وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی رایگەیاند، رێگە بە هیچ لایەك نادەن ئاسمانی وڵاتەكەیان پێشێل بكات.
ئاوێنە: ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە عەمانی پایتەخت لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوەوەو رایگەیاند، ئوردن نابێتە مەیدانی شەڕ بۆ هیچ كەسێك و رێگەش نادات هیچ لایەنێك سەروەری و ئاسمانی وڵاتەكەی پێشێل بكات و ئاسایشی هاوڵاتیانی بخاتە بەردەم هەڕەشە.
هەر لە كۆبونەوەكەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران وتویەتی، پێویستمان بە دەستپێشخەرییەكی بەكۆمەڵی وڵاتانی ناوچەكەیە بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی جەنگ.
بەرلەوە وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شا عەبدوڵای دوەم پاشای ئوردنیش كۆبوەوە.
هاوكات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، ئوردن و ئێران لە كۆبونەوەكانیاندا تاوتوێی پێداچونەوەی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان و دۆخی ناوچەكەیان كردوەو جەختیان لە "پێویستی راگرتنی تاوان و دەستدرێژییەكان"ی ئیسرائیل كردۆتەوە "لەپێناو پاراستنی ئاشتی لە ناوچەكە."
وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی ئەو گەشتە نوێیەیدا كە بۆ وڵاتانی ناوچەكە دەستی پێكردوە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە سەردانی میسر بكات و لەدوای ئەوەش سەردانی توركیا بكات.