سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک هاوڵاتی ئیسرائیلی بەچەک و کەرەستەی دیکەوە هێرشیان کردەسەر گوندی جیت لە رۆژهەڵاتی شاری قەلقیلییەی کەنارى خۆرئاوا و گوندەکەیان سوتاند، وەزارەتی تەندروستی غەززەش کوژرانی هاوڵاتییەکی فەڵەستینی و بریندارکردنی کەسێکی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
رووداوەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدواداهات، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەتوندی رووداوەکەی سەرکۆنە کرد و بەڵێنیدا بەزوویی ئەنجامدەری رووداوەکە دەستگیربکات و رووبەڕووی دادگای بکاتەوە. لای خۆشییەوە کۆشکی سپی ئەمریکا، بەتوندی رووداوەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، پیویست توندوتیژییەکانی ئیسرائیل رابگیرێت و هەموو رێگایەک بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل.
هاوکات، دایڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دیمەنی سوتاندنی بینا و ئۆتۆمبێل و ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی گوندەکەی بە دیمەنێکی مەترسیدار لەقەڵەمدا، بەتوندیش سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کرد و داوایکرد ئەنجامدەرانی رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش لای خۆیەوە، سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و ناوچەکەی بە داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە لەقەڵەمدا.