆتای باشوورن، کە زێدی مۆڵگەی کرۆ کریکی هندی و ناوچەی ئۆگلالا لاکۆتا، داکۆتای باشوور، زێدی مۆڵگەی پاین ڕیجی هندی بەپێی ئەو داتایەوە کە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٠ کۆیکردووەتەوە. دەکرێ ئەم جیاوازییە لە ئاستی بژێویدا بە حاڵەتەکانی کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێبوون لێکبدرێتەوە کە چەندین سەدە بەردەوام بووە  و بە شێوەیەکی مەنهەجی زیانی بە پەیوەندییەکانی دانیشتووانی ڕەسەن بە زەوییەوە گەیاندووە و هەوڵێداوە شێوازەکانی ژیانی کولتوورییان لەناوببات. توێژەری پۆتاواتۆمی  ڕوونیدەکاتەوە کەوا:

"هەرچەندە گەلە ڕەسەنەکان، وەک هەر کۆمەڵگەیەک، مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە گونجان لەگەڵ گۆرانکاریدا، بەڵام کۆڵۆنیالیزمبووە بە هۆکاری ڕوودانی گۆڕانکاری بە ئاستێکی خێراو بە ڕادەیەک کەوا زۆرێک لە گەلە ڕەسەنەکان تووشی زیان هاتوون، هەر لە دەسپێکی ئەو کێشە تەندروستییانەوە کە پەیوەستن بە سیستەمی خۆراکیی نوێوە تا داخورانی کولتوورەکانیان و وێرانبوونی دیپلۆماسییەتی ڕەسەنەکان کە لەپێش کۆڵۆنیزە کردنیان بەرکەوتەیان لەگەڵ نەبووە". ئەمەش بووە بە هۆکاری گەورەبوونی جیاوازیی نێوان گەلە ڕەسەنەکان و ئەودوای ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بە شێوەیەکی گشتی باوەڕ وایە کە پاراستنی ژینگە و پەیوەستبوون بە سرووشتەوە ڕەگیان لە کولتووری ئەمریکیی ڕەسەندا داکوتاوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە گشتاندنە. لە ساڵانی دواییدا، مێژوونووسانی کولتووری کەوتنە سەرلەنوێ بنیاتنانەوە  و ئاڵۆزکردنی ئەم بیرۆکەیە بەو پێیەی وەک ئیددیعا دەکەن کە ئەوە ڕۆمانسییەتێکە و لەڕووی کولتوورییەوە وەرد نییە. هەندێکی تر دان بە جیاوازییەکانی نێوان هەڵوێست و بۆچوونەکاندا دەنێن کە لە بەراورد کردنی فەلسەفەی ئەوروپای ڕۆژئاوا و زانیارییە ژینگەییە نەریتییەکانی گەلە ڕەسەنەکاندا سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی کاتێ دەڕوانیتە ململانێکان لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و ستراتیجەکانی بەڕێوەبردن کە چەندین لایەن دەگرێتەوە.

 

پرسە ژینگەییەکان

ئەو زەوییانەی کە مۆڵگەکانیان لەسەرە بە شێوەیەکی نەگونجاو هەژارن لە ڕووی سەرچاوەی سروشتی و جۆری گڵەکەی کە یارمەتیدەری بەهێزکردنی خۆشگوزەرانیی ئابووری. لە سەرەتای ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە  مۆڵگەکان بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد دەکەونە ناوچە بە ژەهر پیسبووەکان کە لە چالاکییە پیشەسازییەکانی ئێستا و مێژوویی پەیدابوون و دام و دەزگای دەرەکی پێوەی خەریکن بە کۆمپانیا تایبەتەکان و هەروەها حکوومەتی فیدراڵیش. بەگوێرەی زانایانی ئەنسرۆپۆڵۆجیا مێریڵ سینگەر و دێریک هۆج کەوا "جۆری زەوییە  خراپ و ژەهراوییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان نە ڕووداوێکی مێژووییە و نە ئەنجامی هیچ کەموکووڕێەکی کولتوورییە لەلایەن ئەوانەوە، بەڵکو ئەنجامی فراوانبوونی ئابووریی دوژمنکارانەیە بەرەو ڕۆژاوا. ئەم پرۆسەیە پلان بۆداڕێژراو بووە و بایەخی بە خۆشگوزەرانیی دانیشتووانی ڕەسەن نەداوە و ... بەم جۆرە وا دیزاینی سیاسەتی فیدراڵی کراوە، لەنێویشیدا یاسای ساڵی ١٨٣٠ ڕاگواستنی هندییەکان، بۆ دەرکردن و ڕاگواستنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان  لە سەر خاک و زەوییە باشەکان و گواستنەوەیان بۆ ئەو ناوچانەی کە وا لە قەڵەم دەدران تا ڕادەیەک "بێبایەخ بن" بەگوێرەی پێوەرەکانی سەدەی نۆزدە.

