خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2024 بەخشرایە رێكخراوێكی ژاپۆنی كە كاری دژایەتیكردنی چەكی ئەتۆمی و داماڵینی جیهانە لەو چەكە.
ئاوێنە: لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نەرویج، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، خەڵاتەكە بۆ ساڵی 2024 دەبەخشرێتە رێكخراوی نیهۆن هیدانكیۆی ژاپۆنی، كە كار لەسەر ناساندنی ژیانی رزگاربوانی بۆردومانە ئەتۆمییەكەی هیرۆشیماو ناگازاكی دەكات ئەوەش لەهەمبەر هەوڵەكانی بۆ داماڵینی جیهان لە چەكی ئەتۆمی.
یۆرگن واتن فریدنس، سەرۆكی لیژنەكە وتویەتی، رێكخراوەكە بە ئاستێكی بەرز بەشدار بوە لە پتەوكردنی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی.
سەرۆكی لیژنەی نۆبڵی ئاشتی هەروەها ستایشی رێكخراوە ژاپۆنییەكەی كرد كە چیرۆكی شایەتحاڵان و رزگاربوانی بۆردومانەكانی چەكی ئەتۆمی بەكارهێناوە بۆ دژایەتی كردنی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی و ئەوەی كە چیتر ئەو چەكە بەهیچ شێوەیەك بەكار نەهێنرێت.
رێكخراوی نیهۆن هیدانكیۆی ژاپۆنی ساڵی 1956 دامەزراوەو وەك خۆی دەڵێت، رزگاربوانی بۆردومانی چەكی ئەتۆمی بەسەرتاسەری جیهاندا دەگێڕێت بۆ ئەوەی چیرۆكەكانیان لەبارەی "زیانە كوشندەكان" و ئەو ئازارانەوە بگێڕنەوە كە بەهۆی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمییەوە دوچاری بون.
پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەو رێكخراوە لەكاتێكدایە ژمارەیەك كاندیدی دیكە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە هەبون كە زۆر جێی مشتومڕبون.
قسەو پێشبینی زۆر هەبون كە خەڵاتەكە لەلایەن لیژنەكەوە دەدرێت بە ئاژانستی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پشتیوانی فەلەستین كە بە "ئونروا" ناسراوە.
ئونروا لەگەڵ ئەوەی دابینكەری سەرەكی هاوكارییە مرۆییەكانە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە، بەڵام نۆ لە ئەندامەكانی بەهۆی تۆمەتباركردنیان بە تێوەگلان لە هێرشەكەی رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە ئاژانسەكە دورخرانەوە.
لە نوسراوێكدا كە ئیمزای زیاتر لە 12 هەزار كەسایەتی لەسەربو، داوایان لە لیژنەی نۆبڵی ئاشتی كردبو خەڵاتەكە نەدرێت بە ئونروا و هاوكات نیگەرانی هاوشێوەش هەبون لە پێدانی خەڵاتەكە بە دادگای دادی نێودەوڵەتی.
پەیمانگای نۆبڵی نەرویجی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمساڵ 286 كەس كاندید بون بۆ وەرگرتنی نۆبێلی ئاشتی كە لە 197 كەسایەتی و 89 رێكخراو پێكهاتبون.
نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023 بە نەرگز محەمەد، ژنە چالاكوانی ئێرانی بەخشرا ئەوەش لەپای چالاكییەكانی بۆ روبەڕوبونەوەی جیاكاری دژی ژنان لە ئێران.