دامەزرێنەری تێلیگرام لە فەڕەنسا دەستگیر کرا
  2024-08-25       371       

پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێلێگرام لە فڕۆکەخانەیەکی باکووری پاریس لەلایەن پۆلیسی فەڕەنسا دەستگیر کرا.

میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویان کردەوە، شەوى ڕابردوو دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێلیگرام پاڤێل دورۆڤ لە کاتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی لی بۆرگێت بە فڕۆکە تایبەتەکەی خۆی لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە دەستگیر کراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە، پاڤێل دورۆڤ-ـی تەمەن ٣٩ ساڵ کە بەڕەگەز ڕووسییە و هەڵگری ناسنامەی فەڕەنسییە، دەستگیرکردنەکەی بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی وەک: ساختەکاریی، هەراسانکردنی ئەلکترۆنی، بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان، تاوانی ڕێکخراو و بانگەشە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان بووە، کە لە تێلیگرامەوە بەبێ هیچ ڕێگریی و قەدەغەیەک ئەنجام دراون.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تاسی دەوڵەتی ڕووسیا، باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە فەڕەنسا “هەنگاوی خێرا” بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخەکە دەگرێتەبەر.

تێلێگرام بە تایبەتی لە ڕووسیا و ئۆکراین و “وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو”دا بەناوبانگە.

ئەپەکە لە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕووسیا قەدەغە کرا، بەهۆی ئەوەی دورۆڤ ڕەتیکردەوە دەوڵەت دەستی بە زانیاریی بەکارهێنەران بگات، دواتر ساڵی ٢٠٢١ قەدەغەکردنەکە هەڵگیرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×