ئەو کۆمەڵگە یان کۆمیونیتییانەی لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی دانیشتووانی ڕەسەندا دەژین بە شیوەیەکی نەگونجاو کاریگەرنبە مەترسییە ژینگەییەکان. لەبەر ئەوەی کە "خواست و ئارەزوویان لەسەر نییە"، بەزۆری حکوومەتی ئەمریکی و پیشەسازییە تایبەتەکان ئەو زەوییانەی کە لە مۆڵگەکاندان و لە نزیکیانەوەن بەکاریاندێنێت وەک ناوچەی مەترسیدار لە ڕووی ژینگەوە. ئەم چالاکییانەش بە کانزایی کردنی یورانیۆم و خۆ ڕزگارکردن لە پاشماوە ئەتۆمییەکان  و تاقیکردنەوە سەربازییەکان دەگرێتەوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا، گەلێ لە کۆمەڵگەکانی مۆڵگەکانی پارێزگاری بەر کێشەی تەندروستیی زیانبەخش کەوتوون، بە دیاریکراوی و بەپێی توێژەر تراسی لین ڤۆیڵس، گەلی ناڤاجۆ کە بۆ چەندین دەیە کاریگەر بوون بە کانزایی کردنی یورانیۆم و فڕێدانی پاشماوەی ئەتۆمی"

"ئەو نەخۆشییانەی کە پەیوەستن بە مادە تیشکاوەرەکانەوە ئێستا لە بەشێکی زۆری گەلی ناڤاجۆدا بوون بە پەتای گشتگیر، کە ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی تەندروستی و ژیانی کرێکارانی پێشووی کانەکان. هەروەها ژیانی ئەندامانی خێڵی ناڤاجۆ دەخاتە مەترسییەوە ، ئەوانەی کە هەرگیز ناتوانن ئەوە ببینن کە لە ناو کانەکەدایە. بمنداڵانی ناڤاجۆ (یان دێنێ) گرفتاری ڕێژەیەکی بەرزی شێرپەنجەی جووتە گون و هێلکەدانن بە ڕێژەی دوو هێندەی تێکرای نیشتمانی و هەروەها نەخۆشییەکی کوشندەی دەمار کە پێی دەگوترێت نەخۆشیی دەماریی ناڤاجۆ و لە نزیکەوە پەیوەستە بە بەکارهێنانی ئاوی بە یورانیۆم پیسبوو لە کاتی دووگیانیدا.

کۆمەڵگەکانی مۆڵگەکانی تریش بەر حاڵەتی هاوشێوە کەوتوون. بە پێی خانمە توێژەر وینۆنا لادیوک  کۆمەڵگەی پاییوت - شۆشۆن بەئەنقەست بەر مادەی تیشکاوەر خراون بە درێژایی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم:

