زەویناسی و کولتووری کوردی
  2024-10-04       890       

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت / زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سەرەتا:

لەوانەیە خوێنەر لەسەرەتادا و لە ناونیشانی وتارەکەوە سەرنجی ئەوەی لەلادروستببێت، کە ئایا پەیوەندییەک هەیە لە نێوان زەویناسی و کولتووری کوردی؟ زەویناسی وەک لەلای بەڕێزتان ئاشکرایە بریتییە لە زاراوەی بەرانبەر بۆ وشەی جیۆلۆجى Geology)) کە له‌ بنه‌چه‌دا له‌دوو وشه‌ى گریكى كۆنه‌وه‌ هاتووه‌، ‌ئه‌وانیش  geo ‌به‌ماناى زه‌وى دێت، وlogos به‌ماناى گفتوگۆ دێت (١). واته‌ به‌گشتى بریتییه‌ له‌ ئاخاوتن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌ساره‌ى زه‌وى. كه‌واته‌ ئه‌و زانسته‌ى، كه‌ له‌گشت لایه‌نه‌كانى زه‌وى ده‌كۆڵێته‌وه‌ هه‌ر له‌ بنه‌چه‌كه‌یه‌وه‌ تا گه‌شه‌كردنى و تا پێكهاته‌ى كه‌ڤریى و ئاو و خاك و خاوه‌كانى و پێكهاته‌ى ناوه‌وه‌ى. لەلایەکی تریشەوە کولتوور بریتییە لە بیروباوەڕی نەریتی، فۆڕمی کۆمەڵایەتی و سیفەتە ماددییەکانی گرووپێکی ڕەگەزی، ئایینی، یان کۆمەڵایەتی (٢). واتە کولتوور سەرجەمی چالاکییە هزری و ڕەفتارییەکانی نەتەوەیەک یان گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە لە سەردەمێکدا. لە هزر، زمان، زانین (زانیاری-مەعریفە) [وێژە، هونەر، زانست و فەلسەفە]، دابونەریت، بەهای کۆمەڵایەتی، ڕەوشت، کەلەپوور، باوەڕ، ئاین و شێوەی ژیان پێکدێت (٣).

 

کاری زەویناس:

زەویناسەکان لەپاش جەنگی دووەمی جیهان هاتنە عێراق و کوردستانیش بەشێکی سەرەکی کارەکانیان بوو، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی کە بەردەکانی دەرکەوتوو لە کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە زۆر جوان و نایاب بوون. ئەم زەویناسانە زۆربەیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەڕان و پشکنین بە دوای نەوتدا کاریان دەکرد. یەکێک لەو کۆمپانیایانە کۆمپانیای نەوتی عێراقی بوو ( IPC ). گەڕان و پشکنینی زەویناسەکان ، بەتایبەتی لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی بیستدا، کە هۆکاری گواستنەوە زۆر کەم بووە ولەلایەکی تریشەوە ڕێگاوبانەکان زۆر خراپ، یان هەرنەبوون بۆیە زەویناسەکان زۆرینەی کاتەکانیان لەشاخ و دۆڵەکانی باشووری کوردستاندا بەسواری ئەسپ و ئێستر و گوێدرێژ بەسەربردووە. لەلایەک نموونەی بەردەکانیان کۆکردۆتەوە و لەلایەکی تریشەوە پەسنی کەڤرەکانیان بەوردی تۆمارکردووە، کەتائێستاش ئەوزانیاریانە بۆ زەویناسان بوسوودە! بەرهەمی سەرەکی گەڕان و پشکنینی ئەوچەند ساڵەی زەویناسەکان بریتییە لە پەڕتووکی فەرهەنگی یەکە کەڤرییەکانی عێراق و کوردستان (٤).

