رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنن كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سزای لە سێدارەدانی خەسرەو بەشارەت، بەندكراوی خەڵكی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحەساری كەرەج، لەدوای زیاتر لە 14 ساڵ زیندانیكردن، جێبەجێكرا. خەسرەو بەشارەت شەشەم كەسە لە پەیوەست بە دۆسیەی كوژرانی پێشنوێژی هەینی مزگەوتێكی مەهاباد، لەسێدارە دەدرێت.
ئاوێنە: رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی كوردستان و رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوای زیاتر لە 14 ساڵ زیندانیكردن، سزای لەسێدارەدانی خەسرەو بەشارەت، بەندكراوی خەڵكی مەهاباد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
خەسرەو بەشارەت شەشەم كەسە لە پەیوەست بە دۆسیەیەكەوە لەسێدارەدەدرێت، كە حەوت كەسی لەسەر تۆمەتباركرابون كە پێكهاتبون لە ئەنوەر خدری، ئەیوب كەریمی، داود عەبدوڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابستە، كامەران شێخەو خەسرەو بەشارەت.
ئەو حەوت كەسە بە تۆمەتی ئەندامبون لە "گروپێكی سەلەفی" و بەشداریكردن لە كوشتنی پێشنیوێژی هەینی مزگەوتی خولەفای راشیدینی مەهاباد لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبو، هەرچەندە خۆیان لەو نامەو پەیوەندییانەدا كە لەگەڵ دەرەوەی زیندان هەیانبو ئەو تۆمەتەیان رەتكردۆتەوە.
رۆژی 28 - 9 - 2008، عەبدولڕەحیم تینا، پێشنوێژی مزگەوتی خولەفای راشیدینی مەهاباد بە دەستی چەند كەسێكی نەناسراو كوژرا.
ساڵێك دواتر ئەو حەوت كەسە دەستگیركران و چەندین مانگ لە فەرمانگەی ئیتڵاعاتی ورمێ دەستبەسەربون كە بەپێی راپۆرتەكان لەوێ ئەشكەنجەیەكی زۆر دراون.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە كە كامەران شێخە، حەوتەم تۆمەتباری كەیسەكەش لەبەردەم مەترسی لەسێدارەداندایە.
پێشتر رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا لەبارەی ئەو كەیسەوە وتبوی، ئەم حەوت كەسە لە دادگاییكردنێكی تەواو نادادپەروەرانەو لەدوای ئەشكەنجەی زیندان، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوەو لەكاتی دادگاییكردنەكەشیاندا، سەرۆكی دادگا تەنانەت رێگەی نەداوە پارێزەری تۆمەتبارەكان قسە بكات.