"لە ساڵی ١٩٥١دا، دەستەی وزەی ئەتۆم شوینی تاقیکردنەوەی نیڤادای لە ناو زەوییەکانی شۆشۆنی ڕۆژئاوادا هەڵبژارد وەک زەوییەکی تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان. هەروەها لە نێوان هەردوو ساڵی ١٩٥١ و ١٩٥٢دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا ١٠٥٤ کەرەستە و ئامێری ئەتۆمییان لە سەر و لە ژێر زەویدا تەقاندووەتەوە [...] بە پێی سانشیز، دەستەی وزەی ئەتۆمی بەئەنقەست جاوەڕێ دەکات تا هەور بیهێنێت بۆ باکوور و کەڵەکە ببیت پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، بۆ ئەوەی خۆ دوور بگرێت لە قسە و باسی ناوچە بەدانیشتووان چڕەکانی وەک لاس ڤێگاس و لۆس ئەنجلس. ئەمەش بەو واتایە دێت کەوا شۆشۆنەکان دۆزێکی (جورعەیەکی) گەورەتر وەردەگرن".

گەلێ لە کۆمەڵگەکانی (کۆمیونیتییەکانی) دانیشتووانی ڕەسەن بەر تێکچوون و داڕووخانی زەوییە پیرۆزەکان کەوتبوون لە بەرژەوەندیی دەرهێنانی سەرچاوەکاندا. نزیکەی ٧٩%ی نیشتووی لیثیۆم کە لە خۆڵ و خاکی ئەمریکادا هەیە کەوتووەتە مەودای ٣٥ میلەوە لە مۆڵگە هندییەکانەوە. ڕاڕەوی تاکەر شوێنی یەکێکە لە گەورەترین نیشتووی لیثیۆم  lithiumلە جیهاندا و هەروەها شوێنێکی پیرۆزی ناشتنی مردووی چەندین خێڵە، لە نێویشیدا ڕووباری پیت و پایوت. کۆمپانیای کانەکانی لیثیۆمی نێڤادا، بەم دواییە مۆڵەتی کانزاگەریی لە ناوچەکەدا وەرگرت لەلایەن بیرۆی بەڕێوەبردنی زەوییەکانەوە. کەسانی سەر بە خێڵەکان مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کەوا ئەم مۆڵەتانە بە شێوەیەکی نایاسایی دەرکراون و "بیرۆی ئیدارەی زەوییەکان تەنها سێ خێڵی لە کۆی ٢٧ خێڵ ئاگادار کردووەتەوە لە نێڤادا سەبارەت بەم کانانە".