کۆمپانیای نەوتی تورکی کە پێشەنگی کۆمپانیای نەوتی عێراق بوو لە ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٦دا گەشتێکی بۆ عێراق ئەنجامدا، کە بریتی بوو لە لێکۆڵینەوەیەکی کورت دەربارەی کوردستان. دوای دۆزینەوەی بیرەنەوتییەکەی  بابا گوڕگوڕ لە ساڵی ١٩٢٧، سەرنجی کۆمپانیاکە لەسەر پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی گەورەی کەرکوک بوو. پاشان لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ١٩٦١ لەلایەن کۆمپانیای نەوتی عێراق (IPC ) ەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کرابوو، بەڵام پەرەی پێنەدرابوو، واتە لێکۆڵینەوەکان سەرەتایی بوون. لەدوای ساڵی ١٩٤٦ وە  جارێکی تر ناوچەکە بەڕووی گەڕان بەدوای نەوتدا کرایەوە، هاوکات لەگەڵ گەڕان بەدوای نەوتدا، کۆمپانیای IPC گرنگی بە شاخەکانی کوردستان دەدا، چونکە جیۆلۆجیای کوردستان ئاماژەی گرنگی سەبارەت بە پێکهاتەی ناوچەکە دابین دەکرد و دەخستەڕوو. بێگومان باشووری کوردستانی مێژوویەکی پڕ لە کێشەی لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق هەبووە، بۆیە ناجێگیری ناوچەکە لە ڕووی سیاسییەوە زۆرێک لەکارەکانی تیمە زەویناسییەکانی کزکردبوو.

 

کولتووری کوردی لە کامێرای زەویناسەکانەوە:

زەویناسەکان بەوردی باس لەو ڕێز و میواندارییەی گوندنشینانی کوردستان دەکەن کە چەندین جار بانگهێشتکراون بۆ ماڵی بەرپرسان و مریشک و بزنیان بۆ سەربڕیون وکاتێکی خۆشیان بەسەربردووە. هەر لەسەروبەری کارکردندا ئەم زەویناسانە زۆرێک لە دابونەریتی کوردەواریان تۆمارکردووە، و چەندین وێنەی نایاب و ناوازەیان چرکاندووە، کە ئێستا ئەو ساتەگرنگ مێژووییانەمان بۆ دەگێڕێتەوە. یەکێک لەو زەویناسانە بەڕێز مایک مۆرتۆن بووە، کە لەم چەند ساڵەی دوایدا کتێبێکی یادگارییەکانی لەلایەن کوڕەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە و چەندین وێنەی نایابی تێدایە (٥). لێرەدا چەند وێنەیەک دەخەینە بەرچاوی خوێنەر، کە دەکرێت لەڕێگەی ئەم ماڵپەڕەشەوە بە زمانی ئینگلیزی وردەکارییەکان دەستبکەوێت (٦).

وێنەی یەکەم گەنجێکی کورد بە جلوبەرگی کوردی کەشخەوە پیشاندەدات، کە کاری لەگەڵ تیمە زەویناسەکاندا کردووە.  وێنەکە لەبەردەم کەمپی تیمەکەدا ساڵی ١٩٥٢ چرکێندراوە ( کەمپەکە زۆربەی کات خێوەتیان بۆ مانەوە بەکارهێناوە). بەڕاستی وێنەکە لەهەموو ڕوویەکەوە واتای تەوادەدات و نموونەی جلوبەرگی جوانی کوردی پیشاندەدات.

وێنەی دووەم خێزانێکی کورد بە جلوبەرگی کوردییەوە کە لە سەرەتای ساڵانی بیستی سەدەی پێشوو لە نزیک گوندی چالکی لە ناوچەی زاخۆ چرکێندراوە. بەڕاستی جلوبەرگەکان تەواو کوردەوارین و هەرلەمنداڵەکەوە تا باوانەکەش جلەکانیان زۆر جوان و کوردەواریانەن.

