خانەی پەڕتووک لە زانکۆی سلێمانی
  2025-04-28       249       

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت/ زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

سەرەتا:

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧-٤-٢٠٢٥ لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و لە ناو تەلاری کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی خانەی پەڕتووک کرایەوە. ئەم هەوڵە چەندین ساڵ بوو خەونێکی بەندە بوو، هەر لەساڵی ٢٠١٤ وە هەوڵمداوە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی زانکۆی سلێمانی هەمووجارێک دەستم پێکردۆتەوە! تە ڕۆژی ٣٠-١٠-٢٠٢٢ پڕۆپۆزەڵی نوێم خستە بەردەم سەرۆکی ئێستای زانکۆی سلێمانی ( پ.د.کۆسار محەمەد عەلی)، کە بەسوپاسەوە زۆر بەدواداچوونی بۆکرد و هەر وازی نەهێنا تا گشت ڕێکارە یاساییەکانی لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تەواوکرد و وەزارەت ڕەزامەندیدا لەسەر فرۆشتنی پەڕتووکەکان. شوێنی  تایبەت بۆ خانەکە  لەناو کتێبخانەی ناوەندیدا و بەهاوکاری پ.د. تریفە عومەر ( بەڕێوبەری کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی) بۆ دابینکرا و خۆشبەختانە ئێستا ئامادەیە بۆ پێشوازی لە گشت خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ.

کاری مامۆستایانی زانکۆیە کە خوێندکاران پۆل پۆل ببەن بۆسەردانیکردنی خانەی پەڕتووک، تا لەنزیکەوە ئاشناببن بەو شوێنە و فێریان بکەن، کە چۆن دەتوانن پەڕتووک بکڕن و بیخوێننەوە، واتە هاندانێکی پراکتیکی بەردەوام.

 

خانەی پەڕتووک چییە؟

ئەم ماڵە، یان خانەیە تێیدا ئەو پەڕتووکانەی زانکۆ چاپی کردوون دادەنرێن، وەک پێشانگەیەک، و گشت خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆیان هەیە بەنرخێکی گونجاو بیکڕن.

 

سوودەکانی خانەی پەڕتووک:

کاتێک زانکۆ پەڕتوکێک بۆ مامۆستایەکی زانکۆ چاپ دەکات، بێگومان پاش ئەوەی بە گشت ڕێکارە یاساییەکانی خۆیدا بە سەرکەوتوویی تێپەڕ دەبێت  ( دەستنووسەکە دەنێردرێت بۆ دوو پسپۆڕی شارەزا لەبواری کتێبەکەدا و پاشان بۆ زمانزانێک تا ڕاستکردنەوەی زمانەوانی بۆ ئەنجام بدات) ، ئەوکات پڕۆژەکە دەچێتە بواری چاپکردن و زانکۆ ٥٠٠ دانە لە کتێبەکە چاپ دەکات. لەم بڕە ٧٥ دانە دەدرێت بە نووسەری پەڕتووکەکە و ٢٥ دانەش بۆ کتێبخانەکانی ناو زانکۆ. کەواتە ٤٠٠ دانە دەمێنێتەوە کە جاران لە کۆگەی کتێبخانە دادەنرا و مەگەر زانکۆیەک بە نووسراو داوای چەند دانەیەکی بکردایە و ئەمانیش بەسوپاسەوە چەند دانەیکیان پێشکەش دەکرد، ئیتر ئەم پەڕتووکانە ساڵێک و دووان و سیان لەم کۆگەیەدا دەمانەوە و مۆرانە لێیدەدان و دەبوو فڕێ بدرێن! ئێستا سوودەکانی ئەم خانەی پەڕتووکە، دەکرێت بخرێتە ڕوو:

١-پەڕتووکە زیادەکان لە پێشانگەی خانەکەدا دادەنرێن و خوێندکاران و مامۆستایان دەتوانن بێن و بیکڕن.

٢-پەڕتووکەکان لە فەوتان و نەمان ڕزگاربوون.

٣-پەڕتووکەکان لەزیندان دێنەدەرەوە و ئیتر دەگەنە دەست خەڵک و خوێنەران.

٤-نووسەر بەم کارە دڵخۆش دەبێت، کە پەڕتووکەکەی بگاتە دەست زۆرترین خوێنەر و لەلایەکی تریشەوە کاتێک پەڕتووکەکە تەواو دەبێت زانکۆ چاپی دووەم و سێیەم ئەنجام دەدات.

٥- لەڕووی ئابوورییەوە، داهاتی فرۆشتنی ئەم پەڕتووکانە دەگەڕێتەوە بۆ زانکۆ و ئەو پارەیەش دەخرێتە خزمەتی چاپکردنی پەڕتووکێکی تر.

 ٦-نووسەران بەگوڕو تینێکی باشترەوە دەنووسن و لە زانکۆ پەڕتووکەکانیان چاپ دەکەن، چونکە دەزانن کە بەرهەکانیان ناچێتە زیندانەوە.

 

هەنگاوی داهاتووی خانەی پەڕتووک:

بەبڕوای من هەنگاوی داهاتوو لەم خانەیەدا دەکرێت پلانی بۆ دابنرێت، کە ئەویش هێنانی پەڕتووک و گۆڤارە زانستییە بڕواپێکراوەکانی جیهانە بۆ ئەم خانەیە و فرۆشتنی بە خوێنەران. ئەم کارە زۆر قورس نییە لەسایەی ئینتەرنێت و پەیوەندییە ئێلیکترۆنییەکان، کە دەتوانرێت فایلی پی دی ئێفی پەڕتووکێک بکڕدرێت و لای خۆمان چاپی بکەین و ئەوکاتە بفرۆشرێت، یان ئەرشیف بکرێت! مەرج نییە لەم خانەیەدا تەنیا پەڕتووکی کاغەزی هەبێت، بەڵکو دەتوانرێت پەڕتووکە دیجیتەڵییەکانیش، پاش ئەوەی لەسەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە دەکڕدرێن،  دابنرێن و  بفرۆشرێن.

 

دواوشە:

کردنەوەی ئەم خانەیە کارێکی زۆر بەسوودە و بەوهیوایەم خوێندکاران و مامۆستایان بەبەردەوامی سەردانی بکەن. سەرۆکایەتی زانکۆش ئاگاداری گشت زانکۆکانی تری کوردستان و دەرەوەش بکات و باشتریش دەبێت لیستی ناوی پەڕتووکەکان کەلەم خانەیەدا دانراون بۆ فرۆشتن و لەگەڵ نرخەکانیان بۆ گشت لایەک بنێردرێت( بێگومان ئەم کارە دەکرێت لەڕێگەی دروستکردنی ماڵەپەڕی، یان لاپەڕەیەکی دیجیتاڵییەوە ئاسانتر بێت). بەبڕوای من دەکرێت  گشت ئەو میوانانەی سەردانی زانکۆ دەکەن لەگەشتێکدا بیانبەن بۆ سەردانیکردنی ئەم شوێنە وهانیان بدەن بۆ بینینی پەڕتووکەکان و کڕینیان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×