مەسەدە هۆشداری دەدات لەبارەی گرژییە سەربازییەكانی ناوچەكانی سەحنایاو جەرمانا
  2025-04-30       244       

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە رایگەیاند، بەوپەڕی نیگەرانی و هۆشدارییەوە چاودێری گرژییە سەربازییەكان دەكەن لە ناوچەكانی سەحنایا و جەرمانا لە ریفی دیمەشق و دەشڵێت، بەرپرسیارێتی خراپتربونی دۆخەكە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی دیمەشقدایە.

ئاوێنە: مەسەدە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بەوپەڕی نیگەرانی و هۆشدارییەوە چاودێری گرژییە سەربازییەكان لە هەردو ناوچەی سەحنایا و جەرمانا لە ریفی دیمەشق دەكەین، كە نیشانەن بۆ بەرفراوانبونی بازنەی توندوتیژییەكان لە دیمەشقی پایتەخت.

جەختیش دەكاتەوە كە لەگەڵ ئەوەی زۆر بەتوندی ئیدانەی كردەوەكانی كوشتن و تۆقاندن و گوتارری رق و هاندنی تائیفی دەكەن، داواش لە هەمو لایەك دەكەن شەڕ رابگرن و دان بەخۆیاندا بگرن.

هەروەها دەشڵێت، خراپتربونی دۆخەكە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی دیمەشقدایە.

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات هێما بۆ ئەوەش دەكات، بەكارهێنانی زۆری هێز سوریا بەرەو داڕوخان دەبات و ئەو بۆشاییەی نێوان گەلی سوریا كە لەلایەن رژێمی پێشو دروستكرابو، گەورەتر دەكات و بواری فراوانتریش بۆ دەستوەردانە دەرەكییەكان دەڕەخسێنێت بەتایبەت ئەو لایەنە دەرەكییانەی كە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەكەنە ئامانج و هەوڵی سەپاندنی هەژمون بەسەر سوریادا دەدەن.

مەسەدە داواش لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەكەن كۆنترۆڵی ئاسایش بكەن و چالاكی و كردەوە دەستدرێژیكارانەكانی ئێستا رابگرن و سەرچاوەكانی هاندانی تائیفی و گوتاری رق و كینە وشك بكەن.

مەسەدە ئاماژە بەوەش دەدات كە پێویستە بەخێرایی كۆنگرەیەكی نیشتمانی گشتگیر بە بەشداری راستەقینەو كارای سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا بكرێت بۆ راستكردنەوەی ڕێڕەوی پڕۆسەی گواستنەوە و دانانی دەستورێكی نیشتیمانی دیموكراتی سەردەمیانە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×