ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2024-09-04       201       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ پەسەندكردو داواش لە بەغدا دەكات بەپەلە تەواوكاریی موچەی مانگی 7 و 8ی موچەخۆرانی هەرێم بنێرن تاوەكو لەنزیكترین دەفەرتدا موچەی مانگی 8ی موچەخۆان دابەش بكرێت. مەسرور بارزانیش داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات بانگەشەكی هەڵبژاردنی دور لە سوكایەتی و ناوزڕاندن بەڕێوەبەرن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی لەبارەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كە بڕیارە لەم مانگەدا دەستپێبکات،وتی،"بێگومان لایەنە سیاسییەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بەشێوەیەکی شارستانی و دور لە سوکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە هەمومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین."

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، ڕەشنوسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە كۆی دەنگ لە كۆبونەوەكەدا پەسەندكراوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەمو موچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی موچە.

ئەنجومەنی وەزیران وتوشیەتی"لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی موچەی مانگی تەمموزو ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن تاوەکو حکومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، موچەی مانگی ئابی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا موچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی موچەی مانگی ئابن."

دەقی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە دەستپێکی کۆبونەوەدا، سەرۆک وەزیران لە وتەیەکدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد وەک، بە گرێبەستکردنی وانەبێژان، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان کرد کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا، لە سەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێککەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان موچەکانیان بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵ وەرگرت. وتیشی، خانەنشینان دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواکانیان دەبین و ئەم بەشە ماندوەی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان کرد شایانی هەمو پشتیوانییەکن.

لە کۆتایی وتەکەیدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەستپێبکات، لەم ڕوەوە سەرۆک وەزیران وتی، بێگومان لایەنە سیاسییەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بەشێوەیەکی شارستانی و دور لە سوکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە هەمومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.

لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، ڕەشنوسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕو.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەشنوسی بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد لە پێناو یەکخستنی ڕێکارەکانی تایبەت بە سیستمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستوریی هەرێم و دەسەڵاتەکانی کە لەناو دەستوری عێراق جێگیرکراون، وەک ئاشکراشە لە دوای ساڵی 2014ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێکی تەواو ڕویدا لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کە بوە هۆی پەیڕەوکردنی دو سیستمی دارایی و ژمێریاریی جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندی هەردو حکومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاریی هەردولا و چارەسەرکردنی زۆربەی سەرنج و تێبینییەکانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاکی حکومەتی هەرێم و یەکخستنی شایستەی دارایی و موچەی موچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق کە ئەمەش لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێمە کە بە هاوتاکردنی موچەی خانەنشینی دەستی پێکرد.

پاشان لە بڕگەی دوەمدا، ئەنجامی کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆتایی هەفتەی ڕابردو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕو کە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینییە تەکنیکییەکان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بو کە لە ماوەی پێشو ڕێکاری پێویستیان وەرگرتوە سەبارەت بە ڕاسپاردەو سەرنجەکانی وردبینی هاوبەش و پێداچونەوەی داهات و خەرجیی ومیلاک و لیستەکانی موچە، بەجۆرێک بەهانە و بیانوی تەکنیکی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجکردنی موچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕو کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ موچەی هەردو مانگی تەمموز و ئاب خەرجی کردوە.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردولا و تەواوکردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەمو موچەخۆران و پەلەکردن لە چالاککردنی بە ئەليکترۆنیکردنی سیستمی پێدانی موچە. لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فيدراڵ تەواوکاریی موچەی مانگی تەمموزو ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بکەن تاوەکو حکومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیکترین دەرفەتدا، موچەی مانگی ئابی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات هاوتای موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئێستا موچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی موچەی مانگی ئابن.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆبونەوەی تایبەتیی ئەنجومەنی ئابوریی وەزاریی فیدراڵ كرد کە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وەزارەتەکانی هەردولا ئەنجام بدرێت، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم کۆبونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم ئەم کۆبونەوەیە بە دەرفەتێکی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیکەوە ڕوبەڕو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردو لا بکرێت کە تائێستا چارەسەر نەکراون لە گشت بوار و کەرتەکاندا.

ئەنجومەنی وەزیران سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداو سکرتاریەتی ئەنجومەنی فیدڕاڵیی ئابوری، هەروەها وەزیرە بەڕێزەکانیش ڕاسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان، پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بکەن لەگەڵ خستنەڕوی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە جێگیرکراوەکانی هاتو لە دەستوریی عێراق لە پێناوی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی نێوان هەردو حکومەت لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×