یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەدات كە ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران بیەوێت زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت، دەكرێت روبەڕوی چارەنوسێكی هاوشێوەی غەززەو بەیروت ببێتەوە.
ئاوێنە: یوئاڤ گالانت، ئەمڕۆ كەشممە، لە لێدوانێكدا ئاماژەی بە هێرشە موشەكییەكەی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر وڵاتەكەی كردو راشیگەیاند، لە هێرشەكەدا ئێران دو پێگەی هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلی كردبوە ئامانج.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیشی كردەوە، هێرشەكە هیچ زیانێكی بە دامەزراوەكانی هێزی ئاسمانی ئێمە نەگەیاند و زیان بەر هیچ فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی نەكەوتوە.
وتیشی"هەر كەسێك وا بیردەكاتەوە كە بە كاركردن بۆ زیانگەیاندن بە ئێمە، ئێمە رادەگرێت، ئەوا دەبێت سەیری دەستكەوتەكانمان بكات لە غەززەو بەیروت."
پێشتر بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێرشە موشەكییەكی ئێران بۆ سەر وڵاتەكەی بە گەورەترین هێرشی موشەكی بالیستی لە مێژودا ناوبردو هەڕەشەی لە ئێران كرد كە باجی ئەو كارەی دەدات.