میدیاکانی ئیسرائیل وردەکاری نوێ لەبارەی ھێرشە درۆنیەکەی حزبوڵڵا ئاشکرا دەکەن
  2024-10-14       458       

میدیاکانی ئیسرائیل وردەکاری نوێیان سەبارەت بەپڕۆسەی بەئامانجگرتنی کەمپی مەشقی سوپای ئیسرائیل لەشاری بینیامینە لەشاری حەیفا لەباکوری ئیسرائیل ئاشکراکرد کە لەئەنجامدا کوژران‌و برینداربونی دەیان کەسی لەڕیزەکانی سوپای ئیسرائیل لێکەوتەوە.

ئاوێنە: حزبوڵڵا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "پڕۆسەی هەڵدانی پۆلێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژییان لەکەمپێکی مەشق‌و ڕاهێنان بۆ لیوای گۆڵانی لەبینیامینە لەباشوری هەیفا ئەنجامداوە".

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هەیۆم" ڕایگەیاندوە، "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەناوچەی بینامین، لەسەر باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی کەوتوەتە خوارەوە، بەبێئەوەی هیچ زەنگی ئاگادارکردنەوەیەک لەکاتی ڕوداوەکەدا کارابکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزی ئاسمانیی ئێستا هەوڵدەدات بەدواداچون بۆ ڕێڕەوی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بکات‌و تێبگات بۆچی هیچ هۆشدارییەک کارانەکراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، حزبوڵڵا لەکاتی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەدا پڕۆسەیەکی فێڵکردنی ئەنجامداوە.

سوپای ئیسرائیل لەئەگەری ئەوە دەکۆڵێتەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە پێشئەوەی لەشوێنی ئامانجەکەی بتەقێتەوە، یەک یان چەند موشەکێکی ئاراستەی شوێنەکە کردبێت.

حزبوڵڵا خاوەنی ئەم جۆرە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، بەوپێیەی پێشتر بەڵگەنامەی بەئامانجگرتنی شوێنی سەربازی ئیسرائیلی میتولا بەفڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر کە بەموشەکی S5 تەیارکراوە، لەناوەڕاستی مانگی ئایاردا بڵاوکردەوە.

ئیسرائیل هیوم باسی لەوەکردوە، به‌گوێره‌ى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلوبنانەوە بۆ سنوری ئیسرائیل پەڕیونەتەوە، یەکێکیان لەکەناراوەکانی کریوت لەحەیفا ڕێگری لێکراوە، ئەوی دیکەشیان دۆزراوەتەوەو لەڕاستیدا شوێ پێىی گیراوە، بەڵام دواتر لەڕادارەکان بزربوە، چونکە لەبەرزایییەکی نزمدا فڕیوە،  لەئەنجامدا هیچ ئاگادارکردنەوەیەک چالاک نەبوە پێشئەوەی ئامانجەکە بپێکێت.

شایەتحاڵەکان بەئیسرائیل هایۆمیان ڕاگەیاندوە، فڕۆکەکەیان بینیوە کە لەبەرزایییەکی نزمدا فڕیوە، پێشئەوەی تەقینەوەکە ڕوبدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×