وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ فواد حسێن: ئاسایشی عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی سوریا
  2024-12-30       324       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، وەزیرە سورییەكە جەختی كردەوە كە ئاسایش و ئارامی عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایش و ئارامی سوریا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، فواد خسێن، وەزیری دەرەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا ئەنجامداوە.

لە سەرەتای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا فواد حسێن پیرۆزبایی لە شیبانی كردوە بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی سوریاو ستایشی بایەخدانی بە نێردەی دیپلۆماسی عێراق لە دیمەشق كردوە.

فواد حسێن پێزانینی خۆی دەبڕیوە بۆ هەوڵەكانی لایەنی سوری لە پاراستنی نێردەی دیپلۆماسی عێراق لە دیمەشق و جەختیشی لە پەرۆشی عێراق كردۆتەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم كارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەكەی بۆ دیمەشق لەپێناو بەردەوامیدان بە كارەكانیان.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردو وەزیرەكە تاوتوێی ئەو پرسانەیان كرد كە جێی بایەخی هەردولان و جەختیشیان لەوە كردەوە كە سەقامگیری و ئاسایش هەردو وڵات پەیوەستن بەیەكەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەسعەد شیبانی وتویەتی، ئاسایش و ئارامی عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایش و ئارامی سوریا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، فواد خسێن باسی لە جوڵەكانی ئەم دواییەی چەكدارانی داعش لە سنوری هاوبەشی نێوان هەردو وڵات كردوەو جەختی لە گرنگی پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات كردۆتەوە بۆ روبەڕوی ئەو هەڕەشانە و لای خۆیشییەوە وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا، ئامادەیی لایەنی سوری دەربڕیوە بۆ هەماهەنگی تەواو لەگەڵ عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو گروپانەو رێگری لێكردنیان لە بونە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەردو وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×