ساڵیادی كوژرانی "ژینا ئەمینی"یە، ئێران رێوشوێنە ئەمنییەكان لە"سەقز" تونددەكاتەوە
  2024-09-14       173       

ئا: ئاوێنە 

بی بی سی

 

لەگەڵ نزیكبونەوەی ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینی، چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ باس لەوە دەكەن كە گوشارە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران چڕكراونەتەوە بەتایبەت لەناوچەكانی پارێزگای سنەو هەروەها لە سەقزی زێدی ژینا ئەمینی و ئەو رێگایانەی دەچنەوە سەر گۆڕستانی ئایچی لە سەقز، بەتوندی كۆنترۆڵكراون.

 

دیاكۆ عەلەوی، چالاكوانی مەدەنی خەڵكی سەقز، ئەمڕۆ شەممە، بە بی بی سی فارسی وتوە، لە نزیكەی دو هەفتە لەمەوبەرەوە، لە پارێزگای سنەو بەتایبەت لە سەقز رێوشوێنە ئەمنییەكان چڕكراونەتەوە.

دیاكۆ عەلەوی وتشویەتی، رێگەدان بە چون بۆ گۆڕستانی ئایچی لە سەقز كە ژینا ئەمینی لەوێ بە خاكسپێردراوە، قورس كراوەو ئەو هاوڵاتیانەی كە بۆ گوندەكانی دەوروبەری گۆڕستانەكە رۆیشتون، لەسەر رێگا توشی بازگەی ئەمنی و پكشنین بون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە بەنداوی روباری چەمی سەقز وەك ساڵی رابردو بەردراوەتەوەو كۆبونەوەی ئاو بۆتە هۆی داخرانی یەكێك لەو رێگایانەی كە دەچێتەوە سەر گۆڕستانی ئایچی.

هاوكات رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەك باسی لەوە ردوە كە دەزگا ئەمنییەكان باخداران و جوتیارانی ناوچەكەیان ئاگاداركردۆتەوە كە بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەندی "چرای وەیس"، ماتۆڕی هەڵدانی ئاوەكانیان لە كەناری روبارەكە هەڵبگرن بیانبەنە شوێنێكی تر.

هەروەها زانیارییەكان باس لە دەستگیركردن و بانگكردنی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی سیاسی، مەدەنی و چالاكوانانی بواری مافەكانی مرۆڤ دەكەن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەماوەی چەند رۆژی رابردودا.

بەگوێرەی راپۆرتێكی بی بی سی فارسی، ئەو چالاكوانانە لەرێگەی تەلەفۆن و نامەوە هۆشدارییان دراوەتێ كە نابێ هیچ جۆرە چالاكییەك لە رۆژانی داهاتودا ئەنجام بدەن.

دیاكۆ كە لە فەرەنسا دەژی، ئاماژەی بەوەداوە كە چالاكوانان و ماڵباتی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی دوای كوژرانی ژینا ئەمینی، روبەڕوی دەستگیركردن و بانگكردن بونەتەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە پاڵ ئەوانەشدا تەنانەت خەڵكی كاسبكاریش بانگكراون و هۆشدارییان دراوەتێ و لەگەڵ بانگەواز بۆ ئەنجامدانی چالاكی دەستگیركردن و بانگكردنی چالاكوانان لە دو رۆژی رابردودا زیاتر بوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، "زانیار ئەفسەری"، هاوڵاتی كوردی خەڵكی مەریوان دوای ئەوەی هەڕەشەی ئەوە لە خانەوادەكەی كراوە كە براكەی دەكوژن، ئەگەر زانیار رادەستی فەرمانگەی ئیتڵاعات نەكەن، ئەوانیش زانیاریان بە ناچار رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردوەو بۆ شوێنێكی نادیار براوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوش هاوڵاتییەكی كورد بەناوی "میلاد پیرانی" تەمەن 32 ساڵانی خەڵكی گوندی "قەڵاكۆن"ی سەر بە دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوەو گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی نادیار.

هەروەها گوشار لەسەر خانەوادەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی دو ساڵ لەمەوبەر، زیاتر كراوەو هۆشدارییان دراوەتێ كە لەم رۆژانەدا هیچ چالاكییەك ئەنجام نەدەن.

دوێنێ میلاد محەمەد، برای شەهریار محەمەدی، یەكێك لە قوربانیانی خۆپیشاندانەكان، وتی، دایكی كە رۆژی چوارشەممە دەستگیركراوە ئێستا لە ئیتڵاعاتی شاری ورمێیەو كۆماری ئیسلامیشی بە بەرپرسی گیانی دایكی ناوربرد.

كەسوكاری قوربانییەكانی خۆپیشاندانەكانی دو ساڵ لەمەوبەر، لەم رۆژانەی رابردودا پەیامی جیاجیایان هەبوە.

برایەكی حەسەن قەیسەری، كە لە خۆپیشاندانەكانی ئیلامدا كوژرابو، وتویەتی، تا ئێستا حكومەت هیچ وەڵامێكی بۆ كوژرانی براكەیان نەبوەو ئەوانیش دەست لە مافی خۆیان هەڵناگرن.

هەروەها ناوەندی نوسەرانی ئێرانیش بەبۆنەی دوەمین ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینییەوە رایگەیاند، ژنان لە خۆپیشاندانەكانی دو ساڵ لەمەوبەردا بونە بەشێكی چارەنوسساز لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی.

ئاماژەی بەوەشداوە، دەسەڵات هێشتا هەر خەریكی ترساندن و تۆقاندنی خەڵك و بەشێك لە هاوڵاتیانی ناڕازی هێشتا لە زیندانەكاندان و خانەوادەكانی قوربانیانیش لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەكاندا.

هەروەها ئەنجومەنی خانەوادەكانی قوربانیانی ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2018ش لە پەیامێكدا وتویانە، لەماوەی چەند دەیەی رابردودا خەڵكی ئێران توانیویانە بەردەوام ناڕەزایەتییەكانی خۆیان بە شێوازی جۆراو جۆر دژبە رژێمی تاریكپەرستی كۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن تاوەكو ئەوەی لە ساڵی 2022دا لەدەورەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، یەكێتییەكی بێوێنەو هاوپشتییەكی قوڵی خۆیان نیشانی جیهان دا.

ئەنجومەنەكە وتوشیەتی، كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی رابردودا چەندین جار ئەوەی نیشانداوە كە لەئاست بێدەنگی كۆمەڵگەدا، گوشارەكانی بۆ سەر كۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر دەكات و سەركوتكردنی ئازادیخوازان چڕدەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×