دکتۆر لاڤە ئاراس ڕایگەیاند، هەژماری من هۆكاری سەرەكییە بۆ دواكەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە، دەشڵێت، بەبانكیكردنی مووچە لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراقەوە باشترە لە هەژماری من.
ئاوێنه: دکتۆر لاڤە ئاراس پسپۆڕی بواری دارایی و ئابوری لە بارەى هۆکارى نەناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە لە لێدوانێکى ڕۆژنامەنووسیدا بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕو، بە بانكیكردنی مووچە لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراقەوە باشترە لە هەژماری من، چونکە بە بانكیكردنی مووچە لە رێگای بانكە فیدراڵییەكانی عێراقەوە زامنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكات.
دەشڵێت، پسپۆڕانی بواری ئابوری و دارایی لەگەڵ پڕۆژەی هەژماری مندا نین، چونكە هەندێك كۆت و بەندی بۆ مووچەخۆر داناوە كە نایاسایین و مووچەخۆر پابەند دەكات بە هەندێك رێكارەوە كە بە خواستی خۆی نییە.
ئەوەشى خستەڕوو، هەژماری من پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە و ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ دواكەوتنی ناردنی مووچە لە بەغداوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەى مانگى ئابیان وەرنەگرتووە و هیچ وادەیەکیش بۆ دابەشکردنى مووچە دیارى نەکراوە.