وێنەی سێیەم کۆبوونەوەیەکی زەویناسەکانی کۆمپانیای پێتڕۆڵیۆمی عێراقی لە کەمپی گوندی چاڵکی کە ساڵی ١٩٥٢ چرکێندراوە. کەسە ناسراوەکان لەڕیزی دووەم لەلای چەپەوە ئەو کەسەی جامانەکەی لەسەردایە ناوی تۆفیق بەگە( سەرداری ناوچەی بەرواری بووە) دوای تۆفیق بەگ سێ زەویناس وەستاون کەبریتین لە ڕێنێ وێتزل، دۆک هادسۆن، و مایک مۆرتۆن. بەڕێز سامی ناسر کە نووشتاوەتەوە لە نێو کەسانی کە لەخزمەتی تیمەکەدا بوون وەک هەڵگری کەلوپەل و نموونەی بەردەکان و وەک پاسەوان کاریانکردووە دەبینرێت. ئەگەر سەرنج بدەیت دەبینیت مەسیحییەکان کڵاوی لبادیان لەسەرە و موسڵمانەکانیش کڵاووجامانە. بەڕاستی وێنەیەکی کولتووری زۆر نایابە.

وێنەی چوارەم  سەماو هەڵپەڕکێی کۆمەڵێک لە کوردان، کە بۆبەخێرهێنانی زەویناسەکان بە دەهۆڵەوە پێشوازیان لێدەکەن.

 

بابەتی کولتووری کەزەویناسەبیانییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن تەنیا وێنەکانی دوێنێ نییە، بەڵکو هەندێک لە دابونەریتی کوردەواریشیان تۆمارکردووە. ئەوەتا مایک مۆرتۆنی زەویناس، کە کوڕەکەی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە تۆماریکردووە،نووسیویەتی کە کوردستان بووەتە جێگەی خۆشی زەویناسەکان و بەجۆرێک دڵخۆشبوون کە زۆر زیاتر لەکاتی دیاریکراوی خۆیان ماونەتەوە(٥).

هەروەها دەنووسێت:  باوکم، زەویناس مایک مۆرتۆن، زۆرجار باسی لەوە دەکرد  باشترین شوێن کە تا ئێستا سەردانی کردبێت لە گەشتە بەرفراوانەکانیدا بە دەوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بریتی بووە لە کوردستان. مایک لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی "  ئێستا لێرە ساردە، هەفتەی ڕابردوو چوومە سەر میحوەری فارس ( مەبەستی سەرسنووری ئێرانە)، لێرەش باران باری - و بەفر لەسەر لوتکەی شاخەکانی دەوروبەری کەمپەکە باری. کوردستان بەشێکی خۆشەویستە لە خۆرهەڵات - شاخی بەرز، دار، چەم، باڵندەی کێوی، کۆتر و لە بەشە بەرزەکاندا، بەرازی کێوی، ورچ و بزنەکێوی، تەنانەت چەند پلنگێکیش هەن".

زەویناسەبیانییەکان چونکە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە تێکەڵبوون و بۆ ماوەیەکی درێژ ماونەتەوە، پەیوەندییەکی زۆر باش و پڕلە ڕێز و مرۆڤایەتی لەنێوانیاندا هەبووە و ئەگەر بە وردی وتارەکانیان و یادگارییەکانیان بخوێنیتەوە دەبینیت زۆر بەوردی پەسنی ئاغاو سەرگەورەکانی هۆز و گوندەکانیان تۆمارکردووە. ئەگەر بەوردی بەدوای بیرەوەرییەکانی ئەو زانایانەدا بگەڕێین لەوبڕوایەدام سەدان وێنەی نەبینراو و نووسینی دانسقە سەبارەت بە کورد و کوردستان تۆمارکراوە، کە ئەمەی سەرەوە مشتێکە لە خەرمانێک.

 

سەرچاوەکان:

(١) ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین ،2024، بنه‌ماكانى زه‌ویناسى، دووەم چاپ، چاپخانه‌ى شارستان، لە بڵاوکراوە زانستییەکانی کتێبخانەی دڵشاد، سلێمانى، كوردستان، 413ل.

(٢)     https://www.merriam-webster.com/dictionary/culture

(٣)  https://www.rudaw.net/sorani/opinion/culture_and_literature/030220171

 (٤) Bellen, R.C. Van, Dunnington, H.V ., Wetzel, R. and Morton , D. M. 1959. Lexique stratigraphique international, V.III: Asie , Fascicule 10 a, Iraq. 333 p.

 (٥) Morton, M.Q., 2006, In the heart of the desert, Green Mountain Press, UK, 262p.

(٦) https://geoexpro.com/memories-of-iraqi-kurdistan/

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×