جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامدانەوەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی پێشووی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تاران، هەڕەشەی خۆیان بۆ سەر ئیسرائیل دووپات دەکەنەوە و هێرشەكەش لە كاتی گونجاودا ئەنجام دەدرێت.
عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، تۆڵەسەندنەوەى ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی پێشووی مەكتەبی سیاسی حەماس حەتمییە و لە كاتی گونجاودا ئەنجام دەدرێت، هەڕەشەی خۆیان بۆ سەر ئیسرائیل دووپات دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ترس و دڵەڕاوكێی لە ئیسرائیل هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ چاوەڕوانی وەڵامی ئێران، ئەوان شەو و ڕۆژ چاوەڕێی وەڵامی ئێمە دەكەن، بۆیە لەترسدا دەژین.
دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی كردبوەوە، بڕیاری هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لە كاردانەوەى تیرۆركردنی ئیسماعیل هەنیە، هیچ پەیوەندییەكی بە ئاگربەست لە غەزەوە نییە.
هەفتەی ڕابردوو ئێران وەڵامی داواكارییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپی دایەوە بۆ ئەوەی لە هەڕەشەكانی لە دژی ئیسرائیل پاشەكێشێ بكات، ئێران وتی: بۆ وەڵامدانەوەی تیرۆركردنی هەنیە لە تاران داوای مۆڵەت لە هیچ كەسێك ناكەن.