ئا: ئاوێنە
ئەو کۆنووسانەی کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە دەربارەی کۆبوونەوە نهێنییەکانی حەماس، چۆنیەتی بیرکردنەوەو پلاندانانی سەرکردایەتی حەماس دەردەخەن، ئیسرائیلییەکان دەڵێن دوای هێرشکردنە سەر ناوەندی فەرماندەیی بزووتنەوەی حەماس لەخان یونس لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا ئەو کۆنووسانەیان دۆزیوەتەوە.
گرنگترین ئەم خاڵانە لخۆدەگرێت:
*پلانی هێرشی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ زیاتر لەدوو ساڵە پلانی بۆ دانراوە.
*یەحیا سەنوار ناوی “هێرشی گەورە”ی وەک هێمایەک لەکۆنووسەکەدا هێناوە.
*حەماس پلانی هێرشێکیی هێندە گەورەی داڕشتووە کە سەنوار پێی وابوو شەڕێکی ناوچەیی لێدەکەوێتەوە کە دەبێتە هۆی داڕوخانی ئیسرائیل!
*بە پێچەوانەی ئەوەی باوەڕی پێدەکرا، تۆمارەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردەکانی حەماس ئیسماعیل هەنیەیان لەم "پرۆژە گەورە"یە ئاگادار کردووەتەوە.
*هەروەها لەکۆنووسەکەدا باس لەوە کراوە کە حەماس لەمانگی تەمموزی ٢٠٢٣دا ئێرانی ئاگادار کردووەتەوەو بەرپرسێکی ناردووە کە لەگەڵ فەرماندەیەکی باڵای ئێران لەلوبنان کۆبووەتەوەو لە سەرەتای هێرشەکەدا داوای هاوکاری کردووە بۆ لێدانی شوێنە هەستیارەکان.
*کۆنووسەکە ئەوە ئاشکرا دەەکات کە جێگری سنوار، خەلیل حەیە لەگەڵ محەمەد سەعید ئازادی لە سوپای پاسداران کۆبووتەوە، کە دواتر ئیسرائیل لەهێرشەکەیدا بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لەدیمەشق کوشتی. لەکۆنووسەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حەیە پلانی هێرشەکەی خستووەتە بەردەم ئازادیو بەنیازی ئەوە بووە بیخاتە بەردەم نەسروڵڵا، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ ئەوەی ئاماژە بهۆکارەکەی بکرێت دواخراوە.
ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە، “پلاندانان و بڕیاردان و ئاڕاستەکردنەکە تەنها لەلایەن باڵی سەربازیی حەماسەوە ئەنجامدرا بێت کە بنکەکەی لەغەززەیەو هەر پاگەندەیەکیش کە هەوڵی بەستنەوەی بەئێران یان حزبوڵاوە بدات بەدرۆ دەخاتەوە – بەهەر شێوەیەک - بە بەڵگەنامەی هەڵبەستراو ناودەبات".
*لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا هاتووە کە بڕیاری هێرشکردنەکە بەشێکی بەئامانجی تێکدانی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ پڕۆژەی هاوکاری سعودیەو ئەمریکاو هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل دراون.
*بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەکۆنووسی ١٠ کۆبوونەوەوە دەستکەوتون ئەمە پلاندانانی نهێنی گروپێکی بچووکی سەرکردە سیاسیو سەربازییەکان بووە.
کۆنووسەکە ٣٠ لاپەڕە لەوردەکاری نهێنی لەبارەی شێوازی کارکردنی سەرکرادایەتی حەماسو ئامادەکارییەکانی هێرشکردنەکە لەخۆدەگرێت.
• هێرشی ئەم “پرۆژە گەورە”یە پلانی بۆ دانرابوو لەپایزی ساڵی ٢٠٢٢ ئەنجام بدرێت، بەڵام حەماس ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو دواخست بەهیوای ڕازیکردنی ئێران و حزبوڵا بۆ بەشداریکردن.
• بۆ یەکەمجار لەکۆنووسی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢دا ئاماژەیەک بە ئۆپەراسیۆنەکە کرا، واتە نزیکەی دوو ساڵ پێش جێبەجێکردنی: سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس باسیان لەپێویستی دوورکەوتنەوە لەشەڕ و پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان کرد بۆ ئەوەی ئیسرایلییەکان فریووبدەن.
• حەماس ئیسرائیلی هەڵخەڵەتاند بەدوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەورە لەگەڵیدا بۆ ماوەی دوو ساڵ، کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر بکاتە شتێکی چاوەڕوان نەکراو. وەک لەکۆنووسەکەدا هاتووەە، “دەبێت دوژمن باوەڕ بەوە بکات کە حەماس لەغەزە ئارامی دەوێت".
•لە کۆنووسی کۆبوونەوەیەکی مانگی نیسانی 2022، سەرکردەکان ڕازی بوون بەوەی کە زۆربەی مانگی ڕەمەزان بەبێ پێکدادان تێپەڕێت بە مەبەستی “شاردنەوەی نیازەکانیان”و دیزە بدەرخنەکردنی (پرۆژە گەورەکەمان)، حەماس خۆی لە پێکدادانەکە بەدوور گرت، دوای ئەوەی جوولەکە توندڕەوەکان دواتر لەشاری قودسی کۆن ڕێپێوانێکی ئیستفزازییان ئەنجامدا.
•لە کۆنووسی کۆبوونەوەکەی حوزەیرانی 2022، سەنوار فەرمانی پێکردن تا چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکە پلانەکان لەچەکدارە پلە خوارەکانی حەماس بەنهێنی بهێڵنەوە.
• حەماس لەئەیلوولی ٢٠٢٢ بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بداتو دواتر پاشەکشەی کرد، چونکە هیوای خواست ئێرانو حزبوڵا بەشداری بکەن.