مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە، ئەو پزیشكەی كە ناوەڕاستی ئەم مانگە تەرمەكەی لەنێو ژورەكەی خۆی لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر دۆزرایەوە رایگەیاند، پارێزگاری هەولێر دڵنیای كردونەتەوە كە لێكۆڵینەوەیەكی عادیلانە لەبارەی كەیسی گیانلەدەستدانی كوڕەكەی دەكرێت و لە كوێ پێویستیش بكات سەرۆكی حكومەت ئاگادار دەكەنەوە.
ئاوێنە: مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا وتی، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەوە دڵنیای كردونەتەوە كە بۆ بەڕێوەچونی لێكۆڵینەوەیەكی عادیلانەی كەیسی كوڕەكەی ئامادەن بەهەمو شێوەیەك پشتگیری بكەن و لەكوێ پێویستیش بكا مەسروربارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداردەكەنەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئامانجی ئێمەش هەرئەوەیە كە هەر كەس لەمەرگی ناوادەی كوڕەكەم كەمتەرخەمی هەبوە، بەسزای یاسایی و عادیلانەی خۆی بگات، تا ڕۆحی دكتۆرە دڵسۆزەكەی ڕێبازی بارزانیش لەگۆڕەكەیدا بسەكنێ و ئاسودە ببێت و ئێمەش بەوەی كە لەچارەنوس و پاراستنی گیانی ڕۆڵەكانمان وەك باوك بەرپرسیارین، ویژدانمان ئاسودەبێت و لای خوداو خەڵك شەرمەزار نەبین."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە شەوی رابردو مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە، لە پەیامێكدا رەتیكردەوە كە كوڕەكەی بە جەڵتە گیانی لەدەستدابێت و وتی "خەڵكینە كوڕەكەمیان كوشت، كوشتیان و خەریكن وەك چەندین تاوانی تر سیناریۆی بۆ دەهۆننەوە...بۆ خاتری خوا وەرنە هانامان."
رۆژی 15ی ئەم مانگە تەرمی پزیشكێك بەناوی "ئەندێشە مەریوان فەتحی" تەمەن 30 ساڵ، کە پزیشکی پایە بڵندی سڕکردن بو، لەنێو ژورەکەی خۆی لەناو نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر دۆزرایەوە. هەر ئەو رۆژە یەكێك لە خزمەكانی رایگەیاندبو كە لە پزیشكی دادی هەولێر پێیان وتون، هۆكاری گیانلەدەستدانی د. ئەندێشە "جەڵتە" بوە بەڵام پێیان نەوتون كە جەڵتەی دڵ بوە یان مێشك.