ئیسرائیل هێرشیكرده‌سه‌ر سوریاو برایه‌كى به‌شار ئه‌سه‌د چاره‌نوسى نادیاره‌
  2024-09-30       726       

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ یەکشەممە هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردەسەر چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبون لەڕێگه‌ی دیمەشق – بەیروت لەڕۆژئاوای دیمەشق‌و سه‌رچاوه‌كانیش ده‌ڵێن، برایه‌كى به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سوریا چاره‌نوسى نادیاره‌.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی سەربازیی، بەڕۆژنامەی قودس ئەلعەرەبی ڕاگەیاندوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەسێ موشەک ڤێلای ماهر ئەسەد برای بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریای لەناوچەی یەعفور لەلادێکانی ڕۆژئاوای دیمەشق بۆردومانكردوه‌، بەبێئەوەی بزانێت ڕادەی زیانەکان چەندە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، دەنگی تەقینەوە لەئاسمانی گونده‌كانى دیمەشق بەرەو دیماس- یەعفورو سەبورە بیستراوە، هەروەها ئیسرائیل هەڵمەتێکی جیاجیای لەناوچەی وادی حەننا لەشاری قەسیر لەگونده‌كانى حەمس لەناوەڕاستی سوریا ده‌ستپێکردوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسى فەرمیی سوریا (سانا) لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دەنگی تەقینەوەکان لەدەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریا بیستراون.

سەرچاوە نافەرمیەکانی سوریا، لەڕێگەی پلاتفۆرمی سۆشیال مێدیاوە بڵاویانکردەوە، ڤێلای ماهر ئەسەد فەرماندەی "لیوای چوار" لەسوپای سوریا، لەناوچەی "یەعفور" لەگونده‌كانى دیمەشق، بۆردومانکراوە.

ئەم هەواڵە لەلایەن پەیجەکانی سوریاوە لەپلاتفۆرمی سۆشیال مێدیادا بڵاوکراونەتەوەو دەڵێن پەیوەندیی بەماهر ئەسەد دوای "هێرشی ئیسرائیل" پچڕاوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵەکان لەسۆشیال مێدیا ڕایانگەیاند، ماهر ئەسەد باشەو هیچ زیانێکی پێنەگەیشتوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بەدەنگۆی کوژرانی براکەی سەرۆکی سوریا، بڵاونەکراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×