مەسعوود پزیشكیان سەردانی عێراق دەكات
  2024-08-26       277       

سەرۆكایەتی كۆماری ئێران بڵاوی كردەوە، كۆتایی مانگی داهاتو مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی كۆماری ئێران سەردانی بەغدای پایتەختى عێراق دەكات، ئەمەش دەبێتە یەكەم سەردانی سەرۆكی ئێران بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، دواتریش گەشت بۆ ئەمریكا دەكات.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی “ئەخبار عاجیلە”ی ئێران لە زاری سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی كۆماری ئێران سەبارەت بە وادەی سەردانی مەسعوود پزیشكیان بۆ عێراق، زانیاری نوێی بڵاوكردەوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، كۆتایی مانگی داهاتو مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی بەغدای پایتەختى عێراق دەكات، سەردانەكەی پزیشكیان بۆ بەغدا دەبێتە یەكەم سەردانی دەرەوەی وڵاتەكەی دوای دەستبەكاربونی لە سەرۆكایەتی كۆمار.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، وەزیرانی ناوخۆ و نەوت و نیشتەجێكردن و پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران یاوەری پزیشكیان دەكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە سەرۆك كۆماری ئێران دواتر گەشت بكات بۆ نیویۆرك بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان.

پێشتر محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەیەكی فەرمی ئاڕاستەی مەسعوود پزیشكیان كرد، بەمەبەستی سەردانیكردنی بۆ بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×