لە ڕووی مێژووییەوە، گرووپەکانی دانیشتووانی ڕەسەن هیچ پرس و ڕایەکیان پێنەکراوە سەبارەت بەم زەوییانەی تەرخانکراون بۆ کار لە سەرکردنیان، بێجگە لەوەش کە چی بەسەر زەوییەکەدا دێت. دەکرێ ئەمە بەو لێوەرگرتنە لێکبدرێتەوە کە لە گۆڤارێکی ئەکادیمیدا بڵاو بووەتەوە لەبارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە لە جەمسەری باکووردا: "لەکاتێکدا کە لە ئێستادا پەیوەندیی فەرمیی نێوان حکوومەت پێویستە بەڵام ئەم حالەتانەی (کە بەردەوام دەبێت لە دەسنیشانکردنی پەیوەندیی نێوان دانیشتووانی  ڕەسەن و فیدراڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا) "بەرپرسیارێتییەکی متمانەی" فیدراڵیی داناوە بۆ گەلانی ڕەسەن لە ئەمریکادا و تۆمارکردنی پەیوەندیی یاسایی باوکانە کەوا ئۆتۆنۆمیی حکوومەتە خێڵەکییەکان سنووردار دەکات. بە پێیەش حکوومەتی ئەمریکی لەڕووی یاساییەوە پابەندە بە پارێزگاری کردن لە زەوییەکان و سەرچاوەکان و ئەو ناوچانەی لە ڕووی نەریتییەوە لەلایەن خەڵکە ڕەسەنەکانەوە بەکاردەهێنرین  و ئاژانسە حکوومییەکان داوالێکراون بە ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتە خێڵەکییەکان و کۆمپانیا ڕەسەنەکانی ئالاسکادا بڕیاری پێویست بدەن لەبارەی سەرچاوە سروشتییەکانەوە. لەکاتێکدا هەندێک وایدەبینن کە ئەم شێوە نوێنەرایەتییە باشترین هۆکارە و تاکە پرۆسەیە بۆ کارکردن لەسەرسیاسەتی باکوور، ئەوە بەشداریی ڕاستەقینەی حکوومەتە خێڵەکییەکان سنووردار بووە و بە کارێکی ڕۆتینی تەماشا دەکرێت و ڕەنگە بە هۆی هەندێ ڕێوشوێنی  یاسای فیدراڵییەوە قەدەغەش بکرێت. ئێمە  ئەم حاڵەتانە لە بڕ و ژمارەی ئەو مۆڵگانەدا دەبینین  کە لە نزیک پرۆژەکانی بیناسازیدا هەڵکەوتوون و بوون بە هۆکاری پیسبوون وەک شوێنی داپۆشینی پاشماوەکان یان ئەو هێڵی بۆرییەی دەگاتە داکۆتاکان. بێجگە لەوەش ئەو زەوییانە تەرخانکراون بۆ نیشتەجێبوونی دانیشتووانی ڕەسەن لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بەرەوڕووی ئاستەنگی ڕاسەقینە بووەتەوە. وەک ئەوەی هەردوو توێژەر گریگۆری هووکس و چاد سمیث ڕوونیان کردووەتەوە لە گۆڤارە ئەکادیمییەکەیاندا کەوا بەرهەم بە مەسەلەکانی ژینگە دەبەستێتەوە، "ئەو زەوییانەی مڵکی حکوومەتی فیدراڵین و زەویی ئەمریکییە ڕەسەنەکان وا کەوتبوونەوە کە نزیکی یەکتربن و لە گەلێ ڕووەوە هاوشیوە بوون و لە ویلایەتەکانی ڕۆژاوای میسیسیپیدا چڕبووبوونەوە و زیاتر زەویی زۆر وشک و دوورەدەست و ڕووتەن بوون لەوەی کە سەرنجی نیشتەجێبووانی سپیپێست و کۆمپانیاکان بۆ خۆیان ڕابکێشن.

بە زۆری مۆڵگەکانی پارێزگاری وا دیزاین کرابوون یان کەوتبوونە نزیک ناوچەکانی "سوپەرفەندەوە superfund" (واتە ناوچە زۆر پیسبووەکان بە تیشک و شتی تر کە ئەمریکا بە خەرجی زۆر هەوڵی پاککردنەوەیانی دەدا - وەرگێڕ) و لە لایەن ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکییەوە دەسنیشان کرابوو، وەک ناوچەی پیسبووی مەترسیدار بۆ ژیان و پێویستی بە ڕێوشوێنی تایبەتە بۆ پاککردنەوە. وەکالەتی پاڕێزگاری لە ژینگە لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا پشکنینی بۆ ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی کردووە و کانزای قورسی ژەهراوی و هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی دۆزیوەتەوە و لەنێویاندا قوڕقۆشم و زینک و کرۆم بە چڕییەک کەوا زۆر لە ستاندارە ناوخۆییەکانی ویلایەتەکان و فیدراڵی تێپەڕاندووە. زۆربەی ئەم کانزا ژەهراوییانە پەیوەندیدارن بە کۆمەڵێک ئەنجامی تەندروستیی زیانبەخشی توند و درێژخایەنەوە و لەوانەش شێرپەنجە. لە ئەنجامی پشکنینەکانی ئاژانسی پارێزگاریی ژینگەوە، لە ساڵی ١٩٨٣دا ڕووبەری پێنجسەد ئەیکەر زەوی خراوەتە لیستی لەپێشینەی نیشتمانییەوە، کە لیستێکە بە شوێنەکانی پاشماوە مەترسیدارەکان بۆ ڕێوشوێنی چارەسەری درێژخایەن و پە پێی بەرنامەی سوپەرفەندی Superfund فیدراڵی پارەدار دەکرێت.

 

سەرچاوە: ویکیپێدیا Wikipedia     

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×