له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا دەمەقاڵێ لەنێوان قوباد تاڵەبانی‌و ئاوات شێخ جەناب له‌سه‌ر لیستی موچه دروستبووە
له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا دەمەقاڵێ لەنێوان قوباد تاڵەبانی‌و ئاوات شێخ جەناب دروستبووەو یەکتریان بەهۆکاری ئەو کێشانە تۆمەتبار کردوە کە له‌لیستی موچەو بایۆمەتریدا هەیە. سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێم-یش ده‌ڵێت، بەبڕیاری مه‌سرور بارزانی، وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی لیستی موچە پەنا ده‌باتە بەر سیستمی فه‌رمانگه‌كه‌یان كه بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستمی موچە ئامادەیانكردوە.
ئاوێنه: به‌پێی هه‌واڵی میدیاكانی نزیك له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌كۆبونه‌وه‌ی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردو (21ی 8ی 2024)ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا دەمەقاڵێ لەنێوان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران‌و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێمی کوردستاندا دروستبووە.
قوباد تاڵەبانی‌و ئاوات شێخ جەناب یەکتریان بەهۆکاری ئەو کێشانە تۆمەتبار کردوە کە له‌لیستی موچەو بایۆمەتریدا هەیە.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو دەمەقاڵێیانەوە، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری دەرکردووە لەماوەی یەک مانگدا سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن‌و لیستی موچە بەشێوەی ناوەندیی ئامادە بکرێت.
لای خۆیه‌وه هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، بەپێی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران، دەبێت وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی لیستی موچە پەنابەرێتە بەر ئەو سیستمەی کە زیاتر لەسێ ساڵە لەلایەن تیمەکانی ئێمەوە بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستمی موچە ئامادەکراوە.
ناوبراو ڕونیده‌كاته‌وه كه ئەو کێشانەی پەیوەستن بەبایۆمەترییەوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەکردنی لیستی موچە لەلایەن وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە.
باسی لەوەشكرد، یەکە ژمێریارییەکان کاتێک لیستی موچە ئامادە دەکەن، هەر شوێنێک بەخواستی خۆی ئامادەی دەکات، لەلیستی موچەی مانگی تەمموزدا بەشێک لەیەکە ژمێریارییەکان کۆدی بایۆمەتری موچەخۆرانیان نەناردووە.
نزیكه‌ی 50 ڕۆژه موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه، رۆژی یه‌كشه‌ممه 2024/7/7 موچه‌ی مانگی 6 (حوزه‌یران) به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی خانه‌نشینانی شارستانی‌و سه‌ربازیی‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تییه‌كان، ده‌ستیپێكرد.
لەبارەی هۆکاری نەناردنی پارە بۆ موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران هیوا ئەفەندی ڕونیكردۆته‌وه، "کێشەکە پەیوەستە بەنەناردنی کۆدی بایۆمەترییەوە، وەزارەت دارایی عێراقیش کێشەی هەیەو کەسانی شارەزا کار لەسەر لیستی موچە ناکەن".
هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک‌و 200 هەزار موچەخۆری هەیە، بەوتەی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی، سەرجەم موچەخۆران خاوەنی کۆدی بایۆمەترین‌و هیچ موچەخۆرێک نییە، بایۆمەتری نەکردبێت.