رونكردنەوەی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی
  2024-10-11       1007       

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم و كۆتایی داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بەخشینی لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات. دەشڵێت: بێبەریبونی خۆمان لە هەردو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و وەک کەسێکی بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت.

ئاوێنە: دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، كشانەوەی بزوتنەوەكەی لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی راگەیاند، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، كە لەسەر پشكی گۆڕان پارێزگاری سلێمانی، رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر وتویەتی"سێ مانگ پێش تەواوبونی ماوەی چوارساڵی خزمەتکردنمان لەم پۆستەدا، لە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢١دا؛ بەفەرمیی داوای بەخشینمان لە پۆستەکەم کردوە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسا دەبێت تا هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ؛ بەردەوامبین، بۆ جاری دوەم هەمان داواکاریی فەرمیمان لە ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا؛ پێشکەش بە بەڕێزان وەزیری ناوخۆو سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەر سێ لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوەو تا ئەمڕۆ؛ پەسەندنەکراوە."

ئاماژەی بەوەشداوە"لەم دۆخەی ئێستادا، کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی و دوبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو  قوڵ کەوتۆتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت و هەمو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام."

جەختیشی كردۆتەوە كە "لە ئێستاشدا نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستۆتەوە."

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر وتوشیەتی"بۆ جاری سێیەم و کۆتایی؛ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخشینمان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"بێبەریبونی خۆمان لە هەردو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا."

وتوشیەتی"نابین بەبەشێک لەم دابەشبونەو بەهەمان ڕۆح و گیانی گۆڕانخوازییەوە؛ لە هەر کات و شوێنێکدا؛ خزمەت دەکەین، وەک هەمیشە داکۆکیکارو خزمەتکاری هەمو هاونیشتمانیان دەبین بەبێ جیاوازیی."

دەقی رونكردنەوەكە:

ڕونکردنەوەیەکی پێویست

ئێمە؛ بە بژاردەو بڕیاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و، بە هەڵبژاردن و بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای خەڵک و  بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەنگی هەمو فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە پەسەندێتیی وەزارەتی ناوخۆو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە مەرسومی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لە ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ دا؛ وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربوم، لە پێناوی خزمەت نەک دەسکەوتدا، دڵسۆزانە حکومەتێکی خۆجێی هاوڵاتیی سەنتەریی خزمەتگوزارمان لەسەر بنەمای یاساسەروەریی و دور لە حیزبایەتیی و دور لە جیاکاریی و لایەنداریی؛ بەپشتیوانیی هەموان بنیاتناوە، بۆیەکەمجار لە مێژوی کورددا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی حکومەتە خۆجێیەکانمان؛ بەرجەستە کردوە، بەرەنگاری هەمو ئاڵنگارییەکان بوینەتەوەو گۆڕیومانن بۆ دەرفەتی گەشەکردن و بوژاندنەوەو سەقامگیریی، سێ مانگ پێش تەواوبونی ماوەی چوارساڵی خزمەتکردنمان لەم پۆستەدا، لە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢١دا؛ بەفەرمیی داوای بەخشینمان لە پۆستەکەم کردوە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسا دەبێت تا هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ؛ بەردەوامبین، بۆ جاری دوەم هەمان داواکاریی فەرمیمان لە ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا؛ پێشکەش بە بەڕێزان وەزیری ناوخۆو سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەر سێ لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوەو تا ئەمڕۆ؛ پەسەندنەکراوە.

ئێمە حوکمڕانیمان لە ململانێی سیاسیی دورخستۆتەوەو پابەندیی دەستورو یاساو ڕێساو ڕێنماییەکان بوین و دەبین.

لەم دۆخەی ئێستادا، کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی و دوبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو  قوڵ کەوتۆتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت و هەمو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام.

لە ئێستاشدا نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستۆتەوە.

بۆیە:

یەکەم: بۆ جاری سێیەم و کۆتایی؛ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخشینمان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات.

دوەم: بێبەریبونی خۆمان لە هەردو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا.

سێیەم: نابین بەبەشێک لەم دابەشبونەو بەهەمان ڕۆح و گیانی گۆڕانخوازییەوە؛ لە هەر کات و شوێنێکدا؛ خزمەت دەکەین، وەک هەمیشە داکۆکیکارو خزمەتکاری هەمو هاونیشتمانیان دەبین بەبێ جیاوازیی.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×