ڕووسیا دەستى بەسەر دوو ناوچەی دیکەى ئۆکرانیادا گرت
  2024-08-21       773       

وەزارەتى بەرگرى ڕووسیا بڵاوى کردەوە، سەرەڕای هێرشی ئۆكرانیا بۆ سەر ناوچەی كورسكی وڵاتەکەمان، بەڵام هێزەكانمان لە دۆنێتسك توانیان دەست بەسەر دوو ناوچەی نوێ بگرن، دەشڵێن، هێرشی ئۆكراین نەیتوانیوە پێشڕەوییەكەی سوپاى ڕووسیا بووەستێنێت لە میحوەرەكانی دیكەی شەڕدا.

ئاوێنه‌: وەزارەتی بەرگری ڕووسیا سەبارەت بە دەست بەسەرداگرتنى دوو ناوچەی نوێى ئۆکراین و بەردەوامی هێرشەكانیان لە میحوەرەكانی دیكەی جەنگ ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، هێزەكانی ڕووسیا دەستیان بەسەر شارۆچكەی زیلانی سەر بە دۆنێتسكیان گرت، هاوكات دوێنێیش هێزەكانمان دەستیان بەسەر گوندی نۆڤگۆرۆدسكۆ لە سنوورى هەمان پارێزگا گرت.

ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەكانی ڕووسیا هێزە چەكدارەكانی ئۆكراین-یان لە ناوچەكانی شێربینۆڤكا، تاراسۆڤكا، ژوراڤكا، كالینۆڤۆ، دزەرژینسك و گرۆدۆڤكای كۆماری دۆنێتسك كردە ئامانج و بەرپەرچی شەش هێرشی هێزەكانی ئۆكراین دراوەتەوە.

 بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، زەرەر و زیانەكانی سوپای ئۆكراین زیاتر لە ٦٣٠ سەرباز و تێكشكاندنی زرێپۆشێكی شەڕكەر و ١٢ ئۆتۆمبێلی سەربازی بووە.

جێگای ئاماژەیە، لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢ـەوە، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین دەستی پێكردووە و زیاتر لە دوو ساڵە جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە و بەشێكی زۆری خاكی ئۆكراین، لەلایەن سوپای ڕووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×