دو بەرپرسی باڵای ئێران: لەدوای هێرشەكەی سەر بەیروتەوە پەیوەندیمان لەگەڵ قائانی پچڕاوە
  2024-10-06       658       

دو بەرپرسی باڵای ئەمنی ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، لەدوای هێرشەكەی كۆتایی هەفتەی رابردوی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت، پەیوەندییان لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پچڕاوە كە لەدوای كوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵا، سەردانی لوبنانی كردوە.

ئاوێنە: یەكێك لە بەرپرسە ئێرانییەكان بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، قائانی لە زاحیەی باشوری بەیروت بوە لەكاتی ئەو هێرشەی ئیسرائیلدا كە دەوترێت لە هێرشەكەدا هاشم سەفیەدین، بەرپرسی باڵای حزبوڵای لوبنان كراوەتە ئامانج.

بەڵام بەرپرسە ئێرانییەكە وتویەتی، قائانی لەگەڵ سەفیەدین دیداری نەبوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە وتوشیەتی، ئێران و حزبوڵا لەدوای ئەو هێرشەوە پەیوەندییان بە قائانییەوە پچڕاوە.

بەرپرسە باڵا ئێرانییەكەی دیكەش وتویەتی، قائانی لەدوای كوژرانی نەسروڵا سەردانی لوبنانی كردو دەسەڵاتدارانی ئێران لەدوای هێرشەكەی سەر سەفیەدینەوە نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بكەن.

حزبوڵا لەبارەی ئەگەری كوژرانی سەفیەدین كە چاوەڕوان دەكرا بكرێتە جێگرەوەی نەسروڵا، تا ئێستا هیچ لێدوانێكی نەداوە.

ناداڤ شوشانی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لە كوژرانی قائانی دەكەن لە هێرشەكەی ئیسرائیدا، وتی، ئەنجامی هێرشەكان هێشتا هەڵسەنگاندیان بۆ دەكرێت.

وتەبێژەكەی سوپای ئیسرائی وتیشی، ئیسرائیل لە كۆتایی هەفتەی رابردو هێرشی كردۆتە سەر بارەگای ناوەندیی هەواڵگریی حزبوڵا لە بەیروت.

وتیشی، هەر كاتێك ئەنجامی دیاریكراوتر بەدەستهات لەبارەی هێرشەكەوە، بڵاوی دەكەینەوە، پرسیاری زۆر هەن لەبارەی ئەوەی كە كێ لە بارەگاكەی حزبوڵا بوەو كێی لێ نەبوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە هێرشەكەی 27ی مانگی رابردوی ئیسرائیلدا كە حەسەن نەسروڵای تێدا كوژرا، فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانیش بەناوی عەباس نیلفروشان كوژرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×