ئا: ئاوێنە
"هاشم سەفیەدینو هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون کوژران".
ئەمە دوا زانیاری سوپای ئیسرائیلە سەبارەت بەچارەنوسی ئەو سەرکردەیەی حزبوڵا کە وا چاوەڕوان دەکرا ببێتە شوێنگرەوەی "حەسەن نەسروڵا"و سەرکردایەتی ئەو حزبە بکات لەم قۆناغە سەختەی تێیکەوتووە.
لەکاتێکدا کە حیزبوڵا هێشتا لەشۆکی کوشتنی حەسەن نەسروڵادا رۆژگاری بەسەردەبات، ئیسرائیل هاشم سەفیەدینیشی کردە ئامانج کە بەگرنگترین سەرکردەی حزبوڵاو بەسێبەری حەسەن نەسروڵا دەدەنرا. بەپێی ئەوانەی لەنزیکەوە ناسیویانە سەفیەدین لەتوندڕەویدا لەنەسروڵا واوەتر بووە، ئەو لەیەککاتدا هەم کاریزمای حەسەن نەسروڵاو هەم مەیدانی بوونی قاسمی سلێمانیشی لەخۆیدا بەرجەستە کردبوو، سەفیەدین پورزای نەسروڵاو خەزوری کچەکەی قاسم سولەیمانیش بوو.
بەپێی سەرچاوە لوبنانیەکان، سەفیەدین لەزۆر ڕووەوە هاوشیوەی حەسەن نەسروڵا بووە، لەسەرو ڕوخسارو ریشو دەرکەوتنو شێوازی قسەکردنیو لە ساڵی ١٩٩٤وە ئامادەکراوە بۆ وەرگرتنی سەرکردایەتی ئەو حزبە، کاتێک بەفەرمانی عەلی خامەنەئی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەشاری "قوم"ەمەوە گەڕاوەتەوە بۆ لوبنانو سەرۆکایەتی شورای جێبەجێکردن حزبوڵای پێسپێردراوەو سەرپەرشتی داراییو ئیداری حزبوڵای کردووەو کاراکتەرێکی سەرەکی داڕشتنی سیاسەتی حزبوڵاو دیاریکردنی پێکهاتەی کارگێڕیو رێکخستنو چالاکییەکانی رۆژانەی ئەو حزبە بووە. هاوکات سەفیەدین هاوشێوەی قاسمی سلێمانی فەرماندەیەکی مەیدانیو ئەمنی چالاک بووە.
سەفیەدین، لەناو حزبوڵادا پێگەی زۆر بەهێز هەبووە، بەحوکمی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران، کە لەحەوزەی قوم خوێندوویەتیو باوەڕی بە"ویلایەتی فەقێ" بوو، رەزای کوڕیشی هاوسەرگیریی لەگەڵ زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کردبوو، کە لەساڵی ٢٠٢٠دا لایەن ئەمریکاوە کوژرا.
ئەمەریکییەکان، لەمانگی ئایاری ٢٠١٧وە ناوی هاشم سەفیەدینیان خستبووە لیستی تیرۆرەوە، بەو پێیەی بەرپرسیارە لەسەرپەرشتیکردنی چالاکییە جیهادی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریو پەروەردەییەکانی حزبوڵاو وەک سەرۆکی شورای جێبەجێکردن، کە لە ٧ ئەندام پێکدێتو حزبوڵڵا بەڕێوەدەبەن.
هاشم سەفیەدین، لەساڵی ١٩٦٤ لەشارۆچکەی دێر قانون لەباشووری لوبنان لەبنەماڵەیەکی ناسراوی شیعە لەدایکبووەو لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵای پورزای لەشاری نەجەفو قوم خوێندوویانە.
سەفیەدین دوو ساڵ دوای ئەوەی نەسروڵا لەساڵی ١٩٩٢دا پۆستی ئەمینداری گشتیی گرتە ئەستۆ، پاش کوژرانی عەباس موسەوی لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەشاری قومەوە بۆ بەیروت "بانگهێشت" کرا، بۆ ئەوەی ببێتە هاوکاریی نەسروڵا.
لە ساڵی ١٩٩٤، حەسەن نەسروڵا، سەفیەدینی کردە بەرپرسی بەیرووتی حزبوڵاو لەساڵی ١٩٩٥ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جیهادی پێسپارد کە بەرپرسە لەچالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵاو وەک ئەندامی شورای جێبەجێکردن دەستی بەکارەکانی کرد. لەساڵی ١٩٩٨ پلەی بەرزکرایەوەو بووە بەرپرسی شورای جێبەجێکردنو بەکەسی دووەمی حزبوڵا دادەنرا.
ئەو پیاوە بۆ ماوەی سێ دەیە کۆنترۆڵی هەموو دۆسیە هەستیارەکانی ڕۆژانەی حزبوڵای دەکرد، لەبەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حیزبەوە تا کاری رێکخراوەییو بەڕێوەبردنی پارەو پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی لەناوخۆو دەرەوە کە بەچەندین ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، سەفیەدین دۆسیە ستراتیژییەکانییشی بۆ حەسەن نەسروڵا بەجێهێشتبوو.
سەرچاوە لوبنانییەکان ئەوە رووندەکەنەوە کە زانیاری زۆر لەسەر سەفیەدین بەردەست نییە، بەو پێیەی ئەم پیاوە بۆ ماوەیەکی زۆر لەڕێوشوێنێکی ئەمنی تونددا ژیانی بەسەربردووەو کەسێکی نزیک بووە لەعیماد موغنیە، کە سەرکردەیەکی ئەمنی حزبوڵا بووەو لەهەلومەرجێکی نادیاردا لەدیمەشق کوژرا.
عەبدوڵا سەفیەدینی برای هاشم سەیفەدین چەند ساڵێکە نوینەری حزبوڵایە لەئێرانو لەتاران دەژی، ئەو لەگەڵ هاشمی برای پێکەوە لەحەوزەی قوم خوێندویانە.